بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە دیداری نێوان فالح فەیاز و عەلی شەمخانیدا، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران ستایشی حکوومەت و گەلی عێراق کرد بەبۆنەی سەرکەوتنیان لە شەڕی دژبە تیرۆر کە زەمینەی خۆش کردووە بۆ پەرەپێدانی پێوەندیی ئابووری و بازرگانیی نێوان ئێرا و عێراق.
شەمخانی گوتیشی زۆرینەی ئەو قەیرانانەی لە ناوچەکەدا ڕوویان داوە پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیلە و گەلی عێراقیش سەلماندیان کە ئاسایشی گەل مامەڵەی پێوە ناکرێت و گەلی عێراق متمانە بە دەسەڵاتی بیانی ناکەن.
ئەو ڕاوێژکارەی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران سعوودیەی شوبهاند بە مانگای شیری و گوتی ئەمریکا کە شەریکی ستراتیژییانەی ئیسرائیلە سعوودیە دەدۆشێت کە بۆ واشەنتۆن هاتۆتە شیر؛ ئەوەش لە کاتێکدایە سعوودیە ئیدعای پێشەنگبوون دەکات لە ئایینی ئیسلام.
شەمخانی زیاتر گوتی: ئەمریکا پشتگیری تیرۆر دەکات و تەنانەت لەو پێناوەشدا هێرشی کردۆتە سەر هێزی چەکداری عێراقی و سووری بەڵام ئێران پاڵپشتی گەلی عێراق دەبێت بۆ دەستەبەر کردنی ئاسایشی ناوچەکە و گەلی عێراق ئەوەش بەبێ چاوەڕوانیی بەرانبەر.
لای خۆیشیەوە فالح فەیاز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی پشتگیری ئێرانی کرد لە شەڕی عێراق دژ بە تیرۆر و جەختی کردەوە عێراق ڕێگە بە هیچ وڵات یان هێزێکی بیانی نادات ناوچەکە نائارام بکات.
ناوبراو پێوەندیی نێوان ئێران و عێراقی بەهەند وەرگرت و پێداگریی کرد لە سەر فراوان کردنی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات لە ڕەهەندە جۆربەجۆرەکاندا بەتایبەتیش دوو کەرتی ئابووری و تەکنیکی.
Your Comment