کوردپرێس: ڕۆژی هەینی ۱۳ی ئاداری ۲۰۲۰ محەمەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق بڕیاری بانگهێشت کردنی هەریەک لە ماتسو تۆلەری باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و باڵیۆزی بریتانیای دەرکردووە لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر سەربازگەی تاجی و وڵامدانەوەی ئەمریکا.
بڕیارەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق پاش کۆبوونەوەیێکی بەپەلەی وەزارەت بووە لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکارەکان سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییەی عێراق.
جێگای ئاماژەیە؛ سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی پێنتاگۆن رایگەیاند کە چەند پێگەیێکی حزبوڵڵایان لە عێراق کردۆتە ئامانج و ئەو شوێنانەیان بۆمباران کردووە کە چەک و تەقەمەنی تێدا هەڵگیراوە و لەوێوە هێرشیان کردۆتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
شەوی 11/3/2020 لە ڕاگەیەندراوێكیدا شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاوی كردەوە کە ۱۰ مووشەک لە جۆری كاتیۆشا ئاراستەی بنكەی تاجی كراون لە باكووری بەغدا كە ئەو بنكەیە بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی تێدایە و دواتریش هێزەكانی هاوپەیمانان ئاشكرایان كرد كە بەهۆی هێرشەكەوە دوو سەربازی ئەمریكی و بریتانییێک كوژراون و 12ی دیكەش بریندار بوون.
کۆدی هەواڵنێر: ٦۰۱۰۳
Your Comment