دۆخی ئه‌منیی كه‌ركووک مه‌ترسیداره‌ و پارێزگاری شاره‌كه‌ش داوای هێزی زیاتر ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دوای ئه‌وه‌ی به‌مدواییانه‌ دۆخی ئه‌منیی شاری كه‌ركووک و ده‌وروبه‌ری مه‌ترسیدار بوووه‌ و ڕۆژانه‌ چه‌ندین كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و هیرش و رفاندن روو ده‌ده‌ن پارێزگاری به‌وه‌کاله‌تی که‌رکووک داوای ڕه‌وانه ‌كردنی هێزی زیاتر له‌ حكوومه‌تی به‌غدا ده‌کات ئه‌وه‌ش بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایییه‌ ئه‌منییه‌ی كه‌ له‌و شاره‌ دروست بوووه‌‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 27ی حوزه‌یران له‌ به‌یاننامه‌یێكدا نووسینگه‌ی ڕاكان سه‌عید جبووری ڕاشی‌گه‌یاندوووه‌: پێویسته‌ ژماره‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ که‌رکووک زیاتر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یێكی گشتگیر بڵاوه‌یان پێبكرێت و ڕێگری له‌ تیرۆریستان بكرێت.

له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ژماره‌یێک كرده‌وه‌ی رفاندن و كوشتن له‌ باشووری که‌رکووک ڕووی دا و سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقیش ئه‌و كرده‌وانه‌ی به‌ تاوانی تیرۆریستی وه‌سف كرد.

دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و هێرشه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ که‌رکووک و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بۆشاییێكی ئه‌منی له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان دروست بوووه‌ و لایه‌نه‌كان داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن.

هه‌ر له‌باره‌ی تێكچوونی دۆخی ئه‌منی له‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم موزاحم حوێت وته‌بێژی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كان له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی كوردستان 24 هۆشداری له‌ ئه‌گه‌ری ڕوودانی "كاره‌ساتێكی گه‌وره‌" له‌و ناوچانه‌ی دا و به‌رپرسیارێتی تێكچوونی دۆخی ئه‌منی له‌و ناوچانه‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی.

موزاحم حوێت وته‌بێژی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كان دووپاتی كرده‌وه‌ "ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركووک، داقووق، خورماتوو، خانه‌قین، ده‌شتی نه‌ینه‌وا و رۆژئاوای دیجله‌ روو ده‌دات كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه‌."

هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌نجامدانی تاوانی گه‌وره‌، دانانی بازگه‌ی وه‌همی و هێرشه‌كانی چه‌كدارانی ڕێكخراوی داعش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌ تایبه‌تیش بۆ سه‌ر گونده‌ كوردییه‌كان ئێمه‌ به‌ سزادانی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌زانین." حوێت په‌نجه‌ی تۆمه‌تی داڕووخانی دۆخی ئه‌منیی ئه‌و ناوچانه‌شی بۆ كه‌مته‌رخه‌میی حكوومه‌تی به‌غدا درێژ كرد و به‌ حكوومه‌تی ماوه‌به‌سه‌رچوو وه‌سفی كرد.

وته‌بێژی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم گوتیشی: "ڕۆژ به‌ ڕۆژ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم سزا ده‌درێن و هێرشی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ ڕوو له‌ زیادبوون ده‌كه‌ن." ناوبراو دووپاتیشی کرده‌وه‌ "هۆزه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ به‌رامبه‌ر به‌و دۆخه‌ ده‌سته‌وه‌ستان نابن و هه‌وڵه‌كانیان بۆ دووباره‌ گه‌راندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ چڕ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێشتر ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی له‌ پاراستنی ئه‌و ناوچانه‌ و پارێزگاری كردن له‌ پێكهاته‌كانیدا هه‌بوو."

حویت ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد "دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم داعش له‌و ناوچانه‌ ده‌ستی به‌ رێكخستنه‌وه‌ی ریزه‌كانی كردوووه‌ و چه‌ندین تاوانیشی ئه‌نجام داوه‌. دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هاتنی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، حه‌شد ده‌ستی به‌ بازرگانی له‌گه‌ڵ سووریا كردوووه‌ و باجێكی زۆریشیان خستۆته‌ سه‌ر هاووڵاتییان."

حوێت تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ئێستا له‌و ناوچانه‌ روو ده‌دات خستیه‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ به‌ گوته‌ی خۆی كاتێک كه‌ ناوچه‌كانیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ كۆنترۆڵ كرابوون‌ ئاسایش باڵی به ‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌دا كێشابوو.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16032

Your Comment

You are replying to: .
captcha