کوردپرێس: لایه‌نه سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌نێوان خۆیان له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێک رێککه‌وتوون، بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سه‌ى دواى عه‌لاوى بۆ دروست کردنى حکوومه‌ت راده‌سپێردرێت، له‌سه‌ر داواى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان وهرهقهیێکى سیاسى هاوبه‌ش بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاماده ده‌کرێت، داواکارییه‌کانی کوردى تێدا جێگیر ده‌کرێت و ده‌خرێته به‌رده‌م پێکهاته‌کانی تری عێراق و دانوستانکارانی پێکهێنانی کابینه‌ی حکوومه‌ت.
سه‌لیم شووشکه‌یی سه‌رۆکی فراکسیۆنی کۆمه‌ڵ له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاندووە هه‌بوونی وه‌ره‌قه‌ی دانوستانکاری کوردی گرنگه، ده‌شڵێت "ئه‌و هه‌نگاونانه‌ی ئێستا بۆ دانوستان له به‌غداد هه‌یه له رابردوودا نه‌بووه و یه‌کێتی و پارتی خۆیان دانوستانیان کردووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه لایه‌نه‌کانی کورد به‌یه‌که‌وه هه‌ماهه‌نگن، ئه‌وه‌ش له بهرژەوهندی کورد و هه‌رێمی کوردستان بووه".
شوشکه‌یی دەشڵێت، له خولی یه‌که‌می دانوستانه‌کاندا یه‌کڕیزیی کورد ده‌رکه‌وت، هیواشی خواست ئه‌مه سه‌ره‌تایێک بێت، هه‌نگاوی ئه‌رێنی تری به‌دوادابێت و به دڵنیاییه‌وه یه‌کڕیزی باشتره له‌په‌رته‌وازه‌یی.
سه‌رۆکی فراکسیۆنی کۆمه‌ڵ ده‌ڵێت ده‌بێت پرسی بودجه و پێشمه‌رگه و ناوچه جێناکۆکه‌کان و شایسته‌داراییه‌کانی جووتیاران له‌و وه‌ره‌قه‌ی دانوستانه هه‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌گوترێت پرسی هه‌مواری ده‌ستووری له‌ناو ئه‌و وه‌ره‌قه‌ی کوردا بێت، شووشکه‌یی ده‌ڵێت پێویست ناکات چوونکه پێم وانیه له‌و قۆناغه‌ی ئێستا عێراق پێیدا تێده‌په‌رێت ده‌ستوور ده‌ستکاری بکرێت.
به دامه‌زراوه‌یی کردنى پرۆسه‌ى دانوستان له نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا، داواکارى لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌کانى پێشوو بوو، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان پێداگرى ده‌کرد که ده‌بێت دانوستانه‌کان له رێگه‌ى دامه‌زراوه نیشتیمانییه‌کانه‌وه بێت.
رۆژی چوارشه‌ممه 4-3-2020 به سه‌رپه‌رشتیی نێجیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم و دوو جێگره‌که‌ی، نوێنه‌ری هێزه سیاسییه سه‌ره‌کیه‌کانی کوردستان، بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر قۆناغی داهاتووی عێراق کۆ بوونه‌وه.
به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى په‌یسه‌ر پرێس لهسهرچاوهیێکى ئاگاداره‌وه ده‌ستی که‌وتووه، وهرهقى هاوبه‌ش بۆ دانوستان چه‌ند ستێک له خۆ ده‌گرێت ئه‌وانیش؛
* به‌شداری کورد له کابینه‌ی حکوومه‌ت به‌پێی به‌رکه‌وته‌ی خۆی جێگیر بکرێت.
* بوودجه و شایسته داراییه‌کانی هه‌رێم جێگیر و یه‌کلا بکرێته‌وه.
* ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه جێناکۆکه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه.
* کارکردن بۆ جێبه‌جێ کردنی ماده‌ی ١٤٠.
* چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نه‌وت و غاز و ده‌رکردنی یاسایێک بۆ یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی ئه‌و کێشانه‌ی له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد هه‌ن.
*پرچه‌ک کردنی پێشمه‌رگه و راهێنان و مووچه‌کانیان.
پێشتر شاندى دانوستانکاری کورد که‌متر کاریان به وه‌ره‌قه‌ی دانوستان ده‌کرد، زیاتر داواکاری و به‌ڵێنه‌کانیان زاره‌کی بوون.
له‌دوایین کۆبونه‌وه‌که‌ی لایه‌نه سیاسییه‌کان له سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، جه‌خت له یه‌کڕیزی ناوماڵی کوردی و پارێزگاری لێکردنی کراوه‌ته‌وه، جگه له‌وه‌ش هه‌رێمی کوردستان نه وه‌ک سه‌رکه‌وتن و نه‌وه‌ک شکست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخی نوێی عێراق ناکات، به‌هیچ شێوه‌یێک نابێت وا پیشان بدرێت که کورد به‌رامبه‌ر شیعه سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه چوونکه ئه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی کوردستان نیه و کێشه‌ی نوێ بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانی کورد و به‌شێک له شیعه‌کان دروست ده‌کات.
هه‌روه‌ها رێککه‌وتن کراوه که ئه‌و که‌سانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان له حکوومه‌تی عێراق هه‌یه، یان به نیازی پۆستن یان پۆستیان هه‌یە، نه‌بنه ئه‌ندامی شاندی دانوستانکار.
سه‌رچاوه‌که ده‌ڵێت، بریاردراوه هه‌رێمی کوردستان کێشه‌کانی خۆی تێکه‌ڵی سوننه‌کانی عێراق نه‌کات، هه‌روه‌ها هیچ بڕیارێک ده‌رباره‌ی ئه‌و کاندیدانه نادرێت که له میدیاوه باس ده‌کرێن، تا ئه‌و کاته‌ی ده‌بنه کاندیدی فه‌رمی شیعه‌کان بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی حکوومه‌ت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment