کوردپرێس:ڕلە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئاماری 24 کاژێری ڕابردووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: پشکنین بۆ 251 کەس ئەنجام دراون کە 184یان لە شاری هەولێر بوون، 67 کەسیان لە شاری سلێمانی، پشکنینی نۆ کەسیان پۆزەتیڤ دەرچوو و دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، کەسێکیان لە هەولێرە و هەشت کەسیان لە سلێمانین (کە پێشتر راگەیێندرابوون) و تووشبوویێکی نوێش تۆمار کرا کە خەڵکی شارۆچکەی تەوێڵەیە.
لەبارەی ئەوانەی کەرەنتین کراون، وەزارەتی تەندروستی جەختی کردەوە: تاوەکوو ئێستا سێ هەزار و 219 کەس لە 30 شوێنی جیاواز کەرەنتین کراون، ئێستا تەنها 842 کەس لە کەرەنتین ماونەتەوە و دوو هەزار و 377 کەسیان گەڕاونەتەوە نێو کەسوکاریان.
وەزارەتەکە گوتیشی: بە تۆمارکردنی ئەو تووشبووە نوێیە، کۆی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتنە 28 کەس، هەر بەهۆی ڤایرۆسەکەوە کەسێک گیانی لەدەست داوە و کەسێکیش لە ڤایرۆسەکە چاکبووەتەوە و تووشبووانیش لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە کە هاونیشتمانییان پابەند بن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان، لە ماڵەکانیان بمێننەوە، نەچنە دەرەوە و بەرکەوتنیان لەگەڵ کەسی دیکە نەبێت. بۆ هەر بارێکی لەناکاو و پێویست پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122 بکەن.
کۆدی هەواڵنێر: ٦۰۱۰۳
Your Comment