ڕێگه‌ به‌ دروست‌کردنی بێ‌مۆڵه‌تی بینا له‌ ده‌وروبه‌ری پارکی خۆرهه‌ڵاتی کرماشان نه‌درا

به‌شی کرماشان- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی میراتی فه‌رهه‌نگی، پیشه‌ی ده‌ستی و گه‌شتیاریی پارێزگای کرماشان گوتی: له‌سه‌ر فه‌رمانی دادستێن دیواره‌ دروست‌کراوه‌کان له‌ ده‌وروبه‌ری پارکی خۆڕهه‌ڵاتی کرماشان ڕووخێندران.

ئۆمید قادری به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا ڤیدیۆیێک له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڵاو کرایه‌وه‌ که‌ پیشانده‌ری دروست‌کردنی گۆڕستانی بێ‌مۆڵه‌ت له‌ ده‌وروبه‌ری پارکی خۆڕهه‌ڵاتی کرماشان بوو.

به‌ڕێوه‌به‌ری میراتی فه‌رهه‌نگی، پیشه‌ی ده‌ستی و گه‌شتیاریی پارێزگای کرماشان زیادی کرد: بابه‌ته‌که‌ هه‌ستیاری له‌ نێوان خه‌ڵک و به‌تایبه‌ت چالاکوانانی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و هه‌ندێک له‌ به‌رپرسانی باڵای پارێزگای کرماشان دروست کرد.

قادری له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ده‌ستبه‌جێ دادستێنی کرماشان ده‌ستووری ڕووخاندنی دیواره‌کان و بینا بێ‌مۆڵه‌ته‌که‌ی دا و ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 4ی خاکه‌لێوه‌ی 1399 دیواره‌کان ڕووخێندران.

ناوبراو جه‌ختیشی کرده‌وه‌: تاکوو ئێستا هه‌ندێک جیاوازیی ڕاوبۆچوونمان له‌باره‌ی دروست‌کردنی بینا له‌ ده‌وروبه‌ری تاقه‌وسان له‌گه‌ڵ شاره‌وانی بووه‌ که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئیداره‌ی پارێزگادا چاره‌سه‌ر کراون و بابه‌تی تێلێکابین و فانفار یه‌ک له‌و بابه‌تانه‌یه‌.

له‌ کۆتاییدا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی میراتی فه‌رهه‌نگی، پیشه‌ی ده‌ستی و گه‌شتیاریی پارێزگای کرماشان گله‌یی له‌ شاره‌وانیی ئه‌و پارێزگایه‌ کرد به‌بۆنه‌ی پێدانی مۆڵه‌ت بۆ دروست‌کردنی بینا له‌ شوێنه‌ مێژووییه‌کان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 158071

Your Comment

You are replying to: .
captcha