دیندار زێباری: داوا له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین هاوكارییه‌كانیان بۆ په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێم زیاتر بكه‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕێكخه‌ری ڕاسپارده‌ نێوده‌ڵه‌تییه‌كان له‌ هه‌رێم ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: له‌ ئێستادا زیاتر له‌ ملیۆنێک و سه‌د هه‌زار ئاواره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن و له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2018شه‌وه‌ نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار كه‌س ئاواره‌ی هه‌رێم بوون و هاوكات داوا له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات هاوكارییه‌كانیان بۆ په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێم زیاتر بكه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 20ی حوزه‌یران دیندار زێباری له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ڕای‌گه‌یاند: "حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ پابه‌ندبوونی به ‌بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پره‌نسیپ و به‌هاكانی مافی مرۆڤ به‌رده‌وام په‌ناگه‌ی ئارام بوووه‌ بۆ خه‌ڵكی لێقه‌وما و ده‌رگای كراوه‌ بوووه‌ به‌ ڕووی ئاواره‌ و په‌نابه‌راندا به‌ هه‌موو پێكهاته‌ ئایینی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان له‌ عێراق و وڵاتانی دراوسێ."

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد له‌ ئێستادا زیاتر له‌ ملیۆنێک و سه‌د هه‌زار ئاواره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن و له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2018شه‌وه‌ نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار كه‌س ئاواره‌ی هه‌رێم بوون كه‌ پێكدێن له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و كوردانی ئێزیدی، مه‌سیحی، كاكه‌یی، شه‌به‌ک و پێكهاته‌كانی دیكه‌.

دیندار زێباری ئه‌وه‌شی خسته ‌ڕوو "هاتنی به‌لێشاوی ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران وای كردوووه‌ كه‌ ژماره‌ی دانیشتوان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕێژه‌ی %32 زیاد بكات و به‌مه‌ش حكوومه‌تی هه‌رێم كه‌وتوووه‌ته‌ ژێر باری ئه‌ركێكی قورسه‌وه‌ به ‌تایبه‌تی له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌."

به‌پێی دوایین ئاماره‌كان ڕێژه‌ی په‌نابه‌رانی سووریا له‌ هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتوووه‌ته‌ 242 هه‌زار و هه‌روه‌ها 21 هه‌زار په‌نابه‌رانی تورکیا و 13 هه‌زار په‌نابه‌ری سووریا له‌ هه‌رێم هه‌ن.

رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ڕوونیشی كرده‌وه‌ "بڕی تێچووی خه‌مڵێنراو بۆ دابین كردنی پێداویستی كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌روه‌رده‌یی، ئابووری و مرۆییی ئاواره‌كان و پاراستنی سه‌رجه‌م مافه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان بریتییه‌ له‌ ملیارێک و 988 ملیۆن دۆلار له‌ ساڵێكدا."

دیندار زێباری ئه‌وه‌شی خسته ‌ڕوو تێچووی دابین كردنی پێداویستییه‌ هه‌ره‌سه‌ره‌تایییه‌كانی رۆژانه‌ی هه‌ر ئاواره‌یێک وه‌كوو شوێنی حه‌وانه‌وه‌، ئاسایش، ئاو و پاكوخاوێنی، كاره‌با، ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌، به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانی كه‌مپه‌كان ده‌كاته‌ 5 ملیۆن و 550 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی. له‌ ئێستادا ژماره‌ی كه‌مپه‌كان 39 كه‌مپه‌ كه‌ 9 كه‌مپیان تایبه‌ته‌ به‌ په‌نابه‌ران و 30 كه‌مپیش بۆ ئاواره‌كان.

به‌پێی وته‌ی دیندار زێباری "ژماره‌ی ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕۆژ له‌ دوای رۆژ ڕوو له‌ زیاد بوونه‌ به‌هۆی ململانێی تائیفی، بوونی میلیشیاكان و بوونی شانه‌ی نووستووی تیرۆریستان به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌ندێک له‌ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم وای كردوووه‌ ژماره‌یێكی زۆر ئاواره‌ ڕوو له‌ هه‌رێم بكه‌ن و ئه‌وانه‌ش لێره‌ن نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان."

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15811

Your Comment

You are replying to: .
captcha