یوسف محەمەد: درێژکردنەوەی ماوەی پەڕلەمانی عێراق نادەستوورییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت سەرەڕای ئەوەی بەهۆی ساختەکارییەکانەوە حاڵەتێکی تایبەت لە عێراق هەیە، خواستی درێژکردنەوەی پەڕلەمان نادەستوورییە.

کوردپرێس:

یوسف محەمەد، سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان بە (سپوتنیك)ی ڕوسی ڕاگەیاندووە، “سەبارەت بەو خواست و داواكارییانەی لە ئێستادا هەیە بۆ درێژكردنەوەی كاری پەرلەمانی عیراق تا چارەسەركردنی كێشەكان بۆچوونم وایە، كە ئەوە نادەستوورییە، سەرەڕای ئەوەی حاڵەتێكی تایبەت لە ئێستادا لە عیراق هەیە بەهۆی پڕۆسەی ساختەكارییەوە”.

یوسف محەمەد ئاماژەی بەوەش دا كە گونجان و هەماهەنگییێكی تەواو لەنێوان هەر سێ‌ دەسەلاتەكەی عیراق هەیە و دەشڵێت: “دەبێت ڕێكەوتن بكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو ساختەكارییەی لە هەڵبژاردن ڕووی دا”.

سەبارەت بە پەرلەمانی كوردستان جەختیشی كردۆتەوە، كە دژی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان بووم و تەنانەت بزووتنەوەی گۆڕان دژی درێژكردنەوەی وادەكەی بوون دوای ئەوەی ماوەی یاسایی خولەكە كۆتایی هات، هەروەها بۆ حكوومەتی هەرێم-یش.

دەشڵێت: “دەقێكی دەستووری عێراق هەیە بەتەواوی ڕێگری لە درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان دەكات”.

بەبۆچوونی یوسف محەمەد، كە سەرۆكی لیستی گۆڕان-ە لە سلێمانی بۆ پەرلەمانی عێراق، “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دادگای فیدڕاڵی بڕیاری خۆی دەركرد سەبارەت بە یاسایی بوونی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، جگە لە یەک مادەی ناو یاساكە، بۆیە پێویستە هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان دەست پێبكات لە سەرجەم پارێزگاكان”.

ناوبراو وتیشی، “ئەگەر سەلمێنرا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە سندووقەكان گۆڕدرا، ئەوا دەكرێت بە ڕێكەوتن هەڵبژاردن لە عیراق دووبارە بكرێتەوە”.

لە ماڵپەڕی "خەڵک" وەرگیراوە

News Code 15881

Your Comment

You are replying to: .
captcha