کوردپرێس: لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژ بەناوی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی: پاشەکشەی هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازی قائیم، کە تیمێکی راوێژکار و شارەزا و تەکنیککارانی سوپای ئەمەریکای تێدا بوو، لەچوارچێوەی ئەو خشتە کاتییەدایە، کە بەئامانجی پاشەکشەی یەکجارەکی سوپای ئەمەریکا لە عێراق دانراوە.
لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا خەفاجی وتی: هەفتەی داهاتوو هێزەکانی ئەمەریکا لە هەردوو بنکەی گەیارە لە مووسڵ و بنکەی K1 لە کەرکووک دەکشێنەوە، بەشێوەیێک هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بەتەواوەتی لە عێراق پاشەکشە دەکەن و دەچنە دەرەوە.
وتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی قائیم، دەستبەجێ فەوجێکی سەربە سوپای عێراق چوونەتە شوێنی هێزە چۆڵکراوەکە و دەستیان بە ئەرکی خۆیان کردووە.
رۆژی پێنجشەممە هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕێورەسمێکدا لە بنکەی سەربازی قائیم لە پارێزگای ئەنبار کشانەوە و بنکەکەیان رادەستی سوپای عێراق کرد، بەو هەنگاوەش هێزەکانی ئەمەریکا بەدرێژایی سنووری عێراق و سووریا هیچ بوونێکی سەربازیان نامێنێت.
سەرچاوە: شارپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment