وه‌زیری ته‌ندروستیی ئێران: به‌م زووانه ڕاگه‌یاندنی‌ ده‌ستکه‌وتێکی نوێ، پله‌ی یه‌که‌می جیهان بۆ ئێران مسۆگه‌ر ده‌کات

به‌شی ئێران- وه‌زیری ته‌ندروستیی ئێران گوتی: خاڵگه‌لێکی ڕوونمان بۆ کۆنتڕۆڵ‌کردنی نه‌خۆشینه‌ ڤایرۆسییه‌کان به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌ داهاتوویێکی نزیکیشیدا ده‌ستکه‌وتێکی نوێ ڕاده‌گه‌یێنین که‌ له‌ ئاستی جیهان پله‌ی یه‌که‌م بۆ ئێران ده‌هێنێته‌دی.

کوردپرێس:

سه‌عید نه‌مه‌کی وه‌زیری ته‌ندروستیی ئێران له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادی وڵات ڕاپۆرتێکی له‌باره‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پڕۆسه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ ئێران و دیکه‌ی وڵاتان ئاراسته‌ کرد و باسی له‌ هه‌نگاوه‌کان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌که‌ کرد و پاڵپشتییه‌کانی ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئێرانی له‌ کادێری ته‌ندروستی وه‌ک هۆکارێکی گرنگ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کۆرۆنا وه‌سف کرد.

ناوبراو ده‌ستخۆشی له‌ پشتیوانی و به‌دواداچوونه‌کانی سه‌رۆکی ده‌زگای داد و هاوکاره‌کانی له‌ کادێری ته‌ندروستیی ئێران کرد و جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ هاوکارییێکی باش له‌ نێوان خه‌ڵک و به‌رپرسان هاتۆته‌دی.

ناوبراو تیشکی خسته‌ سه‌ر هه‌نگاوه‌کان بۆ پشکنینی سه‌لامه‌تی گشتی و ئاراسته‌کردنی خزمه‌تگوزاری به‌ نه‌خۆشانی کۆرۆنایی و گوتیشی: ئه‌گه‌رچی له‌ دۆخی ئابلۆقه‌دا ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کۆرۆنا دژواره‌ به‌ڵام ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تاشدا به‌ره‌وڕووی که‌موکورتی ده‌رمانه‌ تایبه‌ته‌کان بۆ ئه‌م نه‌خۆشینه‌ نه‌بووینه‌وه‌.

نه‌مه‌کی زیادی کرد: له‌ ڕێگای پێکهێنانی ناوه‌ندی تایبه‌ت له ناو‌ هێزی چه‌کداری ئێران که‌ به‌پێی فه‌رمانی ڕێبه‌ری باڵای شۆڕش ئه‌نجام درا هه‌نگاوێکی زۆر گونجاو نرا و سوپا و ئه‌رته‌ش له‌ ڕێگای دروست‌کردنی کارگه‌ و نه‌خۆشخانه‌ی کاتیی تایبه‌ت یارمه‌تییێکی گه‌وره‌یان بۆ دابین‌کردنی که‌ره‌سته‌ی ته‌ندروستی و قه‌ره‌وێڵه‌ دا و توانیمان به‌ یارمه‌تیی ئه‌وان پێداویستییه‌کانی که‌رتی ده‌رمان زیاد بکه‌ین و په‌ره‌ به‌ خزمه‌تگوزارییه‌کانمان بده‌ین.

ناوبراو باسی له‌ پڕۆسه‌ی پشکنینی گشتی کرد و پڕۆسه‌که‌ی وه‌ک هه‌نگاوێکی کاریگه‌ر بۆ پچڕانی زنجیره‌ی گواستنه‌وه‌ی کۆرۆنا ڤایرۆس ناو برد و جه‌ختی کرده‌وه‌: دوای ڕێکخستنی وێستگه‌کانی پشکنین، تا شه‌وی ڕابردوو 61 ملیۆن و 600 هه‌زار که‌س پشکنینیان بۆ کراوه‌ که‌ 51 ملیۆن و 44 هه‌زار که‌سیان له‌ ڕێگای ته‌له‌فۆن و 10 ملیۆن و 50 هه‌زار که‌س له‌ ڕێگای ماڵپه‌ڕی salamat.gov.ir به‌دواداچوونیان بۆ کراوه و له‌م ئاماره‌ش 218 هه‌زار و 800 که‌س پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری پزیشکی بوو که‌ له‌ نێویاندا 93 هه‌زار و 778 که‌سیان له‌ ماڵه‌وه‌ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن و 16 هه‌زار و 49 که‌س ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ کران و له‌م ژماره‌یه‌ش 5 هه‌زار و 391 که‌س له‌ نه‌خۆشخانه‌کان خه‌وێندران.

نه‌مه‌کی وه‌بیری هێناوه‌ که‌ جێبه‌جێ‌کردنی پڕۆژه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ که‌ به‌ هاوکاریی ده‌زگای داد و هێزی ئینتیزامی و سه‌ربازی و وه‌زاره‌تی ڕێگاوبان جێبه‌جێ ده‌کرێت هه‌نگاوه‌کانی بۆ کۆنتڕۆڵ‌کردنی پچڕانی زنجیره‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌که‌ خێراتر کرده‌وه‌ و له‌ ئێستادا ژماره‌ی مردووان که‌م بۆته‌وه‌ و پڕۆسه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ نه‌خۆشخانه‌کان به‌ باشی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

وه‌زیری ته‌ندروستیی ئێران ڕاشی‌گه‌یاند: ئه‌مڕۆ خاڵگه‌لێکی ڕوونمان بۆ کۆنتڕۆڵ‌کردنی نه‌خۆشینه‌ ڤایرۆسییه‌کان به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌ داهاتوویێکی نزیکیشیدا ده‌ستکه‌وتێکی نوێ ڕاده‌گه‌یێنین که‌ له‌ ئاستی جیهان پله‌ی یه‌که‌م بۆ ئێران ده‌هێنێته‌دی.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 158183

Your Comment

You are replying to: .
captcha