کوردپرێس: لەمبارەوە قایمقامیەتی کەلار رایگەیاند، سەرجەم هاوڵاتیانی سنوورەکە ئاگاداردەکەنەوە کە هاتوچۆی بازرگانی لە نێوان شارەکانی هەرێم و دەروازە سنوریەکان داناخرێت و بەردەوام خۆراکی پێویست دەگاتە شارەکان.
هەردی سەرکەوت، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی کەلار بە خەندان- ی راگەیاندووە، جووڵەی بازرگانی و هێنانی پێداویستییەکان لە دەروازەکانەوە بەردەوام دەبێت، کێشەی کەمی خۆراک و پێداویستییەکان روو نادات، هاوکات کۆگاکانی کەلار بەشی چەندین مانگ خۆراک و پێداویستی هاوڵاتیانی تێدایە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، "ئاگاداری سەرجەم بازرگان و خاوەن مارکێت و هەرزان بازاڕ و مۆڵەکان دەکەینەوە، نابێت بە ھیچ شێوەیێک نرخی پێداویستییەکان بەرز بکەنەوە، بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەی یاسایی توندیان لە گەڵ دەکرێت".
بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی کەلار دەشڵێت، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە گرانبوونی نرخی شتومەک بکرێت، هاوشێوەی رۆژانی ئاسایی و بە رادەی پێویست پێداویستییەکانیان بکڕن.
هەر لەمبارەوە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاندووە، هیچ مەترسییێکی نەمانی خواردن نییە لە هەرێمی کوردستان چوونکە جووڵەی بازرگانی بەردەوامە و بەشی زیاد لە دوو مانگیش خواردن لە کۆگاکانی هەرێم هەن.
قایمقامی هەولێر دووپاتیش کردەوە، ئەو مارکێت و دووکانانە سزادەدەن کە بەهۆی لێشاوی کڕیارانی دوێنێ شەوەوە، نرخی شتومەکەکانیان گران کردبوو.
لە بارەی ئەوەی هاووڵاتیان چۆن بتوانن دەستیان بە دوکان و مارکێتەکان بگات، قایمقامی هەولێر رایگەیاند، ئەو کێشەیە چارەسەرکراوە و لە گەڕەگەکان مارکێتەکان دەکرێنەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment