شاندێكی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم کۆ بوونەوە

بەشی عێرا قو هەرێمی کوردستان- شاندێكی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا بەجیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆ بووەوە و جەختی کردووەتەوە، هاوکار دەبن بۆ جێبەجێ کردنی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له رامۆن بێكوا باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

لە کۆبوونەوەکەدا باس له‌و كێشه و گرفتانه كراوە كه له‌به‌رده‌م ده‌ست پێكردنی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق دروست بوون، لەو باره‌‌وه هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر په‌له‌كردن له چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌كان و ده‌ست پێكردنى گفتوگۆ بۆ دامه‌زراندنى حكوومه‌ت. رۆڵی كارا و كاریگه‌ریی لایه‌نه كوردستانییه‌كانیش له گفتوگۆكان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقدا دووپات كرایه‌وه.

بەپێی راگەیێندراوێکی حکوومەتی هەرێم، هاوكارییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له بواره‌كانی مرۆیی و به‌ره‌و پێشبردنی داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت له هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.

نێچیرڤان بارزانى هاوكارییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپاى له بواره‌كانی ئابووری، بازرگانی و سیسته‌می بانكی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به گرنگ وه‌سف كردووە تاكو لەو بوارانه‌دا سوود له پسپۆڕییان وه‌ربگیرێت.

هەر ئەمڕۆ شاندەکەی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی کوردستان کۆ بووەوە و هەردوولا دەڵێن حکوومەتی هەرێمى كوردستان و یەکێتیی ئەوووپا هاوئاهەنگ دەبن لەپێناو پێشخستنی هەنگاوەکانی چاکسازییە کارگێڕی و داراییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لەبارەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانه‌وه‌، قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە: چەند ساڵێکە چاکسازییەکان لە ئاستی جۆراوجۆر بەردەوامن، گرنگە یەکێتیی ئەورووپا بە کردەیی هاوکاربێت بۆ جێبەجێ کردنیان و بەرەو پێش بردنیان.

لە گفتوگۆکاندا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی هەرێمى كوردستان و یەکێتیی ئەورووپا بۆ پێویستی و بەروەپێش چوونی هەنگاوەکانی چاکسازیی کارگێڕی و دارایی لە هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە رەوشی سیاسی و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و رۆڵی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق گوتوویەتی "ئەگەر کورد یەکڕیز بن ئەوا دەتوانن رۆڵێکی گرنگ ببینن وکاریگەریی ئەرێنییان لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق دەبێت".

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 15993

Your Comment

You are replying to: .
captcha