ئیمانۆئێل ماکرۆن و ئه‌نگێلا مێرکڵ کۆ بوونه‌وه‌

به‌شی جیهان- له‌ باکووری به‌رلین ئه‌نگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماکرۆن سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا کۆ بوووه‌وه‌ و هه‌ردووکیان له‌سه‌ر یه‌کخستنه‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌ورووپا له ‌به‌رامبه‌ر پرسی کۆچبه‌ران و چه‌ندین دۆسیه‌ی دیکه‌ی جیهان ڕێککه‌وتن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌نگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا گوتی: "من ده‌توانم به‌ به‌ڵێیه‌کی روون وه‌ڵام بده‌مه‌وه و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ له‌سه‌ری رێککه‌وتووین له‌لایه‌ن حکوومه‌تی ئه‌ڵمانیا و په‌رله‌مانیشه‌وه‌ پشتگیری ده‌کرێن. من له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاراندا سه‌باره‌ت به‌م ئاراسته‌یه‌ قسه‌م کردوووه‌ بۆیه‌ من گه‌شبینم."

هه‌فته‌ی داهاتوو یه‌کێتیی ئه‌ورووپا له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆک و سه‌رکرده‌کانی لووتکه‌یێک ده‌به‌ستێت که‌ به‌ یه‌کلایی‌که‌ره‌وه‌ داده‌نرێت به ‌تایبه‌تی له‌باره‌ی دۆسیه‌ی په‌نابه‌ر و کۆچبه‌راندا که‌ ئێستا بوووه‌ته‌ بابه‌تی گه‌رمی وڵاتانی یه‌کێتییه‌که‌.

حکوومه‌ته‌که‌ی مێرکڵ حکوومه‌تێكی هاوپه‌یمانییه‌ و تێیدا پارتی سۆشیال دیموکرات پشکی هه‌یه‌ و وه‌زیری ناوخۆ سه‌ر به‌و پارته‌یه‌ و دوو هه‌فته‌ی له ‌به‌رده‌م مێرکڵ داناوه‌ تاوه‌کوو له‌گه‌ڵ یه‌کێتیی ئه‌ورووپا سه‌باره‌ت به‌ کۆچبه‌ران ڕێکبکه‌وێت و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ناچاره‌ وه‌ک وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا کۆچبه‌ر و په‌نابه‌ران له‌سه‌ر سنووری وڵاته‌که‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و ده‌ربکات.

هۆرست سیهۆفه‌ر وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت: "ئێمه‌ خۆشحاڵ ده‌بین ئه‌گه‌ر تاوه‌کوو کۆتایی مانگی حوزه‌یران به‌ ئه‌نجام بگه‌ین چ له‌سه‌ر ئاستی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا یان له ‌ڕێگه‌ی ڕێککه‌وتنه‌ دوو قۆڵییه‌کانه‌وه‌. هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ ئه‌نگێلا مێرکڵ ده‌خوازم له‌ گه‌یشتن به‌و ڕێککه‌وتنانه‌ به‌ڵام ئێمه‌ هاوکات پابه‌ندین به‌وه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێککه‌وتنانه‌ ڕوو نه‌ده‌ن ئه‌وا ئه‌گه‌ری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی کۆچبه‌ران راسته‌وخۆ له‌سه‌ر سنوور زۆره‌."

مێرکڵ و ماکرۆن که‌ نوێنه‌ری دوو وڵاته‌ زلهێزه‌که‌ی یه‌کێتیی ئه‌ورووپان سه‌باره‌ت به‌ شێوازی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی په‌نابه‌ر و کۆچبه‌ران که‌ به‌رۆکی یه‌کێتییه‌که‌ی گرتوووه‌ کۆکن.

هه‌ردووکیان ده‌ڵێن پێویسته‌ قه‌یرانی کۆچبه‌ران له‌ سه‌رچاوه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت و هه‌روه‌ها داوا کردنی مافی په‌نابه‌ری له‌ یه‌کێک له‌ وڵاتانی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا ده‌بێت به‌ شێوه‌یێکی فه‌رمی له‌ ده‌ره‌وه‌ی خاکی یه‌کێتییه‌که‌ ئه‌نجام بدرێت و هه‌روه‌ها هه‌ردووکیان رووی ده‌میان کرده‌ وڵاتانی ترانزێت به‌ تایبه‌تی لیبیا و داوایان لێکرد کۆنترۆڵی زیاتری که‌ناره‌ ده‌ریایییه‌کانی بکات جگه‌ له‌وه‌ش مێرکڵ و ماکرۆن هاوڕان له‌سه‌ر زیاتر کردنی ژماره‌ی پاسه‌وانانی ده‌ریاییی ئه‌ورووپی بۆ نزیکه‌ی 10 هه‌زار پاسه‌وان که‌ به‌ پاسه‌وانانی فرۆنتیس ناسراون.

هاوکات سه‌باره‌ت به‌و په‌نابه‌رانه‌ی که‌ داوای مافی په‌نابه‌رێتیان له‌ یه‌کێک له‌ وڵاتانی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه‌ دادگای باڵای یه‌کێتیی ئه‌ورووپا بڕیارێکی نوێی ده‌رکردووه‌ که‌ تێیدا ماف ده‌داته‌ هه‌موو په‌نابه‌رێک که‌ داواکه‌ی ره‌تکراوه‌ته‌وه‌ و جارێكی دیکه‌ له ‌لای دادگایێک داوای په‌نابه‌ری بکاته‌وه‌ ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌وه‌ی ماوه‌ی ڕابردوو بوو که‌ په‌نابه‌ر له‌ دوای ڕه‌تکردنه‌وه‌ی داواکه‌یان ده‌ستبه‌جێ له‌و وڵاته‌ی که ‌تێیدا بوو ده‌رده‌کرا.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15806

Your Comment

You are replying to: .
captcha