کوردپرێس:
لە ڕاگەیەندراوێکدا نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی دووشەممە بڵاوی کردەوە، حەیدەر عەبادی پەیوەندییێکی تەلەفۆنیی لە مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە بۆ هاتووە و جەختی کردووە لە بەردەوامیی هاوکاری و پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ حکومەتی عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی وسیاسیی ناوخۆی وڵاتەکە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە وڵاتەکەی لەگەڵ عێراقێکی سەربەخۆ و گەشەسەندوو یەکپارچەدایە، ئەوەش وایکردووە کە واشنتۆن پشتیوانی لە حکومەتی عێراق بکات.
هاوکات ستایشی هەوڵەکانی حکوومەتی عێڕاقی کردووە لەسەر گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان و لەو ڕووەشەوە پشتیوانیی واشنتۆنی دووپات کردووە بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوە و پاراستنی کەمینەکان و گێڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان.
هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، کاری هەرە لە پێشینەی حکوومەت پاراستنی دەستکەوتەکان و بووژاندنەوەی ئابوری و خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێکەوتووەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیێک لە ئاست خواستی هاووڵاتییاندا بێت.
سەرچاوە: ئێن ئاڕ تی
Your Comment