قەرەنتینەی ئیجباری لە هەرێم ڕەخنەی توندی لێدەگیرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- په‌رله‌مانتارێكى كۆمه‌ڵى ئیسلامى بە توندی ڕەخنە لە ڕێنماییەکانی قەرەنتینەکردنی ئیجباری دەگرێت و رایده‌گه‌یه‌نێت،"ئەوەی لە دونیادا نایبینی، لەم دەسەڵاتەی هەرێم چاوەڕێ دەکرێت. ئەم دەسەڵاتە ئەرکەکەی خۆی لەبیر کردووە و دەیەوێ کاری ڕێکخراوی خێرخوازی بکات".

کوردپرێس:

عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ رایگه‌یاند،"لە هەندێ سایت و میدیا ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمم بینی، کە گوایا لەمەودوا ڕێگە بە هیچ کەمپینێكی خێرخوازی نادات و خۆی بەو کارە هەڵدەستی، بەڕاستی ئەوەی لە دونیادا نایبینی، لەم دەسەڵاتەی هەرێم چاوەڕێدەکرێت"

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ زیادیشی دەکات ئاخر چی حکوومەتێک لە دونیادا، مانگێک میللەته‌كه‌ی بکاتە ژوورەوە، بەبێ ئەوەی نە مووچەی فەرمانبەرەکانی بدات، نە بیرێک لەو دەیان هەزار کەسە بکاتەوە کە هیچ سەرچاوەیێکی بژێویان نیە و ژیانیان لەمەترسیدایە؟ چی دەسەڵاتێک هەیە داوا لە خاوەن موڵکەکان بکات لە کرێی کرێچییەکانیان خۆش بن، کەچی خۆی ئامادە نەبێ لە مانگێکی ئەو دەیان باج و ڕسوماتە زه‌به‌لاحانه‌ خۆش بێت کە بەسەر خەڵکیدا سەپاندوە

ناوبراو دەشڵێت: "28 ساڵە خەڵک دەچەوسێننەوە و داهاتی گشتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و کەمینەیەکی دەسەڵاتدار بەکاردەهێنن، ئێستا کە خێرخوازان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان ئەرکی بەهاناوەچونی هەژاران دەگرنە ئەستۆ، چاویان بەرایی نادات ئەو هاوکارییە وەک خۆی بگاتە هەژاران و ئەو زۆرینەیەی کۆمەڵگە کە لەسایەی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا برسیکراون، دەیەوێت ئەو دەروازەی هاوکارییەش دەستبەسەردا بگرێت و بە دەردی داهاتی نەوت و داهاتە زەبەلاحەکانی دیکەی بەرێت".

News Code 158257

Your Comment

You are replying to: .
captcha