ئێستایش کازمی باشترین دۆستی پارتی و یەکێتییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بێگومانە لەوەی کە  حکوومەتی عێراق ئامادە نییە راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت و دەشڵێت: تا ئەم ساتە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق باشترین دۆستی پارتی و یەکێتییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک سەبارەت بەو هەڵمەتەی هەیە کە داوادەکرێت حکوومەتی عێراق راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، وتوویەتی "من تەمەننام دەکرد، حکوومەتی عێراق ڕاستەخۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی ناردبا! بەڵام ئەمە تەمەننایە بە ھەست و سۆز، نەک لێکدانەوەی وردی لۆجیکی! من دەزانم زۆرێک لەڕووی دڵسۆزییەوە بیر لەم ڕێگایە دەکەنەوە، بەڵام ترسی من ئەوەیە لە بری ڕێگا دروستەکە، بەم بابەتەوە سەرقاڵ بین و ساڵی ٢٠٢١ ببێتە ساڵی بێموچەیی."

وتووشیەتی"بیرکەوە تۆ شیعەیت و بڕیاربەدەستی! ئامادەی لە داھاتی نەوتی بەسرە پارە بنێریت بۆ مووچەی ھەرێم و دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم، خەریکی قاچاخی گومرگ بن و داھاتی نەوت ببەن بۆ خۆیان. بێگومان نەخێر."

هەروەها ئەوەشی وتووە "ڕەنگە بڵێیت با عێراق دەستبەسەر گومرگ و نەوت و خاڵی سنووریدا بگرێت و حکوومەتی ھەرێم ھەڵوەشێتەوە بۆ ئەوەی مووچە بدرێت. دڵنیابە لەوەی ھیچ کام لە حیزبەکانی کوردستان لەگەڵ ئەم بژاردە نین، بڕیار بەدەستەکانی عێراقیش ھەرگیز ئەم بژاردە تاقی ناکەنەوە."

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان وتوویەتی "بۆ زانینتان زۆر جار دەوترێ دۆسیەکان بنێرن بۆ کازمی، جگە لەوەی ئاگاداری دۆسیەی ئێرە و باشووریشە، دڵنیا بە تاوەکوو ئەم ساتە کازمی باشترین دۆستی پارتی و یەکێتیە، نەک ھەڵوێستێکی وا؛ ئامادەنییە لێدوانکیش بدات دژی گەندەڵی بەرپرسانی ھەرێم! چ جای بیەوێت دەسەڵاتیان لێوەربگرێت."

بەبڕوای عەلی حەمەساڵح "تاوەکوو ئەم ساتە کازمی تەنیا نمایش دەکات، بپرسن دوای چوونی بۆ باشماخ و ئیبراھیم خەلیل چی ڕویدا؟ گەندەڵی و قاچاخی زیادی کرد."

هەروەها لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا وتوویەتی "رەنگە ھەندێک کەس بڵێن، دەی کەواتە با سلێمانی خۆی ڕاستەخۆ مووچە وەربگرێت لە عێراق، دڵنیا بن یەکێتی ھەرگیز ئەمە ناکات و توند دەستی بەم حکوومەتەی ئێستاوە گرتووە."

سەبارەت بەوەی چارەسەر چییە، پەرلەمانتارەکەی گۆڕان رێگاچارەیەکی خستۆتەڕو کە پێی وایە"بەدەر لەم ڕێگایە، بیر لە ھەر چارەسەرێک بکرێتەوە، لە ڕێگا ڕاستەکە دورمان دەخاتەوە."

لەبارەی رێگارە چارەسەرە "دروستەکە"وە، وتوویەتی "ئەم مانگە یاسای بودجەی ٢٠٢١ دێتە پەرلەمانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم گەرەنتی بکرێت و لەبەرامبەریشدا ھەرێم ئامادەبێت، ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی لێوەربگیرێت و ٥٠٪ داھاتە فیدڕاڵیەکان بدات. پێویستە ئەوەی لە خەمی مووچەی خەڵکی کوردستانە دەنگ بەم بڕگەیە بدات."

عەلی حەمەساڵح پێی وایە "ئەمریکا و ھێزە نێودەوڵەتیەکانیش لەگەڵ ئەم بژاردەن."

هەروەها داواشی کردووە کە لەبەرامبەر ئەوەدا "ھەڵمەتێکی گەورە دژی ئەم قاچاخی گەندەڵیەی ناوخۆ بەرپابکەین".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 160

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha