کوردپرێس:
بەپێی میدیا سویدییەكان جەبار ئەمین ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەكەیان لەلایەن دەسەڵاتی ئەمنیی توركیا لەفڕۆكەخانەی (ئەتاتورك) لە ئەستەمبوڵ بۆ ماوەی چەند سەعاتێك دەستگیر كراوە.
هەر بەپێی میدیاكان لەكاتی سەردانی جەبار ئەمین لەگەڵ ژمارەیێک پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە بۆ توركیا بەمەبەستی چاودێریكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی توركیا، كە لە 24ی ئەم مانگە بەرێوە دەچێت لە فڕۆكەخانەی ئەتاتورك لەكاتی چوونی بۆ پشكنینی پاسپۆڕتەكەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەست بەسەركراوە.
میدیاكان ئەوەشیان بڵاو كردووەتەوە، پاش چەند سەعاتێك ناوبراو ئازادكراوە و گەڕێنراوەتەوە بۆ سوید، باسیان لەوەش كردووە، وەزارەتی دەرەوەی سوید ئاگاداری دەستگیركردنی ئەو پەرلەمانتارەی وڵاتەكەی بووە و لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەگفتوگۆدا بووە.
ڕۆژی هەینی جەبار ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی سوید یەکێک بوو لەو دوو چاودێرە کە دەستگیرکراون و پاشان گەڕێنراوەتەوە بۆ سوید بە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ڕاگەیاندوە "ئەو شاندی چاودێریکردنەی ئەوروپا لە زیاتر لە شەست پەرلەمانتاری 17 وڵاتی ئەوروپایی پێکهاتووە و لە کاتی جیاجیادا ئەندامانی ئەو شاندە گەیشتونەتە تورکیا و دەشڵێت کاتێک کە گەیشتۆتە فڕۆکەخانەی ئەستانبوڵ و چۆتە بەردەم کابینەی کۆنترۆڵی پاسپۆرت بینیویەتی دوو کەسی سەر بە هێزی ئاسایشی لەوێ وەستاون و پاسپۆرتەکەیان وەرگرتووە و داوایان لێکردووە لەگەڵیان بڕوات بۆ شوێنێکی تایبەت".
جەبار ئەمین ئاماژەی بەوە داوە "وەستانی ئەو دوو کەسە ڕێک وەک ئەوە بوو کە چاوەڕوانی ئەو بووبن و دواتر کە بردوویانەتە ئەو شوێنە تایبەتە پێیان گوتووە بڕیاری ڕێگەلێگرتنی بۆ چوونە ناو تورکیاوە لە شوێنێکی سەروو خۆیانەوە بۆیان چووە".
ئەندام پەرلەمانە کوردەکەی سوید ئەوەشی وتووە "دوێنێ پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی وڵاتی سوید توندترین بەیاننامەی بەرامبەر بە تورکیا بڵاوکردۆتەوە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا و تیایدا هاتووە ئەو ڕەفتارەی تورکیا بە هیچ شێوەیێک جێی قەبوڵ کردن نییە و دەشبێت تورکیا ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی چۆن دەتوانێت ڕێگە لە چاودێری نێونەتەوەیی بگرێت کە لەلایەن پەرلەمان و ڕێکخراوی ئەوروپاییەوە هەڵبژێردراون".
هاوکات پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی ڕەفتارەکەی تورکیا دەکات بەرامبەر جەبار ئەمین پەرلەمانتارە کوردەکە لە ئەقەرە.
ڕێکخراوێکی ئەوروپی بۆ ئاسایش و مافەکان بە توندی ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بەو ڕێگە گرتنەی تورکیا لە دووان لە چاودێرەکانی بۆ ئەم هەڵبژاردنەی ڕۆژی یەکشەممەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا.
ڕۆژی هەینی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەنجومەنی پەرلەمانی ئەورووپا ڕایگەیاند "ئاندرێ هونکۆ لە پارتی چەپی ئەڵمانیا و هەروەها جەبار ئەمین لە پارتی ژینگەی وڵاتی سوید، ڕێگەیان لێگیراوە لە ئەنقەرە بچنە ناو تورکیاوە چونکە بە ئاشکرایی ڕوانینی سیاسیانەی خۆیانیان دەربڕیووە".
بڕیارە 24ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانو سەرۆكایەتی توركیا بەرێوەدەچێت، كە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، دەسەڵاتی ئەو وڵاتە رێگری لەچاودێرە نێودەوڵەتییەكان دەكەنو رێگە نادەن بچنە وڵاتەكەیان.
Your Comment