ئەردۆغان: ئەمساڵ گەورەترین فڕۆکەخانەی جیهان لە ئیستەنبووڵ دەیکەنەوە

بەشی تورکیا- رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری ئاکپارتی بۆ ئەو پۆستە رایگەیاند، ئەمساڵ گەورەترین فڕۆکەخانەی جیهان لە ئیستەنبووڵ دەکەنەوە، بەشێوەیێک ساڵانە توانای پێشوازیکردن لە 150 ملیۆن گەشتیاری دەبێت.

کوردپرێس:

بڕیارە فڕۆکەخانەکە 29ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەفەرمی بکرێتەوە، بەڵام بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا، ئەردۆغانی گەیاندە ئەو فڕۆکەخانەیە و لەوێوە رۆژی کردنەوەکەی ئاشکراکرد.

لایەنگرانی ئەردۆغان دەڵێن، فڕۆکەخانەکە بۆ رێزگرتن لە خزمەتەکانی ئەردۆغان پێویستە بە ناوی ئەوەوە بکرێت، بەڵام دژبەرانی پێیانوایە راگەیاندنی رۆژی کردنەوەی فڕۆکەخانەکە چەند رۆژێک پێش دەنگدان، بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردن.

بەدەر لەو فڕۆکەخانەیە، لە ئیستەنبووڵ دوو فڕۆکەخانەی دیکەی نێودەوڵەتی هەن، بەڵام ئەم فڕۆکەخانەیە نەک لە تورکیا بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش گەورەترین فڕۆکەخانە دەبێت و توانای پێشوازیکردنی لە 150 ملیۆن گەشتیار دەبێت لە ساڵێکدا، دوای کردنەوەشی بە فەرمی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک، کە فڕۆکەخانەی سەرەکیی ئیستەنبووڵە، دادەخرێت.

تاوەکوو ئێستا لە 90%ی کارەکانی دروستکردنی فرۆکەخانەکە تەواوبووە و بڕیاریشە دوای چوار مانگی دیکە فڕۆکەخانەکە بە فەرمی بکرێتەوە، بەڵام هێشتا هیچ ناوێکی لێنەنراوە، لایەنگرانی ئەردۆغانیش داوادەکەن بەناوی ئەردۆغانەوە بکرێت.

فڕۆکەخانەکە دەکەوێتە ناوچە کەنارئاوییەکانی سەر بە دەریای رەش و 35 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری ئیستەنبووڵەوە دوورە.

News Code 15850

Your Comment

You are replying to: .
captcha