کوردپرێس:
ڕۆژی شەممە 23ی حوزەیران موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوپەیمانیی نێوان سائیروون و نەسری راگەیاند.
هاوکات حەیدەر عەبادی رایگەیاند "دووپات لە هاوپەیمانیی دووقۆڵیی نێوان سائیروون و نەسر دەکەینەوە لەژێر رۆشنایی ئەو بنەمایانەی بەڕێز سەماحەتی موقتەدا سەدر خوێندنییەوە. دووپاتی دەکەینەوە، ئەو هاوپەیمانییە دژبەر نییە لەگەڵ هیچ هاوپەیمانییێکی دیکە لە هاوپەیمانی ئەو دوو لایەنە لەگەڵ هەر کوتلەیێکی دیکەدا، بەڵکوو بەهەمان ئاراستە دەڕوات و لەسەر هەمان بنەما دەبێت".
عەبادی گوتیشی "لەسەر ئەو بنەمایە و دروستکردنی هاوپەیمانێتی سوورین و داوا لە لایەنەکانی دیکە دەکەین لەگەڵ ئەمە بن. داوای دانیشتنێکی سەرکردەکان دەکەین لەسەر ئاستێکی باڵای کوتلە سیاسییەکان، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی وڵات لەو قەیرانەی ئێستا رزگار بکەین، بەتایبەتی لەبارەی ئەژمار و جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردن".
لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەمڕۆ هاوپەیمانێتیی نێوانیان راگەیاند، عەبادی گوتی "لە یەکەم دیدارمان لەگەڵ سەماحەتی بەڕێز مەقتەدا سەدر هەمان قسەی ئەمڕۆم کرد، بەڵام دوامان خست بۆ ئەمڕۆ، تاوەکو گەڕێکی دیکەی دانوستاندن لەگەڵ کوتلەکانی دیکە بکرێت و ئەوکات رایبگەیێنین. ئەمڕۆ پێمان وابوو کاتە زۆر گونجاوە بۆ راگەیاندنی ئەو هاوپەیمانێتییە".
هاوپەیمانیی سائیروون بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر پێشتر لەگەڵ هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری هاوپەیمانێتیی راگەیاندووە. هەروەها لەگەڵ هاوپەیمانیی وەتەنییەی ئەیاد عەللاوی و رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عەممار حەکیم لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەیە.
Your Comment