کۆمه‌ڵ به‌ لیستی سه‌ربه‌خۆ له‌ ھه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان به‌شداری ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- كۆمه‌ڵی ئیسلامی چوونه‌ پاڵ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌و یه‌كگرتوو بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبه‌ش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: هیچ هاوپه‌یمانێتییێک له ‌نێوان لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كاندا ناكرێت و هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ جیا به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، یه‌كگرتوو و بزووتنه‌وه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كیان به‌ ناوی (به‌ره‌و ئیسڵاح) بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان تۆمار كرد و ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ پێشتر هه‌ر سێ لایه‌نی ئیسلامی (كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و بزووتنه‌وه‌) به‌نیاز بوون به‌ره‌یێكی ئیسلامی بۆ به‌شداری كردن له‌ هه‌ڵبژاردن دروست بكه‌ن.

سه‌لیم كۆیی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ڵێت: ئێمه‌ به‌شداری له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ نێوان بزووتنه‌وه‌ و یه‌كگرتوو پێكهێنراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ قسه‌شیان له‌گه‌ڵ كردووین به‌ڵام بۆمان نه‌گونجا به‌شداری بكه‌ین و ئه‌وانیش لیسته‌كه‌یان تۆمار كردوووه‌.

ناوبراو وتیشی: "ئه‌وان پێشتر هاوپه‌یمانێتییه‌كیان هه‌بوووه‌ و كۆمه‌ڵێک ڕێككه‌وتنیان له‌ نێواندا هه‌یه‌ به‌ڵام ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی تانه‌كانی به‌غدا ده‌كه‌ین و سه‌رباری ئه‌وه‌ش پێكهێنانی هاوپه‌یمانی له ‌نێوان چه‌ند لایه‌نێكدا پێویستی به‌ بیركردنه‌وه‌ هه‌یه."

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵ ده‌ڵێت: "ده‌ستخۆشیمان لێكردوون بۆ پێكهێنانی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ به‌ڵام له ‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌ش هه‌ر برای یه‌كترین و هاوكاری یه‌كتر ده‌بین.."

سه‌لیم کۆیی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد پێناچێت له‌ نێوان لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كانیشدا هیچ هاوپه‌یمانێتییێک بكرێت و هه‌ریه‌كه‌یان به‌ جیا به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15964

Your Comment

You are replying to: .
captcha