کاردانەوەکان بەرانبە بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، لەسەر ئەنجامى تانەى لایەنەکان و هەموارى سێیەمی یاساى هەڵبژاردنەکانی عێراق، کاردانەوەی لایەنە عێراقییەکانی بەدواى خۆیدا هێنا.

کوردپرێس:

کاردانەوەکان جیاوازن و بەشێک لەو لایەنانە نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بڕیارەکان نیشان داوە و بەشێکی دیکەشیان پێشوازییان لە بڕیارەکان کرد، بەڵام دواجار هەردوولا کۆکن لەسەر پابەندبوونیان بە سەرجەم بڕیارەکانی دادگای فیدراڵى.

موقتەدا سەدر

لە ڕاگەیەندراوێکدا هاوپەیمانیی سائیروون کە لەلایەن موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت ئاماژەی بەوە کردووە، کاریگەریی حزبی هەبووە بەسەر دادگای فیدراڵییەوە سەبارەت بە دەرکردنی بڕیاری ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراق.

ئاماژەى بەوەش کردووە، بەشێک لە حزبەکان کاریگەرییان هەبووە لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵی، بۆئەوەی پەناببرێت بۆ ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە سەرانسەری وڵاتدا.

سائیروون مەترسیی خۆی نیشان داوە لە ئەگەرى ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست کە ژمارەیەک فەرمانبەر یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردن بکەن و بگۆڕێت لە بەرژەوەندی چەند لایەنێکى بەشدار لە هەڵبژاردنەکان.

هاوکات موقتەدا سەدر جیا لە ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانی سائیروون ڕایگەیاندووە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی چاوەڕواننەکراو بوو، داواشی لە تەواوی عێراقییەکان کرد دانبەخۆدا بگرن و ملکەچی یاسابن.

موقتەدا سەدر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا داوای لە دەسەڵاتی دادوەری کرد لە ژماردن و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان بێلایەن بێت و کاتێکی دیاریکراوی بۆ دابنێت، بۆئەوەی درێژەنەکێشێت.

سەدر مەترسیی ئەوەشی نیشان داوە، لەوەی پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست ببێتە هۆی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، بەوەش پرۆسەی دیموکراسی زیندەبەچاڵ دەکرێت.

ئەیاد عەلاوی

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئه‌یاد عه‌لاوی سەرۆکى هاوپەیمانیى وەتەنیە ئاماژەى بەوە کردووە، متمانه‌ی ته‌واویان به ‌سه‌ربه‌خۆیی دادگای فیدراڵی هه‌یه‌ و ڕێز له‌ بڕیارەکانی ده‌گرن‌ و پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بن.

باسى لەوەش کردووە، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی گورزێكی كوشنده‌ بوو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ھه‌وڵی ساخته‌كارییان داوە و داواشیکرد، ڕێوشوێنی یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ بگیرێته‌به‌ر كه‌ ساخته‌كارییان ئه‌نجامداوه ‌و ئه‌وانه‌شی پارێزگارییان لێده‌كه‌ن.

هەرچی هاوپەیمانی نەسرە کە حەیدەر عەبادى سەرۆکایەتى دەکات لە زارى وتەبێژەکەیەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەوان ڕێز لە بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى دەگرن و داواشى لە سەرجەم لایەنەکان کرد پێوەى پابەندبن.

ئاماژەى بەوەش کرد، بڕیارەکانى دادگای فیدراڵی کاریگەرى لەسەر کۆبوونەوەى لوتکەى لایەنە سیاسییەکان نابێت کە بە وتەى خۆى ئەو کۆبوونەوەیە بۆ قۆناغەکانى داهاتووى پڕۆسەى سیاسییە لە وڵاتدا.

سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق

هەر لە درێژەی کاردانەوەکانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، سەلیم جبورى سەرۆکى پەرلەمان ڕایگەیاندووە، ڕێز لە سەرجەم بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى دەگرن، چونکە دادگاکە توانی بێلایەنى خۆی بسەلمینێت.

سەلیم جبوورى ئەوەشى خستوەتە ڕوو، ئەوان وەک پەرلەمان توانیویانە پارێزگارى لە دەنگى هاوڵاتییانى عێراق بکەن.

هادی عامری

وەک ئاماژەیێک بۆ پێشوازیکردن لە بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵییش، هادى عامرى سەرۆکى لیستى فەتح ڕایگەیاند، هەر لە سەرەتاوە بۆ دڵنیابوونى هاوبەشە سیاسییەکان و دەنگدەران، داوایانکردووە ژماردن و جیاکردنەوەى دەستیی دەنگەکان بکرێت.

هۆشیار زێباری

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پۆستێکدا لە فەیسبووک دەڵێت "سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئیتیلافی پەرلەمانتارە دۆڕاوەکان ماوەی یاسایی پەرلەمان درێژدەکەنەوە، ئەوەش پێشێلکاری دەستوور و کودەتایە لەسەر سیستەمی سیاسی و پرۆسەی دیموکراسی".

هۆشیار زێباری دەشڵێت "زنجیرەی هەوڵەکان بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2018 تەواو نەبووە. داواکاری بۆ دانیشتنێکی نائاساییی پەرلەمان هەیە کە بەپێی دەستوور تەنیا هەشت رۆژی ماوە بەسەربچێت. بۆیە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئیتیلافی پەرلەمانتارە دۆڕاوەکان داهێنانێکی دیکە دەکەن بە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی ساڵ، تاوەکو حکوومەت نەبێتە حکوومەتی کاربەڕێکەر. ئەوەش پێشێلکارییێکی مەترسیداری دەستوورە و کوودەتایە بەسەر سیستەمی سیاسیی دیموکراتی وڵات".

خەزعەلی

ئەمنیداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند، بە تووندی رێگری لەو هەوڵانە دەکەن کە دەیانەوێ هەڵبژاردن دووبارە بکەنەوە یان تەمەنی حکومەت درێژبکەنەوە.

قەیس خەزعەلی لە بەیاننامەیەکی دەستنووسدا رایگەیاند "پێشتر دووپاتمان کردووەتەوە کە لەگەڵ هەر هەنگاوێکین بۆ گەڕانەوەی متمانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن و پێمان وایە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەنگاوێکە بۆ گەڕانەوەی متمانە بە پرۆسەکە".

خەزعەلی گوتیشی "پێویستە بڕیارەکەی دادگای فیدارڵی نەبێتە هۆکاری ئەوەی بکەوینە بۆشایی دەستووری. دەبێ بڕيارەکەی دادگا وەک خۆی جێبەجێبکرێت بەبێ گوشاری سیاسی، بەتایبەتی ئەگەر بە وردی وەک خۆی جێبەجێبکرێت کە دەڵێت (پرۆسەی جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان لەو بنکانە بێت کە سکاڵایان لەسەر کراوە). بۆیە پشتیوانی لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکەین و رووبەڕووی ئەو هەوڵانە دەبینەوە کە دەیانەوێ هەڵبژاردن دووبارەبکرێتەوە و یان تەمەنی حکومەت درێژبکەنەوە".

جەمال کەربوولی

هاوکات سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان رایگەیاند "دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن دەیانەوێت بەپیلانگێڕی ماوەی یاسایی پەرلەمان درێژبکەنەوە".

جەمال کەربوولی، سەرۆکی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان لە توویتێکدا دەڵێت "دۆڕاوەکان دژی دەستوور و بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر بەپیلانگێڕی دەیانەوێت تەمەنی پەرلەمان درێژبکەنەوە".

عەبدولڕەحمان لوێزی

لەلایێکی دیکەوە عەبدولڕەحمان لوێزی، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "مادەی 56ی دەستووری عێراقی بەڕوونی دەڵێت ماوەی یاسایی پەرلەمان چوار ساڵە؛ لە یەکەم دانیشتن دەست پێدەکات و بە کۆتایی ساڵی چوارەم ماوەکەی کۆتاییدێت".

لوێزی گوتیشی "بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆم نەکرد و بەشداری هیچ دانیشتنێک ناکەم لەسەر ئەو پرسە. ئامانج لە درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی پەرلەمان بۆ بۆشایی دەستووری نییە، بگرە بۆ بەکارهێنانی پەرلەمانە وەک ئامرازێکی فشارخستنە سەر جێبەجێکردنی هەموارکردنی سێیەم بۆ خزمەتکردنی چەند کەسایەتییێکی سیاسی".

رۆژی هەینی (22-6-2018) پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی نائاساییدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمواری چوارەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراقی کرد، کە تایبەتە بەدرێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان تاوەکو ئەو کاتەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسند دەکرێت.

News Code 15847

Your Comment

You are replying to: .
captcha