ئه‌ردۆغان بڕوای به‌ چاره‌کردنی کێشه‌ی کورد نییه‌/ کێشه‌ی کورد له‌ تورکیا قورستر له‌وه‌ی ته‌نها به‌ کێشه‌ی زمان و فه‌رهه‌نگی بزانین

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- دوکتۆر باریش کاراگاچ پرۆفیسۆری زانکۆی ترێنتی که‌نه‌دایه‌ و له‌ دیمانه‌یێکدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری و په‌رله‌مان له‌ تورکیا و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی کورد و هه‌ڵوێستی ئه‌ردۆغان و لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا به‌رانبه‌ر به‌ کورد بۆ ئاژانسی کوردپرێس دواوه‌.

کوردپرێس- باریش کاراگاچ پڕۆفیسۆری زانکۆی ترێنتی که‌نه‌دا له‌ گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس وتوویه‌تی: کێشه‌ی کورد له‌ تورکیا قورستر له‌وه‌یه‌ ته‌نیا به‌ کێشه‌ی زمان و فه‌رهه‌نگی بزانین به‌ڵکوو ئه‌و کێشه‌یه‌ پێوه‌ندیی به‌ داوای مافی یه‌کسان له‌گه‌ڵ تورک هه‌یه‌. ئه‌ردۆغان به‌ دوای چاره‌سه‌ر کردنی پرسی کورد نییه‌ و شتێکی بۆ ئاراسته‌ کردن به‌ کورده‌کان به‌ ده‌سته‌وه‌ نییه‌ و ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ سه‌ر بکه‌وێت کێشه‌یێکی زیاتر بۆ کورده‌کان دروست ده‌کات.

سبه‌ینێ 24ی جوونی 2018 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی و سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار له‌ تورکیا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ که‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی هێرشی تورکیا به‌ سه‌رکردایه‌تیی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان دژی په‌که‌که‌ به‌ تایبه‌ت له‌ چیای قه‌ندیل له‌ هه‌رێمی کوردستانی به‌دواوه‌ بوووه‌ گرینگایه‌تییێکی زۆری هه‌یه‌ چوونکه‌ سیسته‌می حوکمڕانی له‌ تورکیا بۆ سه‌رۆکایه‌تی ده‌گۆڕدرێت و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆک کۆمار و هه‌ندێک ده‌ره‌تانی‌تر که‌ له‌ ده‌ستی سه‌رۆک کۆماردایه‌ له‌ ده‌ستی یه‌ک که‌س ده‌بێت که‌ ده‌توانێت وه‌ڵامی په‌رله‌مانیش نه‌داته‌وه‌. له‌لایێکی دیکه‌وه‌ ده‌نگی کورد که‌ ده‌توانێت زۆرینه‌ له‌ پارتی داد و گه‌شه‌ بسێنێت و کێشه‌ له‌ به‌رنامه‌کانی ئه‌ردۆغان دروست بکات گرینگییێکی زۆری له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌یه‌. بابه‌تی داهاتووی کوردی تورکیاش بابه‌تێکی گرینگه‌. ئۆپۆزیسیۆنیش به‌ شێوه‌یێکی به‌رچاو به‌ڵێنی چاره‌سه‌ر کردنی پرسی کوردی داوه‌ و هه‌موو ئه‌مانه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس دیمانه‌یێکی تێر و ته‌سه‌ل له‌گه‌ڵ پڕۆفیسۆر باریش کاراگاچ کارناسی باڵای کاروباری تورکیا و مامۆستای زانکۆی توێژینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی گه‌شه‌ له‌ زانکۆی ترێنتی که‌نه‌دا ئه‌نجام بدات. دوکتۆر کاراگاچ به‌ ڕه‌گه‌ز هاووڵاتیی تورک له‌ تورکیایه‌ و پێی وایه‌ نه‌ک ئه‌ردۆغان و نه‌ک ئۆپۆزیسیۆنیش ناتوانن پرسی کورده‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن چوونکه تێڕوانینی سه‌ربازییان به‌و بابه‌ته‌ هه‌یه‌. ئه‌و مامۆستای زانکۆیه‌ی که‌نه‌دا له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌دایه‌ که‌ ئه‌ردۆغان چیتر بیر له‌ پرسی کورد ناکاته‌وه‌ و له‌ کاتی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ناوبراو له‌سه‌ر تورکیا کورده‌کان ڕه‌نج و ئازارێکی زۆرتر ده‌بینن.

ده‌قی دیمانه‌ی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس له‌گه‌ڵ دوکتۆر باریش کاراگاچ له‌ خواره‌وه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌:

کوردپرێس: ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌ تورکیا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ ئۆپۆزیسیۆن ده‌یباته‌وه‌ یان ئه‌ردۆغان و حیزبه‌که‌ی؟

باریش کاراگاچ: تورکه‌کان هه‌م به‌ کاندیداکانی هه‌ڵبژاردن و هه‌م به‌ سه‌رۆک کۆماری داهاتووی تورکیا ده‌نگ ده‌ده‌ن. هه‌ر ده‌نگده‌ر دوو ده‌نگی جیاواز ده‌خاته‌ نێو سندۆقی ده‌نگدان. له‌باره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ئه‌نجامه‌که‌ به‌وه‌ به‌ستراوه‌ که‌ ئایا پارتی دیموکراتیکی گه‌لان (HDP) ده‌توانێت مه‌رجی له‌سه‌دا 10ی په‌رله‌مان وه‌ده‌ست بێنێت و هه‌روه‌ها حیزبی ناسیۆنالیستی توندڕه‌وی MHP ده‌توانێت ده‌نگی لایه‌نگرانی خۆی که‌ له‌مدواییه‌ ته‌ڤلی حیزبی باش بوونه‌ وه‌ده‌ست بێنێت یان نا. ئه‌گه‌ر پارتی HDP بتوانێت نیسابی یاساییی 10 له‌سه‌دی مسۆگه‌ر بکات و حیزبی MHPه‌ش نه‌توانێت 5 بۆ 6 له‌سه‌دی ده‌نگی لایه‌نگرانی خۆی وه‌ده‌ست بێنێت به‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ هاوپه‌یمانێتیی AKP-MHP ناتوانێت زۆرینه‌ی په‌رله‌مان وه‌ده‌ست بێنێت. له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار به‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ ئه‌نجامه‌که‌ له‌ خولی دووهه‌می هه‌ڵبژاردنه‌که‌ دیاری ده‌کرێت. پێشبینیی من ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان ناتوانێت له‌ خولی یه‌که‌م زۆربه‌ی ده‌نگه‌کان وه‌ده‌ست بێنێت و له‌ خولی دووهه‌میشدا له‌گه‌ڵ موحه‌ڕه‌م ئینجه‌ کاندیدی پارتی کۆماریخوازی گه‌ل ڕکابه‌ری ده‌کات. سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانیی کورده‌کان له‌ ڕوانگه‌ی ناسیۆنالیستیی ئۆپۆزیسیۆن هه‌م کورد و هه‌م سیکۆلاره‌کان له‌ خولی دووهه‌می هه‌ڵبژاردن پشتیوانی له‌ موحه‌ڕه‌م ئینجه‌ ده‌که‌ن. پرسیار ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئایا موحه‌ڕه‌م ئینجه‌ ده‌توانێت پشتیوانیی لایه‌نی سیاسیی دژ به‌ ئه‌ردۆغان له‌ خولی دووهه‌می هه‌ڵبژاردن وه‌ده‌ست بێنێت یان نا و ئه‌گه‌ر ناوبراو بتوانێت پشتیوانیی ئه‌و لایه‌نه‌ مسۆگه‌ر بکات شانسی بۆ سه‌رۆک کۆمار زیاتر ده‌بێته‌وه‌. به‌و حاڵه‌شه‌وه‌، ئه‌ردۆغان و حیزبی AKP به‌ سه‌رکردایه‌تیی ناوبراو که‌ کۆنتڕۆڵی داموده‌زگاکانی وڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ هه‌ر کارێک ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌ده‌نه‌ ده‌ست ئۆپۆزیسیۆن. له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات لێکه‌وته‌یێکی خراپی بۆ ئه‌ردۆغان و که‌سانی ده‌وروبه‌ری هه‌یه‌ که‌ گه‌نده‌ڵکارن و جینایه‌تێکی زۆریان به‌ تایبه‌ت دژ به‌ کورد ئه‌نجام داوه‌.

کوردپرێس: ئایا حیزبی دیموکراتیکی گه‌لان ده‌توانێت مه‌رجی له‌سه‌دا 10ی په‌رله‌مان وه‌ده‌ست بێنێت و هه‌مدیسان بچێته‌ په‌رله‌مان؟

باریش کاراگاچ: به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ زۆربه‌ی تورکه‌کان ده‌نگ به‌ پارتی دیموکراتیکی گه‌لان ده‌ده‌ن HDP ده‌توانێت مه‌رجی له‌سه‌دا 10ی په‌رله‌مان وه‌ده‌ست بێنێت. سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی ناوبراو یارمه‌تییێکی زۆری به‌ زیاد بوونه‌وه‌ی پاڵپشتانی ئه‌و حیزبه‌ له‌ نێوان تورکه‌ چه‌پ و لیبراڵه‌کان داوه‌. تێڕوانینی ده‌میرتاش و هه‌وڵه‌کانی بۆ گۆڕینی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان له‌ حیزبی کوردی بۆ حیزبێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و گشتگیر له‌ تورکیا و داکۆکییه‌کانی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ر کردنی پرسی کورد له‌ ڕێگای سیاسییه‌وه‌ ڕۆڵێکی هه‌ره‌گرینگی له‌ سه‌رکه‌وتنی HDP له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌بێت.

کوردپرێس: ئایا لایه‌نی وابه‌سته‌ به‌ ئۆپۆزیسیۆن وه‌ک موحه‌ڕه‌م ئینجه‌ کاندیدی حیزبی CHP ئه‌توانن کێشه‌ی کورد له‌ تورکیا یه‌کلا بکه‌نه‌وه‌؟

باریش کاراگاچ: موحه‌ڕه‌م ئینجه‌ پشتی به‌ ده‌نگی نه‌ته‌وه‌خوازه‌کان و پێکهێنانی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ شه‌ریکه‌کان به‌ستوووه‌ و به‌و پێیه‌ و به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ی له‌و بڕیاره‌ی که‌ داویه‌تی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مێراڵ ئاکشنه‌ر وه‌کوو جێگری سه‌رۆک کۆمار ده‌ستنیشان بکات له‌ کاتێکدا ئاکشنه‌ر ده‌ستی بوووه‌ له‌ ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ نه‌وه‌ده‌کاندا دژ به‌ کورد کرا که‌ ئه‌وده‌م ناوبراو وه‌زیری ناوخۆی تورکیا بوو، به‌ گومانم له‌ توانا و خواستی ناوبراو بۆ یه‌کلا کردنه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد تا ئه‌و کاته‌ی وڵاتی تورکیا کێشه‌ی کورد به‌ پرسی سه‌ربازی ده‌زانێت نه‌ک سیاسی، ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر نابێت.

کوردپرێس: ئایا به‌ڕێزتان وه‌کوو ئه‌ردۆغان بڕواتان وایه‌ کێشه‌ی کورد ته‌نها زمان و فه‌رهه‌نگه‌ و هیچی‌تر نییه‌؟

باریش کاراگاچ: پرسی کورد له‌ تورکیا به‌ستراوه‌ به‌ هه‌لومه‌رجی کورده‌وه‌. ئه‌و بابه‌ته‌ بێگومان ته‌نها به‌ فه‌رهه‌نگ و زمانه‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌. کورد وه‌کوو خه‌ڵکی خۆجێییی تورکیا هه‌وڵی ده‌سته‌به‌ر کردنی هه‌لومه‌رج و دۆخێکی یه‌کسان له‌گه‌ڵ تورک ده‌دات ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ ده‌ست شۆردنه‌وه‌ له‌ ستراتێژییه‌تی کۆلۆنیالیستی و وازهێنان له‌ زاڵبوون به‌ سه‌ر کورددا هه‌یه‌ و پێویسته‌ ڕێگه‌ به‌ کورد بدرێت خۆیان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بده‌ن که‌ ده‌یانه‌وێت چۆن بژین.

کوردپرێس: ئایا تورکیا ده‌توانێت په‌که‌که‌ له‌ قه‌ندیل ده‌ربکات؟

باریش کاراگاچ: نه‌خێر. ئه‌وه‌ پێویستی به‌ ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازیی درێژخایه‌ن هه‌یه‌ که‌ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ زۆر دژواره‌. به‌ ڕای من ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ قه‌ندیل ده‌کرێت جووڵه‌یێکی شانۆیییه‌ بۆ ڕاکێشانی ڕای نه‌ته‌وه‌خوازه‌کان و ده‌نگدانیان به‌ ئه‌ردۆغان. کاتی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ زیره‌کانه‌ داڕێژراوه‌. پارتی باڵاده‌ستی داد و گه‌شه‌ له‌ 16 ساڵی ڕابردوودا حوکمڕانیی کردوووه‌ بۆچی پێشتر ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌ی دژ به‌ په‌که‌که‌ له‌ قه‌ندیل جێبه‌جێ نه‌کردبوو و بۆ ئه‌مڕۆکه‌ی دواخستبوو؟ هه‌روه‌هاش ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ ببێته‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌که‌که‌ له‌ جێگایێکی دیکه‌دا جێگیر بکرێت ئه‌و بابه‌ته‌ کێشه‌ی کوردی تورکیا یه‌کلا ناکاته‌وه‌ به‌ڵکوو ته‌نها ده‌بێته‌ هۆی مردن و فرمێسک ڕشتنی زیاتر له‌ هه‌ر دوو لا.

کوردپرێس: به‌ بڕوای ئێوه‌ پڕۆسه‌یێکی دیکه‌ی ئاشتی له‌ تورکیا ده‌ست پێده‌کات؟ ئێستا چ له‌ لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه‌ بێت چ له‌ لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌- ئه‌گه‌ر بێنه‌ ده‌سه‌ڵات.

باریش کاراگاچ: ئه‌ردۆغان له‌ 2015وه‌ هه‌ڵیکوتاوه‌ته‌ سه‌ر کورد و هاوپه‌یمانییێکی نگریسی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌خوازه‌ توندڕه‌وه‌کانی MHP پێک هێناوه‌ بۆیه‌ چیتر هیچی پێ نه‌ماوه‌ بۆ باس کردن له‌ پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ کورد و یه‌کلا کردنه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد. دیاره‌ کورد ته‌نها ده‌بێت چاوه‌ڕوانی گوله‌ و سه‌رکوت کردنی زیاتر بکات له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌ردۆغان سه‌رۆکایه‌تیی ده‌کات. سه‌باره‌ت به‌ ئۆپۆزیسیۆن هێماکه‌ نه‌ختێک ئاڵۆزتره‌. پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وه‌عد و به‌ڵێنانه‌ی موحه‌ڕه‌م ئینجه‌ که‌ له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا داویه‌تی –ئه‌گه‌رچی ده‌کرێت وه‌کوو پێشکه‌وتنێک خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێت- و ژماره‌یێک له‌ ناڕازییانی نێو حیزبی کۆماریخوازی گه‌ل تێڕوانینی زۆرینه‌ی ئۆپۆزیسیۆن له‌باره‌ی پرسی کورده‌وه‌ تێڕوانینێکی سه‌ربازییه‌ و پرسی کورد به‌ پرسێکی سه‌ربازی ده‌زانن و ڕوانینی نه‌ته‌وه‌خوازه‌کان له‌و بواره‌وه‌ به‌ دڵی ئه‌وانیشه‌. تا ئه‌و کاته‌ی حیزبی کوردیی دیموکراتیکی گه‌لان و نوێنه‌ره‌ جۆربه‌جۆره‌کانی کوردی تورکیا ته‌داخول له‌و بابه‌ته‌دا نه‌که‌ن پرسی کورد له‌ هیچ ده‌وڵه‌تێکی ئاینده‌ی تورکیاشدا یه‌کلا نابێته‌وه‌.

کوردپرێس: بۆچی ئه‌مریکا و ڕۆژئاوا ده‌رباره‌ی سه‌رکوت کردنی کورد له‌لایه‌ن حکوومه‌تی تورکیاوه‌ بێ هه‌ڵوێستن؟

باریش کاراگاچ: پێچه‌وانه‌ی ناکۆکییه‌کانی نێوان تورکیا و ڕۆژئاوا، تورکیا ئێستاش هاوپه‌یمانێکی ستراتێژیی ڕۆژئاوایه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆیه‌ ڕۆژئاوا نایهه‌وێت ده‌ست له‌و هاوپه‌یمانه‌ به‌ر بدات. تورکیا به‌رده‌وام پێوه‌ندیی سه‌ربازی و سیاسیی فراوانی له‌گه‌ڵ ئه‌ورووپا و ئه‌مریکا هه‌یه‌ ئه‌گه‌رچی ئه‌مریکا جاروبار له‌باره‌ی ڕه‌فتاری چاوه‌ڕواننه‌کراوی ئه‌ردۆغانه‌وه‌ نیگه‌رانه‌ به‌ڵام ئه‌ورووپا و ڕۆژئاوا حه‌ز ده‌که‌ن تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌ردۆغان نابێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ژیئۆپۆله‌تیکی و ئابووریی ئه‌وان دۆخه‌که‌ ته‌حه‌مول بکه‌ن. من بڕوام وایه‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ که‌ ده‌بێته‌ هۆی بێده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستیی ئه‌وان به‌رانبه‌ر به‌ سه‌رکوتکرانی کورد له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌، ئه‌وله‌وییه‌تی زیاتره‌ له‌ هه‌موو بنه‌مایێکی ئه‌خلاقی.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری/ به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15860

Your Comment

You are replying to: .
captcha