که‌جه‌که‌: توركیا به‌ بێ هاوکاریی پارتی ناتوانێت بچێته‌ شه‌نگال و مه‌خموور و قه‌ندیل

به‌شی تورکیا- هاوسه‌رۆكایه‌تیی كۆنسه‌ی که‌جه‌كه‌ ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "توركیا به‌ بێ هاوکاریی پارتی ناتوانێت بچێته‌ شه‌نگال، مه‌خموور یان قه‌ندیل و داواشی له‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی کوردستان کردوووه‌ له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ھێرشانه‌دا پشتیوانی له‌ گه‌ریلا بكه‌ن."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێ‌شه‌ممه‌ 19ی حوزه‌یران هاوسه‌رۆکایه‌تیی کۆنسه‌ی به‌ڕێوبه‌ریی کۆما جڤاکێن کوردستان (که‌جه‌که‌) له‌ په‌یامێكدا كه‌ ئاڕاسته‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی کوردستانی کردوووه‌ ڕای‌گه‌یاندوووه‌ "له ‌ئێستادا فاشیزمیی ئاکه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ شه‌نگال و مه‌خموور و قه‌ندیل ده‌که‌ن، نووره‌دین جانیکلی وه‌زیری به‌رگریی ده‌وڵه‌ته‌که‌یان وتوویه‌تی: "٢٥ بۆ ٣٠ کیلۆمه‌تر چووینه‌ته‌ ناوه‌وه‌ و ده‌چینه‌ قه‌ندیلیش و بۆ هه‌ر شوێنێکیش بچین چۆڵی ناکه‌ین" و ڕاشکاوانه‌ وتوویه‌تی که‌ ئه‌و باره‌گایانه‌ی ماوه‌ی ١٥ ساڵه‌ له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان هه‌یانه‌ بۆ داگیر کردنی ئه‌و خاکه‌ به‌کاریان ده‌هێنن."

هاوسه‌رۆکایه‌تیی کۆنسه‌ی به‌ڕێوبه‌ریی کۆما جڤاکێن کوردستان (که‌جه‌که‌) ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌ "ئاشکرایه‌ که‌ تورکیا به‌ بێ هاوکاریی پارتی ناتوانێت بچێته‌ شه‌نگال، مه‌خموور یان قه‌ندیل، له‌ کاتێکدا که‌ گه‌ریلاکانی هه‌په‌گه‌ شه‌نگالیان به‌جێهێشتوووه‌ بۆچی ده‌بێت ده‌وڵه‌تی فاشیستیی ئاکه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ هه‌ڕه‌شه‌ی هێرش بۆ سه‌ر شه‌نگال بکه‌ن، دیاره‌ به ‌مه‌به‌ستی داگیرکردنی هه‌رێمی کوردستان و فشار خستنه‌ سه‌ر حکوومه‌تی عێراق ئه‌و بابه‌ته‌یان کردوووه‌ته‌ ڕۆژه‌ڤ و له‌لایێکی دیکه‌وه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ گرێدراوی پروپاگه‌نده‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ٢٤ی حوزه‌یرانیشن و له ‌ئێستادا جگه‌ له‌ هێرشی ئاسمانی هیچ جۆره‌ هێرشێکی دیکه‌ بۆ سه‌ر قه‌ندیل له‌ئارادا نییه‌ به‌ڵام ئه‌وان هێرشی هێزی پیاده‌ بۆ سه‌ر قه‌ندیلیان کردوووه‌ته‌ پروپاگه‌نده‌ بۆ ئه‌وه‌ی شۆڤینیزمی تورک بورووژێنن و ده‌نگه‌کانیان زیاد بکه‌ن."

هاوسه‌رۆکایه‌تیی کۆنسه‌ی به‌ڕێوبه‌ریی کۆما جڤاکێن کوردستان ئه‌وه‌شی وتوووه‌: "ده‌توانین له‌ هێرش و هه‌ڕه‌شه‌کانی حکوومه‌تی تورک تێبگه‌ین، ئه‌وه‌ی ناتوانین لێی تێبگه‌ین بێده‌نگیی پارتی له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرش و هه‌ڕه‌شانه‌دایه‌، له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌دا بۆ داگیرکاری که‌ په‌یوه‌ستن به‌ تێپه‌ڕکردنی سنووری پارتییه‌وه‌ و ئایا پارتی نابێت هه‌ڵوێستی هه‌بێت؟."

هاوسه‌رۆکایه‌تیی کۆنسه‌ی که‌جه‌که‌ وتووشیه‌تی: "هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ سه‌ر قه‌ندیل و مه‌خموور و شه‌نگال هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ داگیر کردنی هه‌مو هه‌رێمی کوردستان بۆیه‌ پێش پارتی و حکوومه‌تی هه‌رێم بانگه‌وازیی گه‌لی کورد له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ین که‌ له‌ دژی ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ داگیرکارانه‌یدا خاوه‌ن هه‌ڵوێست بن."

له‌ کۆتاییدا که‌جه‌که‌ وتوویه‌تی: "گه‌لی کورد له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ دژی ئه‌و داگیرکارییانه‌ ڕاپه‌ڕن و ده‌توانن به‌ پشتگیری کردن له‌ هێزی گه‌ریلا ڕێگری بکه‌ن له‌و هێرشانه‌."

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15781

Your Comment

You are replying to: .
captcha