بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەیاد عەلاوی لە كۆبوونەوەیێكیدا لەگەڵ دۆگڵاس سڵیمان، باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراق داوای كردووە پەلە بكرێت لە جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار بەو شێوەیەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لەبارەوە داوە.
عەلاوی هۆشداری داوە لە جێبەجێ نەكردنی ئەو بڕیارە وەک خۆی و پێشێل كردنی دەستوور، پڕۆسەكە بە بنبەست دەگەیەنێت.
سەرۆكی ئیئتیلافی وەتەنییە داواشی كردووە، سەرجەم پێداویستییەكانی ئاسان و خێرا بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان دابین بكرێن، بۆ ئەوەی دەرئەنجامەكان پاک و ڕاستەقینەبن و دووربن لە یاری پێكردن و ساختەكاری.
6ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا لەسەدا 100ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار بەدەست هەژمار بكرێنەوە و 21ی ئەم مانگەش دادگای فیدراڵی عێراق رایگەیاند: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتی بە پەیڕەوی ناوخۆ بەستووە بۆیە بڕیاری ژماردنی دەستی بۆ دەنگەكان دەستورییە.
بەڵام ئەنجومەنی نوێی كۆمسیاران كە لە 9 دادوەر پێكهاتووە، بڕیاری داوە بە ژماردنەوەی دەنگی تەنها ئەو ناوەندانەی كە سكاڵایان لەبارەوە تۆماركراوە.
سەرچاوە: بەغداد ئەلیەوم
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment