نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ کونسووڵی میسر کۆ بووەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسووڵی تازەی میسر لە هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و هەردوولا باسیان لە پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌كان کرد و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقیان تاووتوێ كرد.

کوردپرێس:

رۆژی چوارشه‌ممه 27-6-2018، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازیی له تامر الملیجی، كونسووڵی كۆماری میسری عه‌ره‌بی له هه‌رێمی كوردستان كرد.

سه‌رۆكوه‌زیران نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی له الملیجی كرد كه ماوه‌یێكه وه‌ك كونسووڵی میسر له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كاربووه و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست و پشتگیریی لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تی بۆ سه‌رخستنی كاره‌كانی ده‌ربڕی.

لەبەرامبەردا، كونسوولی میسر وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵی به ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك كونسووڵی وڵاته‌كه‌ی له هه‌رێمی كوردستان، هیواى خواست بتوانێت په‌ره‌ى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌ریمى كوردستان بدات.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، باس له په‌یوه‌ندییه مێژووییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و میسر و چۆنیه‌تیی پته‌وكردنیان له بواره‌كانی رۆشنبیری، بازرگانی، ئابووری و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌دا به‌گشتی كرا، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە كه ئاسۆیێكی روون هه‌یه و دۆخه‌كه به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات.

هه‌ردوولا پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقیان تاوتوێ كرد، نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ى به‌وه دا كه هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق هاوكار ده‌بێت.

News Code 16027

Your Comment

You are replying to: .
captcha