کوردپرێس:
لە ماوەى ڕابردوودا بەشێک لە لایەنەکان بەتایبەت شەش لایەنە ناڕازییەکە چەندینجار جەختیان لەسەر پێکهێنانى هاوپەیمانیەتییەکى فراوان دەکردەوە بەرامبەر پارتى و یەکێتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەڵام بۆ دروستکردنى ئەو هاوپەیمانێتییە نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێک.
دواى بێهیوابوونیان لە پێکهێنانى ئەو هاوپەیمانێتییە هەریەکە لە یەکگرتوو و بزوتنەوەى ئیسلامى و حزبى شیوعى بەرەى شەش لایەنەکەیان بەجێهێشت و هاوپەیمانیەتییان لەگەڵ چەند لایەنێکى دیکە پێکهێنا.
پێشتر شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ، بانگەوازى بۆ لایەنەکانى دەرەوەى پارتى و یەکێتى کرد بۆ کارکردنى پێکەوەیى و دروستکردن و پێکهێنانى هاوپەیمانێتی لەپێناو گۆڕینى دۆخى هەرێمى کوردستان و دوورخستنەوەى پارتى و یەکێتى لە دەسەڵات.
هەروەها ڕاشیگەیاند، هەر لایەنێک بۆ کارى پێکەوەیى نەهاتە پێشەوە ئەوا ژینگەیەک دروستدەکات کە هەمیشە پارتى و یەکێتى تییادا یەکەم بن.
بەشێک لە چاودێرانى سیاسى پێیانوایە ئەو لایەنانە بەهۆى بەرژەوەندییە حزبییەکانیان نەیانتوانى لەسەر بەرەیەکى هاوبەش و پێکهێنانى هاوپەیمانێتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ڕێکبکەون و بەرامبەر پارتى و یەکێتى بوەستنەوە.
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەو لایەنانە بەو ناکۆکى و پەرشوبڵاوییەی ئێستا هەیانە دەبنە هۆى مانەوەى پارتى و یەکێتى لە دەسەڵات و جارێکى تر دەرفەت دەدەنەوە ئەو دوو لایەنە درێژە بە شێوازى حکومڕانییەکەیان بدەن.
ڕۆژى سێشەممە لە پانێڵى "چی بکەین بۆ داهاتوو" کە لە شارى سلێمانى بەڕێوەچوو، حاکم شێخ لەتیف ئەندامى پێشووى پەرلەمانى عێراق ڕەخنەى لە لایەنەکان گرت کە پێکەوە کارى هاوبەش ناکەن.
هەرچەندە لە ٢٠ى ئەم مانگە وادەى تۆمارکردنى هاوپەیمانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کۆتایی دەهات بەڵام لەسەر داواى چەند لایەنێکى سیاسى بەو ئامانجەى بتوانن هاوپەیمانێتى دروستبکەن کۆمسیۆن دوو جار ئەو وادەیەى درێژکردەوە.
لە ئێستادا تەنها سێ هاوپەیمانێتی پێکهێنراون ئەوانیش "بەرەو ئیسڵاح" کە پێکهاتووە لە یەکگرتووى ئیسلامى و بزوتنەوەى ئیسلامى، "لیستی سەردەم" پێکهاتووە لە حزبى سۆسیالیست و پارتی کرێکارانی ڕەنجدەران و یەکێتى نەتەوەیی کوردستان، هەروەها "لیستى یەکێتى نەتەوەیی" لەلایەنە مەسیحییەکانەوە پێکهێنراوە و پێکهاتووە لە ڕەوتی شلاما و بەیتی نەهرەین و یەکێتی نەتەوەیی کلدان.
بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلولی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و لەئێستاشدا باس لە هەوڵێک دەکرێت بۆ دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە، بەڵام تائێستا کۆمسیۆن و لایەنە سیاسییەکان لە خۆئامادەکردندان بۆ ئەو هەڵبژاردنە.
Your Comment