کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەمە 13ی خاکەلێوەی 1399 بەرانبەر بە 1ی ئەیپرێلی 2020 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا تیشکی خستە سەر پڕۆژەکانی ژووری کۆنتڕۆڵ کردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕایگەیاند ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی دەیسەلمێنێت کە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران ڕوو لە کەمبوونە و ئەمەش شتێکی دڵخۆشکەرە.
ڕۆحانی ئاماژەی بە پڕۆژەی "دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی" کرد کە ژووری کۆنتڕۆڵ کردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران خستوویەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و گوتیشی ئەو پڕۆژەیە تا 20ی خاکەلێوە بەردەوام دەبێت و ئەنجامە ئیجابییەکانیشی بە چاو دەبینین.
سەرۆک کۆماری ئێران، سوپاسی هاووڵاتییانیشی کرد کە پابەند بوون بە رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، و گوتیشی: "هەمو ساڵێک لەم کاتەدا کە پشووی نەورۆز کۆتایی دێت هاووڵاتییانی ئێران دەچوونە دەرەوە بۆ ئەوەی چێژ لە جوانیی سروشت وەربگرن، بەڵام لەمساڵدا بڕیاریان داوە لە ماڵەکەی خۆیاندا بمێننەوە، بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا".
سەرۆک کۆماری ئێران باسی لەوەش کرد، "ئامارە نوێکان ئەوەمان نیشان دەدەن کە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەبێ جیاوازی لە سەرجەم پارێزگاکانی ئێران کەمی کردووە، ئەوەش بۆ هەوڵی کارمەندانی تەندروستی و پابەندبوونی هاووڵاتییان بە رێنمایییەکان دەگەڕێتەوە".
هاوکات ڕۆژی ڕابردوو کیانوش جیهانپور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تا ئێستا 44 هەزارو 606 حاڵەتی مردن و دو هەزار و 898 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئێران تۆمارکراوە.
شایانی باسە هەر دوێنێ سێشەممە سەعد نمەکی، وەزیری تەندروستیی ئێران لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "تێکڕای تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا لەم چەند رۆژەی کۆتاییدا بەشێوەیێکی بەرچاو کەمی کردوە، لە رۆژانی داهاتووشدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئایا وڵاتەکەمان بەردەوام دەبێت لە قەیرانەکە یا خود ژمارەی تووشبووانی نوێ بەردەوام کەم دەکات".
ڕۆژی سێزدەبەدەر لە ئێران و ناوچە کوردنشینەکان بە پێی نەریتێکی کۆن وەک ڕۆژی سروشت ناسراوە و هاووڵاتییان هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا دەچنە داوێنی سروشت و بە گەشت و سەیران ڕۆژەکەیان بە سەر دەبەن بەڵام ئەمساڵ بە هۆی بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنا چوونە دەرەوە لەو ڕۆژەدا بە ڕەفتارێکی ئێجگار مەترسیدار دەزانرێت هەر بۆیەش بەپێی زانیارییەکان خەڵکی لە ماڵەکانی خۆیان ماونەتەوە و سێزدەبەدەری ئەمساڵ بە تامی ماڵەوە بە سەر دەبەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment