بێدەنگیی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ له‌ به‌رانبه‌ر سنووربه‌زاندنی تورکیا ده‌لاله‌ته‌ له‌سه‌ر ڕێککه‌وتنی ژێر به‌ ژێر

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جه‌بار یاوه‌ر گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێس کردوووه‌ و تێیدا بێده‌نگیی به‌غدا له‌ به‌رانبه‌ر جووڵه‌ی سه‌ربازی و سنووربه‌زاندنی تورکیا له‌ نێو خاکی عێراق و هه‌رێمی کوردستان به‌ ئاماژه‌ ده‌زانێت بۆ ڕێککه‌وتنێکی ژێر به‌ ژێر له‌ نێوان ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێراق و حکوومه‌تی تورکیا ئه‌گه‌رچی به‌رپرسانی باڵای به‌غدا چه‌ندین جار ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌یان ڕه‌ت کردۆته‌وه‌.

کوردپرێس- جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان گفتوگۆیێکی تێر و ته‌سه‌لی له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس کردوووه‌ که‌ ده‌قی دیمانه‌که‌ له‌ ڕۆژانی داهاتوودا بڵاو ده‌کرێته‌وه‌.

ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌شێکی دیمانه‌که‌دا سه‌باره‌ت به‌ هه‌واڵی جووڵه‌ی سه‌ربازیی تورکیا له‌ نێو خاکی عێراق و هه‌رێمی کوردستان به‌ کوردپرێسی وتوووه‌: بوردومان کردنی فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کان و تۆپخانه‌ی دوورهاوێژ به‌ به‌رده‌وامی و به‌ بێ وه‌ستان له‌ 2007وه‌ تا ئێستا هه‌یه و بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ 400 گوند له‌و ناوچانه‌ چۆڵ بکرێن و مه‌کته‌ب و قوتابخانه‌ و خه‌سته‌خانه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌کان ڕووخاون و به‌ گشتی زیانی زۆر له‌ ناوچه‌که‌ که‌وتوووه‌ ئه‌وه‌ش به‌ بیانووی بوونی هێزه‌کانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK).

ناوبراو به‌ دووری نازانێت له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕێککه‌وتن هه‌بێت له‌ نێوان ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ و حکوومه‌تی تورکیا و ده‌ڵێت: پێشتریش چه‌ندین جار ڕێککه‌وتن هه‌بوووه‌ له‌ نێوان عێراق و تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ به‌ یه‌کتری بده‌ن هێزه‌کانیان بێته‌ ناو سنووری یه‌کتر بۆ ڕاوه‌دوونانی هێزی په‌که‌که‌ به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون. ئێستاش ده‌بینرێت سه‌رۆک کۆمار و وه‌زیری به‌رگریی تورکیا ده‌ڵێن قه‌ندیل داگیر ده‌که‌ن و زۆر جار باسی مه‌خموور و شنگالیش ده‌که‌ن.

جه‌بار یاوه‌ر سه‌باره‌ت به‌ بێده‌نگیی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ به‌رانبه‌ر به‌و جووڵه‌ سه‌ربازییانه‌ی تورکیا و سنوور به‌زاندنی ئه‌و وڵاته‌ گوتیشی: "دیاره‌ پاراستنی سنووریش کارێکی سه‌روه‌رییه‌ و ئه‌رکی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێراقه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ جگه‌ له‌ هه‌ندێک لێدوان یان ڕه‌تکردنه‌وه‌ تا ئێستا هیچ ڕه‌تفێعلێکی به‌هێز له‌لایه‌ن حکوومه‌تی به‌غداوه‌ نه‌بینراوه‌ چ وه‌کوو شیکایه‌تی ڕه‌سمی له‌ داموده‌زگاکانی نێونه‌ته‌وه‌یی یان بانگهێشت کردنی سه‌فیری تورکیا یان خود داواکردن به‌ ده‌رچوونی ئه‌و هێزانه‌ بۆیه‌ پێده‌چێت ڕێککه‌وتن هه‌بێت له‌ نێوان هه‌ر دوو ده‌وڵه‌تدا."

ناوبراو زیاتر ده‌ڵێت: چه‌ندین جار لێپرسراوانی باڵا و به‌ تایبه‌ت لێپرسراوانی سه‌ربازی و ئه‌منیی هه‌ر دوو وڵاتی عێراق و تورکیا ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ دانیشتنیان ساز داوه‌ به‌ڵام له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ به‌رپرسانی باڵا ده‌ڵێن هیچ ڕێککه‌وتنێک بۆ هاتنه‌ژووره‌وه‌ی هێزی تورکیا نه‌بوووه‌ به‌ڵام به‌رپرسانی باڵای تورکیا جه‌خت ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێراق ئاگاداری ئه‌و بابه‌ته‌ن و ڕێککه‌وتنی له‌سه‌ر کراوه‌.

ده‌قی دیمانه‌که‌ی کوردپرێس له‌گه‌ڵ جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕۆژانی داهاتوو بڵاو ده‌کرێته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15885

Your Comment

You are replying to: .
captcha