نووسینگەی عەبادی تانە لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت پابەندبووە بە دەستوەرنەدان لە کاروباری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بەڵام دیاریکردنی کۆمیسیۆن لەسەر بنەمای حیزبی بووە هۆی ئەوەی ساختەکاری بکرێت و "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دژ بە بەرژەوەندیی گشتی وڵات کاربکات".

کوردپرێس:

لە راگەیێندراوێکدا لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی دروستی هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکان لەلایەن پەرلەمانەوە، سەعد حەدیسی رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی بێلایەنی و پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، حکومەتی عێراق پاپەندبووە بە دەستوەرنەدان لە کاروباری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان.

سەعد حەدیسی راشیگەیاند، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانیدا، هەوڵی چڕی داوە بۆ پاراستنی رێکارەکانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان. داواشیکردووە پشکنین بۆ ئامێرەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمپانیا جیهانییەکان بکرێ، تاوەکو رێگری لە یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکرێت.

حەدیسی روونی کردەوە "ئەو پێشێلکارییانەی کە کران لە ئەنجامی ئەو سیستەمە بەش بەشێنە حیزبیەیە کە فراکسیۆنەکان بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پەیڕەویان کردووە. دواتر سەلمێنرا کە ئەنجوومەنەکە دژ بە بەرژەوەندیی گشتیی وڵات بووە".

حەدیسی گوتیشی "خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردن بەهۆی ساختەکاری و پێشێلکاری و دەستێوەردانی بێشەرمانە لە کاری کۆمسیۆنەکە بووە، کە لەلایەن لایەنە سیاسییەکان کراوە و بەرپرسیارێتیی دزینی دەنگی هاوڵاتییانیش لە ئەستۆیانە، کە نەیاتوانی راسپاردەی بەرژەوەندییەکانی عێراق بگرنە ئەستۆ".

حەدیسی دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق مەبەستی بوو هێزە چەکدارەکان لە هەر جۆرە دەستێوەردانێک لە هەڵبژاردنەکان دوور بخاتەوە. دەشڵێت، پاراستنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراتی بریتییە لە پابەندبوون بە یاسا و رێکارەکان و دوورخستنەوەیان لە هەر جۆرە کاریگەرییێکی پێکهاتەی دیکە.

دوای ناڕەزاییی چەندین لیستی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمان بە ئامادەبوونی 173 پەرلەمانتار بڕیاریدا دەنگەکانی هەڵبژاردنەکە بە دەست جیابکرێنەوە، چونکە ژمارەیەک لایەنی سیاسی گومانیان لە سیستەمی ئەلیکترۆنی دەنگدان هەیە.

رۆژی 21-6-2018 دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لەبارەی یاسا نوێیەکەی پەرلەمان دا و رایگەیاند، بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ ژماردنی دەنگەکان بە دەست یاساییە بەڵام بڕیاری تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەکان نایاساییە، بۆیە دادگای باڵای فیدراڵی رەتی کردەوە.

دوای لابردنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنیش لەلایەن پەرلەمانەوە، ئێستا نۆ دادوەر لە بەغدا کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەبەن و لە هەر پارێزگایەکیش دادوەرێک بۆ سەرپەرشتی کارەکانی کۆمیسیۆن دیاریکراوە.

لە هەرێمی کوردستان هەر چوار لایەنی گۆڕان، یەکگرتوو، هاوپەیمانی، کۆمەڵ ناڕازین لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەڵێن، ساختەکاری کراوە و دەنگەکانیان بۆ لایەنی دیکە ئەژمارکراون.

News Code 15851

Your Comment

You are replying to: .
captcha