گێڕانەوەی چیرۆکی ڕیفراندۆم و کەوتنی بەعس و شەڕی داعش و پێوەندیی کورد لەگەڵ جیهان لە زاری مەسعوود بارزانییەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دیمانەیێکی لەگەڵ به‌رنامه‌ی "السطر الاوسط"ی که‌ناڵی MBC کردووە و له‌ به‌شی دووه‌می گفتوگۆکه‌یدا، وه‌ڵامی کۆمه‌ڵێک پرسیاری داوەتەوە کە باسی ڕیفراندۆم و شەڕی داعش و کەوتنی ڕژێمی بەعس و پێوەندیی کورد لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهانی دەکات.

کوردپرێس:

مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دیمانەیێکی لەگەڵ به‌رنامه‌ی "السطر الاوسط"ی که‌ناڵی MBCی سعوودیە کردووە و له‌ به‌شی دووه‌می گفتوگۆکه‌یدا، وه‌ڵامی کۆمه‌ڵێک پرسیاری داوەتەوە کە باسی ڕیفراندۆم و شەڕی داعش و کەوتنی ڕژێمی بەعس و پێوەندیی کورد لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهانی دەکات.

مەسعوود بارزانی لەبارەی ڕووخانی ڕژیمی بەعس و دەستبەسەرکرانی سەدام خوسێنەوە کە لە چاڵێک دەریانهێنا وتوویەتی: له‌ راستیدا پێشبینیی ئه‌وه‌م ده‌کرد ئه‌گه‌ر کاره‌که‌ بگاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌، شتێک بکات و مێژوویێک بۆ خۆی دروست بکات، یان کۆتایی به‌ ژیانی خۆی بهێنێت، به‌ڵام که‌ بینیم به‌و شێوه‌یه‌ له‌ چاڵه‌که‌ ده‌ریده‌هێنن، له‌ به‌رچاوم که‌وت. له‌ راستیدا سه‌ددام به‌رپرسی هه‌موو ئەو تاوانانە بوو که‌ به‌رامبه‌ر عێراقییەکان و دراوسێکانیش ئه‌نجام درابوون، به‌ڵام نه‌ده‌بوو له‌ شه‌وی جه‌ژن له‌ سێداره‌ بدرێت، پێم وایه‌ ده‌بوو یان پێشتر، یان دواتر بێت.

کەناڵەکە پرسیاری ئەوەشی لە مەسعوود بارزانی کردووە کە کاتێک سه‌ددامت له‌ ژێر په‌تی سێداره‌ بینی، چ هه‌ستێکت هه‌بوو، ئه‌و که‌سه‌ی برا و که‌سوکاری تۆی کوشت وا له‌ سێداره‌ ده‌درێت؟ بارزانی لە وەڵامدا وتوویەتی: هه‌ستم کرد خوا تۆڵه‌ له‌ سته‌مکاران ده‌کاته‌وه‌، ئیمانێکی ڕه‌هام به‌وه‌ هه‌یه‌، خوا ده‌رفه‌تت ده‌دات، به‌ڵام پشتگوێ ناخات.

مەسعوود بارزانی لەبارەی پێوەندیی کورد لەگەڵ ئەمریکا و شەخسی بریمەر وتوویەتی بریمه‌ر که‌سێک بوو شاره‌زایی ته‌واوی له‌سه‌ر ناوچه‌که‌ نه‌بوو، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئه‌نجامدا، هه‌ڵه‌یێکی دیکه‌ ئه‌وه‌بوو باره‌گاکه‌ی له‌ کۆشکی مەسعوودایه‌تی کۆمار بوو، باره‌گای ئه‌نجوومه‌نی ده‌سه‌ڵاتیش بوو، ئێمه‌ش چووین و کۆ بووینه‌وه‌.

گوتی من نوێنه‌رایەتیی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و سەرۆکی ئه‌مه‌ریکا ده‌که‌م، بە بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی پرۆسه‌که‌ داگیرکارییه، به‌ڵام وشه‌که‌ هه‌ندێک قورسه‌ و پێویسته‌ پابه‌ندی بن، منیش هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکم هه‌یه‌ و بڕیاره‌کان ده‌ده‌م، بۆیه‌ بڕیارمان داوه‌ له‌نێو ئێوه‌ لیژنه‌یێکی راوێژکاری دروست بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی راستگۆش بم له‌گه‌ڵتان، مه‌رج نییه‌ هه‌موو پێشنیاز و راوێژه‌کانتان وه‌ربگیرێت. منیش گوتم من نوێنه‌رایه‌تیی خۆم ده‌که‌م، هه‌ر تاکێکیش لێره‌ نوێنه‌ری خۆیه‌تی، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به ‌منه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌توانی به‌و شێوه‌یه‌ی قسه‌ ده‌که‌ی خۆت تاقی بکه‌یه‌وه‌، بزانه‌ چۆن ده‌بێت و چۆن ده‌توانی ده‌وڵه‌ته‌که‌ و دامه‌زراوه‌کانی بنیاتبنێیه‌وه‌ و تا چه‌ند سه‌رکه‌وتوو ده‌بی، ئه‌وه‌یان بۆخۆت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام من له‌ ژیانمدا نابمه‌ راوێژکاری هیچ که‌سێک، من باره‌گاکه‌م له‌ هه‌ولێره‌ و ئه‌گه‌ر پێویستییێکتان به‌ من بوو، ئه‌وه‌ من له‌ هه‌ولێرم و فه‌رموون. ئه‌وانی دیکه‌ش خۆیان نوێنه‌رایه‌تیی خۆیان ده‌که‌ن.

بارزانی لەبارەی وەڵامی بریمەرەوە دەڵێت: ئه‌و کاته‌ زۆر باش له‌ بیرم نییه‌، به‌ڵام ماوه‌ی نزیکه‌ی 2 مانگ هیچ په‌یوه‌ندییێکی به‌منه‌وه‌ نه‌ده‌کرد، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌نده‌، به‌ڵکوو ده‌یه‌ویست بێزارم بکات، به‌ڵام له‌ هه‌موو شوێنێک وه‌ڵامی خۆمم هه‌بوو، به‌رپه‌رچم ده‌دایه‌وه‌. دواتر هات و گه‌ڕایه‌وه‌، سه‌ردانه‌کانی به‌رده‌وام بوو، وه‌کوو ئه‌وه‌ی هیچ رووی نه‌دابێت.

مەسعوود بارزانی باسی ئەندامێتیی خۆی لە ئەنجومەنی دەسەڵات _مجلس الحکم)ی عێراق دەکات و لەوبارەیەوە بە کەناڵە سعوودییەکەی وتووە: به‌بێ ئاگاداریی خۆم، ناوی منیان له‌ لیستی ئه‌نجوومه‌نه‌که‌دا نووسیبوو، من سه‌ره‌تا ڕه‌تم کرده‌وه‌، به‌ڵام دواتر بینیم که‌سایه‌تیی به‌ڕێز داوایان کرد، گوتم ئه‌گه‌ر ڕه‌تی بکه‌مه‌وه‌، ره‌نگه‌ به‌ شێوه‌یێکی دیکه‌ بیر بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵام من وتم له‌به‌ر رێزی ئێوه‌ قه‌بووڵمه‌، پێم باشتر بوو بیکه‌م، نه‌ک ئه‌و دۆسته‌ به‌ڕێزانه‌م نیگه‌ران بکه‌م.

مانگی نیسان من له‌ ئه‌نجوومه‌نی ده‌سه‌ڵات بووم، بڕیارم دابوو، 2 بۆ 3 رۆژ له‌ به‌غدا بمێنمه‌وه‌، دوای منیش ئه‌وه‌ی دێت با ئه‌و ئه‌رکه‌که‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌و شه‌وه‌ی گه‌یشتمه‌ به‌غدا، رووداوه‌کانی فه‌للوجه‌ روویان دا، هه‌ڵوێستێکی زۆر ناخۆش بوو، نه‌ده‌بوو به‌غدا جێبهێڵم، له‌و کاته‌دا هاوڕێ و هاوکاره‌کانم جێبهێڵم، بڕیارێکی باش نه‌بوو، بۆیه‌ تا کۆتاییی مانگه‌که‌ مامه‌وه‌. سکرتێری ئه‌نجومه‌نم بانگ کرد، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چۆن ئیداره‌ی کاره‌کان بدەین، گوتی بڕیاره‌کان لێره‌وه‌ ده‌رده‌چن و بۆ بریمه‌ر ره‌وانه‌ ده‌کرێن، ئه‌ویش یان تانه‌ له‌ بڕیاره‌کان ده‌دات، یان قه‌بووڵیان ده‌کات. گوتم باشه‌ تا ئێستا چه‌ند بڕیار ده‌رچووه‌، بریمه‌ر ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر چه‌ندیان داوه‌ و تانه‌ی له‌ چه‌ند بڕیاریش داوه‌، ئه‌ویش گوتی 113 بڕیار ده‌رچووه‌ تا ئێستا، بریمه‌ر تانه‌ی له‌ 97 بڕیار داوه‌، منیش قسه‌م له‌گه‌ڵی کرد، گوتم سوێند به‌ خوای گه‌وره‌، ئه‌گه‌ر بڕیارێک ده‌ربچێت و من واژۆی له‌سه‌ر بکه‌م و تۆ تانه‌ له‌ بڕیاره‌که‌ بده‌یت یه‌ک خووله‌کیش نامێنمه‌وه‌. یان له‌ ئێستاوه‌ پێم بڵێ ئه‌گه‌ر وه‌کوو ئه‌وان مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌کرێت با بزانم، یانیش هیچ بڕیارێک ناده‌ین و هیچ واژۆ ناکه‌م، به‌ڵێنی پێدام وا نه‌بێت، له‌راستیشدا پابه‌ند بوو و تانه‌ی له‌ هیچ بڕیارێکی من نه‌دا.

سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی هەرێمی و جیهانی لەبارەی ئەنجومەنی دەسەڵاتەوە دەڵێت وڵاتانی دیکە خۆیان ده‌پاراست، زۆربه‌یان و وابزانم هه‌موویان، به‌ڵام یه‌که‌م وڵات ئێران بوو، هات پیرۆزباییی لێکردین، به‌شێکیش له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپی مامه‌ڵه‌یان لەگەڵ ده‌کردین.

مەسعوود بارزانی تەوەری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و ئامانجی ڕیفراندۆمەکەش باس دەکات و دەڵێت: مەسعوود بارزانی: به‌ر له‌ ریفراندۆم و دواتریش نه‌مانگوتووه‌ دووه‌م رۆژ سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌نین، گوتمان ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێکه‌ بۆ گه‌لی کورد رای خۆی رابگه‌یه‌نێت و بچینه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا، پێویسته‌ به‌ گفتوگۆ و رێگه‌ی ئاشتی بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێک، ئه‌وه‌ ئامانجه‌که‌ بوو. بۆ من سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ ئه‌وه ‌بوو رێژه‌یێکی زۆر به‌ بەڵێ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دابوو، نزیکه‌ی 93%ی گه‌لی کوردستان ده‌نگیان به‌ڵێ بوو، له‌لای منیش ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتن بوو.

ناوبراو لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی دەوروبەر لەبارەی ڕیفراندۆمەوە وتوویەتی به‌شێک له‌ وڵاتان به‌ر له‌ ریفراندۆم به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان دابوو، ئه‌گه‌ر پشتگیریش نه‌که‌ن دژ نه‌بن، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری به‌ڵێنه‌که‌یان بوون... بەڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بناغه‌یێکی پته‌ومان دانا بۆ ئه‌و مافه‌، من ناڵێم خه‌ون، به‌ڵام نه‌وه‌ی دوای من و دوای ئه‌وان دێن ده‌یبنین.

شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆیکەی کەناڵی سعوودیی ئێم بی سی لەگەڵ مەسعوود بارازنی مەسەلەی شەڕی داعش بوو. بارزانی لەو بارەیەوە دەڵێت: داعش دیارده‌یێکی سه‌یر و نامۆ بوو، پێشتر تیرۆریستان هه‌بوون، به‌ڵام له‌ ژێر زه‌وی بوون، کرده‌وه‌یێکی تیرۆریستییان ئه‌نجام ده‌دا، ئۆتۆمبێلێکی به‌ مین چێنراو، یان خۆکوژی دەتەقێندرایەوە. به‌ڵام داعش له‌ ماوه‌ی 24 کاتژمێر هات، خۆمان به‌رامبه‌ر سه‌نگه‌رێکی هه‌زار و په‌نجا کیلۆمه‌تریی رێکخراوه‌که‌ بینییه‌وه‌، که‌ سوپایێکی به‌هێز و پته‌و بوو، ئه‌وه‌شیان له‌ سوپای عێراقییه‌وه‌ ده‌ستکه‌وتبوو. وه‌ک زریپۆش و تانک و چه‌کی شکێنه‌ر، له‌ سووریاشه‌وه‌ چه‌کیان ده‌ستکه‌وتبوو. هێرشێکی فراوانیان کرد، به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ توانستی ئه‌وه‌مان نه‌بوو، چوونکه‌ حکوومه‌تی به‌غدا رێگریی له‌وه‌ ده‌کرد چه‌ک بگاته‌ پێشمه‌رگه‌، له‌ کاتێکدا ده‌ستوور مافی ئه‌وه‌ی داوه‌ ئه‌و چه‌که‌ بگاته‌ پێشمه‌رگه‌، ئه‌مه‌ریکاش کاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌کرد، ئه‌مه‌ریکا و به‌غدا هه‌ردووکیان ده‌ستبه‌رداری پابه‌ندییه‌ ده‌ستوورییه‌که‌ بوون.

له‌راستیدا له‌ رۆژانی یه‌که‌م پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتیان، سینگی خۆیان کرده‌ قه‌ڵغان و به‌ ئیمانی خۆیان به‌رپه‌رچی هێرشی گه‌وره‌ و وه‌حشیانه‌ی تیرۆریسانیان دایه‌وه‌.

مەسعوود بارزانی ڕەخنەی لە هەڵاتنی سوپای ئەو کاتی عێراق لە مووسڵ گرتووە و دەڵێت هیچ کات سوپای عێراق ئینتیمای بۆ نیشتمان نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌شیبووبێ بۆ که‌سێک بووه‌، شتێکی ساخته‌بووه‌. ئێمه‌ زانیاریمان هه‌بوو له‌سه‌ر سنووره‌کانه‌وه‌ هاتووچۆ ده‌که‌ن، له‌ سووریاوه‌ بۆ رۆژئاوای مووسڵ، ماوه‌ی ساڵێک بوو هه‌موو سوپای عێراق له‌ ناوچه‌ی رومادی سه‌رقاڵ بوون. داعش توانست و هێزی سوپای عێراقی داڕماند به‌ راستی، دواتر چه‌کدارانی داعش هاتنه‌ ناوچه‌ی حه‌زه‌ر له‌ باشووری رۆژئاوای مووسڵ. ئێمە پێشنیازمان کرد له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنێک ئه‌نجام بده‌ین و ده‌ریان بکه‌ین، به‌ڵام گرنگی پێ نه‌دا، دواتر گه‌شه‌یان به‌ کرده‌وه‌کانیان دا، خۆیان پێشخست شانه‌ی نووستوویان درووست کرد و بازنه‌کانیان فراوان کرد و خه‌ڵکی دیکه‌ش هاوکاریان کردن، ئه‌و هێزه‌ی هاته‌ مووسڵیش هێزێکی تایفی بوون، زۆر خراپ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک ده‌کرد، ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی مووسڵ وایانده‌زانی چه‌کدارانی داعش نایانکوژێت و به‌ به‌زه‌ییترن له‌ سوپای عێراق، ئه‌وه‌ش کاره‌سات بوو.

به‌غدا فه‌رمانده‌ی هێزی پیاده‌ و یاریده‌ده‌ری سوپاسالاری نارده‌ مووسڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخه‌که‌، ئه‌و کاته‌ چه‌کدارانی داعش و تیرۆریسته‌کان، له‌ بادۆش زیندانیکرابوون، له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا داعش ئامانجی ئازادکردنی ئه‌و زیندانانه‌ی خۆی بوو، سه‌ربازگه‌یه‌ک هه‌یه‌ له‌ مووسڵ به‌ناوی غه‌زلانی، ئه‌وێ باره‌گای فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆن بوون، جێگری سوپاسالار و فه‌رمانده‌ی هێزی پیاده‌ له‌وێ بوون، داعش خۆیشی پێشبینی نه‌ده‌کرد، مووسڵ وا به‌ ئاسانی بکه‌وێت، هێرشه‌که‌یان بۆ سه‌ر بادۆش بوو، ره‌نگه‌ پاسه‌وانه‌کان رێک که‌وتبن، سه‌ربازگه‌که‌شیان هاوه‌ن باران کرد، یاریده‌ده‌ری سوپاسالار و فه‌رمانده‌ی هێزی پیاده‌ هه‌موویان شوێنه‌که‌یان جێهێشت و سه‌ربازگه‌که‌یان چۆڵ کرد و هه‌واڵه‌که‌ش له‌ شار بڵاوبۆوه‌ و داڕمان، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئاگر له‌ پووش و په‌ڵاش به‌ربووبێت و شانه‌ نووستووه‌کانیش ده‌ستیان به‌ کار کرد، داعش له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بچێته‌ بادۆش هاته‌ مووسڵ، چونکه‌ شتێکی گه‌وره‌تری ده‌ستکه‌وت، مووسڵ کۆنتڕۆڵ بکات بادۆش خۆی ده‌که‌وێت. داعش خۆیشی نه‌یده‌زانی به‌و ئاسانییه‌ ده‌توانێت مووسڵ داگیر بکات.

مەسعوود بارزانی لەبارەی گەڕانەوەی خۆی بۆ بەرەی شەڕ ئەوەش لە تەمەنی پیری و دژی بە داعش وتوویەتی: هه‌ستم به‌ مه‌ترسیی دۆخه‌که‌ کرد، وه‌حشیه‌تگه‌ریی داعشمان بینی له‌ کوشتن و سه‌ربڕین، ئه‌تککردنی نامووس، ته‌نانه‌ت له‌ کتێبه‌کانی مێژووش ئه‌وه‌مان به‌رچاو ناکه‌وێت، ره‌چاوی هیچ شتێکیان نه‌ده‌کرد و هه‌موو تاوانێکیان ئه‌نجام ده‌دا. گه‌له‌که‌مان له‌به‌رده‌م چاره‌نووسێکی ڕه‌شدا بوو، ناچار بووین بچین و ئه‌رکی خۆمان ئه‌نجام بده‌ین. رۆژه‌کانی سه‌ره‌تای جه‌نگ پێویست بوو لە مەیدان بم، چوونکه‌ ڕه‌وشه‌که‌ زۆر مه‌ترسیدار بوو، داڕمان له‌ چه‌ند شوێنێک ڕووی دا، ئه‌زموونه‌که‌ نوێ بوو، چه‌کدارانی داعش 1700 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی گوللـه‌نه‌بڕیان له‌ سوپای عێراقه‌وه‌ چنگ که‌وتبوو. چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیی پێویستمان نه‌بوو، به‌رامبه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ هیچ شتێک کاریگه‌ریی نه‌بوو، ئه‌وان ده‌هاتن و سه‌نگه‌رێکیان به‌ ته‌واوه‌تی له‌ناو ده‌برد، له‌ هه‌ندێک شوێن دۆخه‌که‌ زۆر خراپ بوو، بۆ ئه‌وه‌ چووم وره‌یان به‌رز بکه‌مه‌وه‌. له‌ راستیدا ده‌ترسام، چوونکه‌ نه‌وه‌ی کۆن هه‌ندێکیان شه‌هید بوون و هه‌ندێکیان به‌ هۆی ته‌مه‌نه‌وه‌ نه‌یانده‌توانی له‌و دۆخه‌دا له‌ سه‌نگه‌ر بن، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی 2 هه‌فته‌دا، ده‌رکه‌وتن که‌ پاڵەوانن و جێگه‌ی شانازی بوون، به‌راستی پاڵه‌وان بوون، به‌ مانای وشه‌.

دوو هه‌فته‌ی یه‌که‌م، هێرشه‌کانمان راگرت، دواتر پێگه‌ی خۆمان قایمتر کرد، دواتر هێرشی پێچه‌وانه‌مان ده‌ست پێکرد، فه‌رمانده‌ی یه‌کێک له‌ هێزه‌ تایبه‌ته‌کان هێرشی کرد، بینیی ئۆتۆمبێلێکی خۆکوژی داعش دێته‌ نزیک هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و هیچ به‌ربه‌ستێکی له‌ به‌رده‌م نییه‌، به‌ ئۆتۆمبێله‌که‌ی چووه‌ به‌رده‌می و رێگریی لێکرد له‌وێ خۆی ته‌قانده‌وه‌، فه‌رمانده‌که‌ له‌وێ شه‌هید بوو، به‌ڵام نه‌یهێشت خۆکوژه‌که‌ بگاته‌ ناو پێشمه‌رگه‌.

مەسعوود بارزانی لەبارەی هاوکاریی ئەمریکا بۆ پێشمەرگەش وتوویەتی: پێشتر ئه‌مه‌ریکییه‌کان هیچ شتێکیان پێنه‌ده‌داین و گوشاریان له‌ به‌غدا نه‌ده‌کرد چه‌ک به‌ پێشمه‌رگه‌ بده‌ن، به‌ڵام دوای 3 بۆ 4 رۆژ له‌ ئاسمانەوە پشتیوانیان کردین و زۆر به‌ باشی پشتیوان بوون، دواتریش هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی زۆر باش بوو، هه‌رگیز سه‌ردانی مەسعوودی فه‌ره‌نسا له‌بیر ناکه‌م بۆ هه‌وه‌لێر (فرانسوا ئۆلاند) له‌ 12ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2014، که‌ هێشتا هه‌ولێر له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی مووشه‌که‌کانی داعشدا بوو، ئه‌ڵمانیا چه‌کی میلانی پێداین و هاوکێشه‌ی جه‌نگه‌که‌ گۆڕا. هه‌روه‌ها سعودیه‌ و ئیمارات و ئوردن، هاوکارییان کردین.

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ڕۆڵی ئێرانەوە بۆ شەڕی دژبەداعش دەڵێت: رۆژانی یەکەم هاتن و چه‌کی دژی ئۆتۆمبێلی گوللـه‌نه‌بڕیان پێداین، پرسیان ده‌تانه‌وێ چیتان بۆ بکه‌ین، قاسم سوله‌یمانی په‌یوه‌ندیی پێوه ‌کردم، منیش گوتم ئه‌گه‌ر بکرێت چه‌کی دۆشکا و ئارپێجیمان پێویسته‌، به‌یانی رۆژی دواتر به‌ دوو فڕۆکه‌ی پڕه‌وه‌، هاوکارییه‌کانیان گه‌یاند.

له‌ باره‌ی وتەکانی حه‌سه‌ن نه‌سڕوڵڵا شەوە کە له‌ باره‌ی هاوکارییه‌کانی ئێران قسه‌ی کردبوو مەسعوود بارزانی گوتی: برایانی عه‌ره‌ب به‌ر له‌ کورد وه‌ڵامیان دایه‌وه‌، له‌راستیدا نواندنێکی شکستخواردوو و چیرۆکێکی هه‌ڵبه‌ستراو بوو، ناشزانم هۆکاری چی بوو، دواتریش په‌یوه‌ندیی پێوه‌ کردم.

مەسعوود بارزانی لەبارەی پێوەندییەکانی کورد و سعوودیەش بە کەناڵە سعوودییەکەی وتووە: تا ئێستا 4 بۆ 5 جار سه‌ردانی سعوودیه‌م کردووه‌، هه‌ریه‌که‌ له‌ به‌ڕێزان شا فه‌هد، شا عه‌بدوڵڵا و شا سه‌لمانم بینیوه‌، شا عه‌بدوڵڵا چیرۆکێکی بۆ گێڕامه‌وه‌، که‌ من نه‌مبیستبوو، من ئاماژه‌م به‌ په‌یوه‌ندیی نێوان شا فه‌یسه‌ڵ و بارزانیی نه‌مر کرد، به‌ڵام ئه‌و گوتی په‌یوه‌ندییه‌که‌ کۆنتره‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رده‌می شا عه‌بدولعه‌زیز، ئه‌وه‌ش بۆ من شتێکی نوێ و گرنگ بوو به‌ڕاستی. له‌راستیدا هه‌موو پاشاکانی سعوودیە هه‌ڵوێسته‌کانیان مرۆیی و گه‌وره‌ بوون، دوا سه‌ردانیشم بۆ لای شا سه‌لمان رێزلێنانێکی زۆر ڕوون و گه‌وره‌ و دیار بوو، سوپاس و پێزانینم بۆ گه‌ل و شای سعوودیه‌ هه‌یه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 158332

Your Comment

You are replying to: .
captcha