کوردپرێس:
عایشە حەسۆ هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات (pyd) لە لێدوانێکدا بە گۆڤاری ئۆنلاینی "سیریا دەیرکت"ی وتووە کوردەکانی سووریا ڕازین بەوەی ببنە هاوپەیمانی ڕووسیا و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا، دژی تورکیا و هاوپەیمانەکانی لە خاکی سووریا و بەتایبەتی لە ئیدلیب.
هاوسەرۆکی پەیەدە ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە هاوپەیمانێتیی کوردەکان لەگەڵ ڕووسیا و سووریا دژی تورکیا پێویستی بەوەیە دیمەشق دان بە پێشمەرجی کوردەکاندا بنێت. مەرجی کوردیش ئەوەیە کە دەوڵەتی ناوەند ڕازی ببێت هێزەکانی سووریای دیموکرات بچنە ڕیزی سوپای سووریا و لەگەڵ ئەوەش قەبارەی هێزەکە وەک خۆی بمێنێتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بە دانوستانی نێوان کورد و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا کردووە و دەشڵێت دەوڵەتی ناوەند پێشوازیی نەکردووە کە دان بە قەبارەی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا بنێت و ئێستا داوای کۆنتڕۆڵکردنی سەرجەم خاکی سووریا دەکات بە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانیشەوە.
هاوسەرۆکی پەیەدە جەختیشی کردۆتەوە کە ئەگەر دیمەشق بە پێشمەرجی کوردەکان ڕازی ببێت کوردیش ئامادەیە دژی تورکیا و هاوپەیمانەکانی لە ئیدلێب بچێتە ڕیزی ڕووسیا و سووریا و ببێتە هاوپەیمانیان بۆ شەڕکردنی دژی تورکیا.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment