کوردپرێس:
هه‌واڵده‌ریی فه‌ڕه‌نسا ڕاپۆرتی دا به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که تاکوو ئێستا هیچ ده‌نگوباسێک له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا له ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌خۆشییه‌که په‌ره بسێنێت، ئه‌و ناوچانه به‌بۆنه‌ی که‌میی پێداویستیی پزیشکی و پچڕانی ئاوه‌وه به‌ره‌وڕووی قه‌یرانی مرۆڤی ده‌بنه‌وه.
هاوکات ژماره‌یێک له به‌رپرسانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان نیسبه‌ت به پاشهاته‌کانی به‌سترانی ئاو به ڕووی ناوچه کوردنشینه‌کانی سووریا له‌لایه‌ن سه‌ربزێوانی پاڵپشتکراوی تورکیاوه هۆشدارییان دا.
سندۆقی منداڵانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هۆشداریی دا که پچڕانی ئاو به ڕووی ئه‌و ناوچانه ده‌بێته‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتری نه‌خۆشییه‌که چوونکه له قۆناغی ئێستادا ئاو هۆکارێکی سه‌ره‌کییه بۆ ڕچاوکردنی ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌کان.
ڕوانگه‌ی مافی مرۆڤی سووریا که بنکه‌که‌ی له له‌نده‌نه له ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کرده‌وه که سهربهزێوانی پاڵپشتکراوی تورکیا وێستگه‌ی پۆمپاژی ئاوی عه‌لووک له سه‌رێکانییان به‌ده‌سته‌وه‌یه و له چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستاوه وێستگه‌ی پۆمپاژی ئاویان له‌و شوێنه داخستووه.
سندۆقی منداڵانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێت: نزیکه‌ی 460 هه‌زار که‌س که زۆربه‌یان له ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا ده‌ژین به‌بۆنه‌ی کارتێکه‌ریی بڕینی ئاوه‌وه به‌ره‌وڕووی مه‌ترسیی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌که بوونه‌ته‌وه.
فران ئێکویزا نوێنه‌ری سندۆقی منداڵانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له سووریا هۆشداریشی دا که بڕینی ئاو له کاتی ئێستادا که بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر پێویسته، گیانی منداڵان و بنه‌ماڵه‌کانیان به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی ده‌کاته‌وه.
هاوکات به‌رپرسانی کوردی سووریا وێرای ته‌ئکید له‌سه‌ر که‌میی زۆری پێداویستیی پزیشکی له ناوچه کوردنشینه‌کان باسیان له ئه‌گه‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری نه‌خۆشینه‌که کردووه.
هه‌واڵده‌ریی فه‌ڕه‌نساش له زاری مه‌زڵووم کۆبانێ فه‌رمانده‌ی هێزی کورد- عه‌ره‌بی سووریاوه ڕایگه‌یاند که مه‌ترسیی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌و ناوچانه‌دا زۆر له‌سه‌ره‌وه‌یه.
جوان مسته‌فا به‌رپرسی ته‌ندروستیی ئیداره‌ی خۆسه‌ری کوردی له باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا به هه‌واڵده‌ریی فه‌ڕه‌نسای گوت: پێش له ده‌ستپێکردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی کۆرۆنا ناوچه‌که پێویستییێکی زۆری به که‌ره‌سته‌ی پزیشکی بوو که ئێستا و به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشینه‌که ئیمکاناتێکی زیاترمان پێویسته.
به‌رپرسانی کوردی سووریا ڕایانگه‌یاندووه که سێ نه‌خۆشخانه‌یان بۆ نه‌خۆشانی گومانلێکراوی کۆرۆنا له باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ئاماده کردووه به‌ڵام ته‌نها 28 قه‌ره‌وێڵه‌یان بۆ خه‌واندنی نه‌خۆشه‌کان له‌به‌رده‌ستدایه.
کورده‌کان ده‌ڵێن ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له ڕێگای سنووره‌کانی تورکیاوه ئیمکاناتی پێویست ئاراسته‌ی ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی سه‌ربزێوان له ئیدلبی سووریا ده‌کات به‌ڵام ناوچه کوردنشینه‌کانی سووریا ته‌نها له ئه‌گه‌ری ڕه‌زامه‌ندیی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ده‌توانن یارمه‌تییه مرۆڤدۆستانه‌کان وه‌ربگرن.
لیژنه‌ی ڕزگاریی نێوده‌وڵه‌تییش نیسبه‌ت به پاشهاته‌کانی که‌مبوونی پێداویستیی پزیشکی له ناوچه کوردنشینه‌کانی سووریا هۆشداریی دا و ڕایگه‌یاند که ئه‌م که‌موکورتییانه له که‌مپی ئاواره‌کانی سووریا له‌و ناوچانه‌دا زیاتر ده‌بینرێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment