کوردپرێس:
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ڕۆژی سێشەمە 14ی 4ی 2021 بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کرد لە حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاریی شاری کەرکووک و ئەو کێشانەی رووبەڕووی دانیشتوانەکەی دەبێتەوە گفتوگۆ کرا.
لە دیدارەکەدا سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری شاری کەرکووک و ئەو کێشانەی رووبەڕووی دانیشتوانەکەی دەبێتەوە و پێویستی بەهێزکردنی ئاسایش و ئارامی کەرکووک و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی گفتوگۆی لەبارەوەکرا.
لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لەگرنگیی بەهێزکردن و پاراستنی پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی شاری کەرکووک بە گوێرەی دەستوور و پشتیوانی کردن لە دیالۆگی نێوان پێکهاتەکان و خستنەگەڕی هەموو هەوڵەکان بۆ باشترکردنی دۆخ و گوزەرانی خەڵکی شارەکە و تێپەڕاندنی مەینەتی و ئاستەنگەکان دور لە پەراوێزخستن و جیاکاری و چارەسەرکردنی کێشەکان بەخواستی خەڵکی رەسەنی شاری کەرکوک.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق بەگرنگییەوە باسی لە پێویستی کۆتایهێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان و کەمکردنەوەی مەینەتی کەرکوکییەکان کرد، ھاوکات رایگەیاند، کەرکوک شارێکی دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی، بۆیە گرنگە گشت سەرچاوە و تواناکان بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی خەڵکی رەسەنی کەرکوک بێت، ھەروەھا جەختیشیکردەوە لە پێویستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەلامەتی ھاوڵاتیانی کەرکوک و رێگریکردن لە تیرۆریستان و ھەموو ئەوانەی هەڕەشەن بۆ سەر ئارامی شارەکە.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح پیرۆزباییی لە حەسەن تۆران کرد بە بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی بەرەی تورکمانی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەی بۆ خواست، لەبەرامبەردا حەسەن تۆران سوپاسی سەرۆک کۆمار کرد، ھەروەھا پشتیوانی سەرۆک کۆماری بۆ چارەسەری کێشەکان و چەسپاندنی پێکەوەژیان لە کەرکوک بەرزنرخاند.
Your Comment