بۆ پێشگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی کۆرۆنا جموجووڵ له‌ شاری ته‌ل ته‌مه‌ر ڕاگیرا

به‌شی سووریا- بۆ پێشگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی کۆرۆنا جموجووڵ له‌ شاری ته‌ل ته‌مه‌ر له‌ باکووری حه‌سه‌که‌ به‌ته‌واوه‌تی ڕاگیرا.

کوردپرێس:

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا شاری ته‌ل ته‌مه‌ریش وه‌ک دیکه‌ی شاره‌کانی باکووری سووریا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ڕاگه‌یاند و بڕیاری به‌ داخستنی فه‌رمانگه‌ و فرۆشگه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌کان دا که‌ ئه‌م بڕیارانه‌ به‌بۆنه‌ی پێشگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی کۆرۆناڤایرۆس ده‌رکرا.

سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ به‌ کوردپرێسیان ڕاگه‌یاند: جگه‌ له‌ فرۆشگه‌، ده‌رمانخانه‌ و ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کان، دامه‌زراوه‌ و شوێنه‌ خزمه‌تگوزاری و سه‌یرانگاکان داخران و هێزی ئاسایشیش بۆ جێبه‌جێ‌کردنی بڕیاره‌کانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌ورییه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

بۆ جێبه‌جێ‌کردنی بڕیاره‌کانی ئیداره‌ی خۆسه‌ر هاتوچۆی پاسه‌ موسافیرهه‌ڵگره‌کانی ناو و ده‌ره‌وه‌ی شار ڕاگیراوه‌ و ڕێگری له‌ هه‌ر جۆره‌ گردبوونه‌وه‌یێک ده‌کرێت و ئه‌م کارانه‌ش بۆته‌هۆی چۆڵ‌بوونی شه‌قام و بازاڕه‌کانی شار.

شایانی باسه‌؛ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ڕای‌گه‌یاند که‌ له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 23ی ئاداری 2020 هه‌نگاوگه‌لێکی پێشگیرانه‌ بۆ ڕێگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی کۆرۆناڤایرۆس له‌ باکووری سووریا ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ده‌بێ هاووڵاتییان پێبه‌ندی بڕیاره‌کان بن. هه‌روه‌ها بڕیاره‌که‌ له‌ کاتژمێر 6ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 23ی ئاداری که‌وته‌ بواری جێبه‌جێ‌کردن و تا 15 ڕۆژ جێبه‌جێ‌ ده‌کرێت و ئه‌گه‌ر پێویست بێ ماوه‌که‌ درێژ ده‌کرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 22ی ئاداری 2020 ده‌وڵه‌تی سووریا له‌ زاری وه‌زیری ته‌ندروستییه‌وه‌ یه‌که‌مین حاڵه‌تی تووشبوون به‌ کۆرۆناڤایرۆسیان له‌ سووریا ڕاگه‌یاند.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 158074

Your Comment

You are replying to: .
captcha