حیزبە دابڕاوەکان لە AKP هەڵوێستێکی نەرمتریان هەمبەر کورد هەیە

بەشی جیهان- دوکتۆر پوڵ لێڤین مامۆستای زانکۆی سوید بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: دوو حزبی دابڕاو لە پارتی داد و گەشەی تورکیا هەڵوێستێکی نەرمتریان لەچاو حیزبەکەی ئەردۆغان هەمبەر پرسی کورد هەیە و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە نابێ چاوەڕوانییێکی زۆرتریان لێبێت.

کوردپرێس: ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی ناڕازییان لە پراکتیکی حیزبی پارتی داد و گەشەی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە زیاتر دەبێ و ئەم بابەتەش بە ئاشکرا لە دامەزراندنی دووەم حیزبی دابڕاو لە AKP دەبینرێت. بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ۱۱ی ئاداری ۲۰۲۰ بە شێوەی فەرمی دامەزراندنی حیزبی دیموکراسی و پیشڕەوت (DEVA) بە سەرکردایەتیی عەلی باباجان بەرپرسێکی باڵای پێشوو لە پارتی داد و گەشە ڕابگەیێندرێت. پێشتریش حیزبی ئایندە بە سەرکردایەتیی ئەحمەد داوودئۆغڵۆ بنیاتنەر و بەرپرسی پێشووی AKP دامەزرا و ژمارەیێکی زۆر لە ئەندامانی حیزبەکەی ئەردۆغانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشا. ئەم دوو حیزبە دابڕاوە لە پارتی داد و گەشە ڕوانگەیێکی ڕەخنەگرانەیان لە پراکتیکی حیزبەکەی ئەردۆغان هەیە بەتایبەت لەبارەی پرسی کورد.

لەمبارەوه هەواڵدەریی کوردپرێس دیمانەیێکی لەگەڵ دوکتۆر پوڵ لێڤین مامۆستای زانکۆی سوید و بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی تورکیا ئەنجام دا و ڕاوبۆچوونی ناوبراوی دەربارەی تواناییەکانی دوو حیزبە دابڕاوەکە لە AKP هەمبەر پرسی کورد وەرگرتووە.

دوکتۆر لێڤین سەبارەت بە هەڵوێست و بۆچوونی دوو حیزبە نوێیەکە لەبارەی پرسی کورد بە کوردپرێسی گوت: "من پێموایە کە دوو حیزبە نوێیەکە به سەرکردایەتیی ئەحمەد داوودئۆغڵۆ یان حیزبی تازەدامەزاوی عەلی باباجان کە بەمزووانە ڕادەگەیێندرێت هەڵوێستێکی نەرمتریان هەمبەر حیزبی داد و گەشە لەبارەی پرسی کورد هەیە. من ئاگادارم پێشتر عەلی باباجان چەندین دانووستانی لەگەڵ چاودێران لەبارەی پرسی کورد ئەنجام داوە. بەم حاڵەشەوە هەم عەلی باباجان و هەم عەبدوڵڵا گویل ڕاوێژکاری ناوبراو کەسانێکی خۆپارێزن و نابێ چاوەڕوانی هەڵگرتنی هەنگاوگەلێکی گەورە لەوان لەبارەی پرسی کورد بین."

ناوبراو بە شێوەیێکی تایبەت ئاماژەی بە هەڵوێستی ئەحمەد داوودئۆغڵۆ سەرۆکی حیزبی ئایندەی تورکیا دا و ڕایگەیاند: "ساڵی ۲۰۱٦ ئەحمەد داوودئۆغڵۆ دژایەتیی خۆی لەگەڵ ڕێوشوێنی توندی ئەردۆغان هەمبەر پەکەکە ڕاگەیاندبوو و ئەم بابەتەش ڕەنگدانەوەیێکی زۆری لە ناو ڕای گشتیدا بەدواوە بوو و لەمدواییەشدا ڕەخنەی لە هاوپەیمانێتیی ئەردۆغان لەگەڵ حیزبی بزاڤی نەتەوەپەرەستی تورکیا گرتبوو."

بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی تورکیا لە زانکۆی سوید کێشەیێکی دوو حیزبە نوێیەکەی لە سەرکەوتن و بەهێزبوونەوەیان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ناتوانن پاڵپشتیی ناسیۆنالیستەکانی تورکیا وەدەست بێنن و دەڵێت: "هیچ یەک لەو دوو حیزبە نوێیە ناتوانن بەو شێوازەی کە ئەردۆغان توانیی ناسیۆنالیستەکان بەرەو لای خۆی ڕابکێشێت، ڕابکێشن و ئەم بابەتەش زیاتر لە کاتی هەڵگرتنی هەنگاو دژی کورد خۆی دەنوێنێت."

بەم حاڵەشەوە ناوبراو تەئکیدی کرد کە هەوڵەکانی ئەو دوو حیزبە بۆ ڕاکێشانی کورد مومکینە گۆڕینی هەڵوێستی ئەردۆغانی نیسبەت بە کورد لێبکەوێتەوە و گوتیشی: "ئەگەر دوو حیزبە نوێیەکەی تورکیا بیانهەوێ هاوکاری و پاڵپشتیی کوردە موحافیزەکارەکەی AKPیان لەگەڵدا بێ ئەم بابەتە گۆڕینی هەڵوێست و بۆچوونی ئەردۆغان بەتایبەت لەبارەی کوردی بەدواوە دەبێت."

مامۆستاکەی زانکۆی سوید گومانی خۆیشی دەربڕی لەوەی کە ئەو دوو حیزبە نوێیە بتوانن گۆڕانکارییێکی بەرچاو لەسەر پرسی کوردی تورکیا یان بەرەوپێشبردنی ئەو بابەتە ئەنجام بدەن.

دوکتۆر لێڤین جەختی کردەوە: "زانیاڕییەکانی یەک یان دوو حیزبی نوێ شتێک نییە کە بتوانێت کارتێکەرییێکی ئەوتۆی لەسەر پرسی کورد بێت. بەتایبەت ئەوەی کە لە ئێستادا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بڕیاردەری سەرەکی لەسەر مەسەلەی کورد دێتەئەژمار."

کۆدی هەواڵنێر: ٦۰۱۰۳

News Code 157871

Your Comment

You are replying to: .
captcha