بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلەفزیۆنی فەرمیی چین بڵاوی کردوەوە، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە؛ شی جین پینگ، سەرۆکی چین بەجیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران ئەنجام داوە و بەناوی حکوومەت و گەلی چینەوە سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستە کردووە، بەهۆی ئەو رەوشە تەندروستییەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تێیکەوتوون.
هەروەها سەرۆکی چین بەجیا پەیوەندیی تەلەفۆنی بە سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆکی ئیتاڵیا و مون جای ئین، سەرۆکی کۆریای باشوور کردووە سەرخۆشیی لێکردوون.
لە دوای چین هەرسێ وڵاتی ئێران، ئیتاڵیا، کۆریای باشوور زۆرترین حاڵەتی تووشبوون و گیان لەدەست دانیان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تیایاندا تۆمارکراوە.
12ی ئەم مانگە لیژنەی تەندروستی چین رایگەیاند، چیتر وڵاتەکەیان لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لووتکەدا نەماوە و بەهۆی کەم بوونەوەی بەرچاوی ژمارەی ئەو حاڵەتە نوێیانەی کە رۆژانە وڵاتەکەدا تۆمار دەکرێت، لەبەرامبەردا لە ئیتاڵیا و ئێران و کۆریای باشوور رۆژانە ژمارەیێکی ئێجگار زۆر حاڵەتی نوێی توشبوون و مردن رادەگەیەنن.
هاوکات لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا زۆرترین ژمارەی گیان لەدەست دان لە ئیتاڵیا تۆمار کراون، بەگوێرەی ئاماری دەزگا تەندروستیەکانی ئەو وڵاتە تەنها لەو ماوەیەدا 250 کەس گیانیان لەدەست داوە.
هەفتەی رابردو كارمەندانی تەندورستی شاری ووهان بەهۆی داخستنی دوایین نەخۆشخانەی كاتیی تەرخانكراو بۆ تووشبووانی كۆرۆنا ئاهەنگیان گێڕا.
ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیێکی خێرا بە وڵاتانی جیهاندا بڵاو دەبێتەوە، بەگوێرەی دوایین ئامار ژمارەی تووشبووان لە سەرانسەری جیهاندا 145 هەزاری تێپەڕاند و ژمارەی گیان لەدەست دان بەو هۆیەوە بۆ پێنج هەزار و 436 بەرز بووەتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment