بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیوا نەوشێروان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان سەبارەت بەو بەرپرسە دەستگیرکراوەی داعش بە تەلەفیزیۆنی ڕووداو دەڵێت: "لەگەڵ کۆمەڵێک چەکداری دیکە شەڕیان دژی پێشمەرگە کردووە، لە ساڵی 2007 ئاسایشی ئێمەیان شەهید کردووە، لە هاتنی داعشەوە بووە بە داعش، لە شەڕەکانی گوڵاڵە و تاتران لە قەرەتەپە شەڕی دژی پێشمەرگە کردووە".
ناوبراو لەباەری دەستگیر کراوەکەوە وتیشی: دەستگیرکراوەکە مەحموود خورشید ناسراو بە ئەبووعەلی، پیاوە مەترسیدارەکەی نێو چەکدارانی داعشە. بەرپرسی گرووپەکانی فەتح و قادسیەی داعش بووە، بەشداریی لە سەرجەم ئەو هێرشانەدا کردووە کە داعش لە سنووری گوڵاڵە و قەرەتەپە دژی پێشمەرگە ئەنجامی داون.
لە ساڵی 2007 مەحموود خورشید، پەیوەندیی بە رێکخراوی قاعیدەوە کردووە. دوای سەرهەڵدانی داعش، بەیعەت بەو رێکخراوە دەدات، لەگەڵ نەمانی داعش دەچێتە شارۆچکەی جەبارەی ژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق، کەمتر لە مانگێکە بە ناسنامەی ساختە هاتووەتە شارۆچکەی رزگاری لە ئیدارەی گەرمیان و وەکوو کەسێکی نابینا خۆی ناساندووە.
مەحموود خورشید، چەکداری داعش دەڵێ "لەگەڵ قاعیدە دەستم پێکرد، زۆربەی کات لە هێزەکانی ئەمریکامان دەدا، تاوەکوو ساڵی 2008 کە قاعیدە نەما، دواتر داعش هات و پەیوەندیمان پێوەکرد. هێزەکان هەبوون لە ناوچەکانی کەشکەول جومەیلە و باهیزە هەبوون، بە بەردەوام پێداویستیی لۆجستیم دەگەیاندە چەکدارانی داعش، تاوەکوو ئەوکاتە هاوپەیمانان هێرشیان کردە سەرمان".
لە سەرەتای ساڵی 2020ـەوە هێزەکانی ئاسایشی گەرمیان ئەوە 11هەمین چەکداری داعشە دەستگیریان دەکەن، سێ لەو دەستگیرکراوەنەش پلەی ئەمیریان هەبووە. مەحموود خورشیدی 52 ساڵ، خەڵکی گوندی عەرەبنشینی تاترانی قەرەتەپەیە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment