به‌رپرسێکی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: هیچ کارێکی فه‌رمی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان ئه‌نجام نه‌دراوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- لیوا قاره‌مان که‌مال جێگری هه‌یئه‌ی ئه‌رکان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاشکرای ده‌کات وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ داوای کردووووه‌ ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش له‌ که‌رکووک و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان دروست بکرێت و هاوپه‌یمانانیش پێیان باشه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێکبکه‌وین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان به‌ڵام تاکوو ئێستا هیچ کارێکی فه‌رمی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌.

کوردپرێس- لیوا قاره‌مان که‌مال له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ "ئاژانس" سه‌باره‌ت به‌ گۆڕانکاری له‌ پۆسته‌کانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هاوکاریی هاوپه‌یمانان ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: گۆڕانکاری له‌ ٦٠ پۆستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا ده‌کرێن و به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ هاوکاریی هاوپه‌یمانان هاوکاریی پاره‌ هه‌ر ماوه‌ به‌ڵام هاوکاریی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی وه‌ک جاران نه‌ماوه‌.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ جووڵه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان ده‌شڵێت: تا ئێستا هیچ ڕێكکه‌وتن و هه‌ماهه‌نگییێک نییه‌ له‌ نێوان وه‌زاره‌تی دیفاعی عێراق و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا بۆ جووڵه‌پێكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و ده‌بێت وه‌زاره‌تی دیفاع به‌ ڕه‌سمی داوا له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بكات و یه‌كێكیش له‌ داواكارییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی ئۆپراسیۆن و هێزی هاوبه‌شه‌ له‌و ناوچانه‌.

لیوا قاره‌مان که‌مال سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک جارانی پێشوو ده‌بێت یان نا وتیشی: پاش ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق داوا له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئالییه‌تێک بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌، به‌پێی ئالییه‌تێك گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ ده‌بێت به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ به‌و حه‌جمه‌ زۆره‌ی پێشوووه‌وه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ و جارێ هیچ شتێكی ڕه‌سمیش نییه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ ئایا حکوومه‌تی عێراق ڕێگره‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ یان مه‌رجی هه‌یه‌ گوتی: وا پێئه‌چێ ڕێگر بێت له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ره‌ڕای داواكاری هاووڵاتییانی ئه‌و ناوچانه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ تا ئێستا حكوومه‌تی عێراق موخاته‌به‌ی نه‌كردووین و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات که‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان هیچ ڕێککه‌وتنێکیان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان نه‌کردوووه‌ و هاوپه‌یمانان به‌ لایانه‌وه‌ گرنگه‌ که‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێکبکه‌وین.

لیوا قاره‌مان که‌مال سه‌باره‌ت به‌ ئاڵوگۆڕه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕاشی‌گه‌یاند: ئاڵوگۆڕه‌كان فه‌رمانیان بۆ ده‌رچوووه‌ و له‌ جێبه‌جێكردندایه‌ و هه‌موو شوێنه‌كان یه‌كه‌ی 70 و 80 و وه‌زاره‌تیشی تێدایه‌ و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ سێ جۆرن، كۆمه‌ڵێک ئه‌فسه‌ر له‌ یه‌كه‌كانی 70 و 80وه‌ دێنه‌ ناو وه‌زاره‌ت و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، هه‌ندێک ئه‌فسه‌ر له‌ ناو وه‌زاره‌تدا شوێنه‌كانیان ده‌گۆڕدرێت، گۆڕانكارییه‌كانیش به‌ دوو سه‌به‌ب كراون، هه‌یه‌ ماوه‌یێكی زۆره‌ له‌ مه‌نسه‌بێكدایه‌ و پێویستی به‌ گۆڕانكارییه‌، هه‌یشه‌ پله‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌نسه‌به‌كه‌یدا ناگونجێت و باسی ئه‌وه‌ش ناکه‌م چ پۆستێک ده‌گۆڕدرێت به‌ڵام زیاتر له‌ 60 پۆسته‌ و ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی هاوپه‌یماناندا نییه‌ بۆ هاوکاریی ڕێکخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ڵکوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ خۆی ده‌یکات.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ هاوكاریی هاوپه‌یمانان له‌ ڕووی چه‌ک و پاره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات هاوكاریی هاوپه‌یمانان به‌پێی پێداوستیی شه‌ڕه‌ به‌ڵام به‌ نیسبه‌ت پاره‌كه‌وه‌ جیاوازه‌. تا ئێستا پاره‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وامه‌ و هاوكاری به‌ شێوه‌ی قه‌تعی نه‌وه‌ستاوه،‌ هاوكاریی ته‌دریب به‌رده‌وامه‌، هاوكارییه‌ لۆجستییه‌كان وه‌كوو چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و پێداویستیه‌كانی‌تر وه‌كوو جاران نییه‌ و هاوپه‌یمانانیش نه‌یانوتوووه‌ ڕامانگرتوووه‌ و هیچ وڵاتێک هاوكارییه‌كانی ڕانه‌گرتوووه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ سه‌باره‌ت به‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ی لیوا تێکه‌ڵه‌کان ده‌ڵێت: ته‌نها لیوای نۆ ماوه‌ ئه‌ویش په‌یوه‌ندیی به‌ شوێنی لیواكه‌وه‌یه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16053

Your Comment

You are replying to: .
captcha