هه‌ڵگرتنی چه‌کی بێ مۆڵه‌ت هۆکاری زیادبوونی تاوان له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر ڕای‌گه‌یاند: هه‌بوونی كێشه‌ و ململانێ له‌ ناوچه‌كه‌دا وای كردوووه‌ دیارده‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌ک له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ به‌ بیانووی جیاوازی هێزی چه‌كداری ڕوو له‌ زیاد بوون بكات و تا ئێستاش نه‌توانراوه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ كۆنتڕۆڵ بكرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 23ی حوزه‌یران عبدالخالق ته‌لعه‌ت له‌ كۆنگره‌یێكی رۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاند: هۆكارێكی دیكه‌ی دروست بوونی ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانن به‌ ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا و ئاماده‌ نه‌بوونی تاوانبار له‌ به‌رده‌م دادگا و یاسا و تاوانبار به‌ چاره‌سه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا ده‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ری دووباره‌ ئه‌نجامدانی تاوانی هه‌یه‌ .

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد "به‌رده‌وام لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كان و هه‌وڵی ده‌ستگیر كردنی تاوانباران ده‌ده‌ن و له‌ ئیستاشدا زیاتر له‌ هه‌زار و 650 تاوانبار له‌ گرتووخانه‌كاندان و له‌ سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوویش 6 تاوانبار ده‌ستگیر كراون و دانیان به‌ تاوانه‌كانیاندا ناوه‌".

به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر وتیشی: تا ئێستا نه‌توانراوه‌ دیارده‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌ک بنه‌بڕ بكه‌ن و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان به‌ یه‌كجاری مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌ک به‌ هاووڵاتیان نه‌هێڵن ته‌نها بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌بێت كه‌ حاڵه‌تی جیاوازیان هه‌یه‌.

ناوبراو ده‌شڵێت: له‌ ئێستادا تیمه‌كانی پۆلیس و ئاسایش شه‌وانه‌ له‌ گه‌ڕاندان و خه‌ڵكێكی زۆریش به‌ هۆی هه‌ڵگرتنی چه‌كه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15901

Your Comment

You are replying to: .
captcha