کوردپرێس:
هێزە کوردییەکانی سووریا لە شەڕی داعشدا لە باکوور و خۆرهەڵاتی باکووری سووریا زیاتر لە 12 هەزار ئەندامی داعشیان بە دیلی گرتووە و بەرپرسانی باڵای کورد دەڵێن 2000 کەس لەو ئەندامانەی داعش هاووڵاتیی وڵاتانی بیانین جگە لە عێراق و سووریا.
کوردەکان چەندین جار داواین لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی کردووە ئەو ئەسیرە داعشییانە وەربگرنەوە کە هاووڵاتیی وڵاتی ئەوانن بەڵام ئەو وڵاتانە تەنانەت لە دامەزراندنی دادگایێکی تایبەت بە داعشییەکانیش یارمەتیی کوردیان نەداوە.
بەرپرسانی کورد ئەوەشیان وتووە کە خۆیان لە مانگی مارچی 2020ەوە دەست بە دادگایی کردنی ئەو داعشییانە دەکەن چوونکە وڵاتانی ڕۆژئاوایی کەمتەرخەمن بەرانبەر بەو مەسەلەیە.
کەمال عاتف وتەبێژی نووسینگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا لەو بارەیەوە بە VOAی وتووە دادگایییەکە هەر لە باکووری سووریا ئەنجام دەدرێت لە بەر ئەوەی هەموو بەڵگە و شایەت و قوربانییەکانی تاوانەکانی داعش لێرەن.
هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا هیوای ئەوەیان خواستووە کە چەند ئەندامێکی هاوپەیمانیی دژەداعش وەکوو ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا لە دادگایی کردنەکەدا یارمەتیی کورد بدەن.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن چەندین هاووڵاتیی خۆیان گەڕاندۆتەوە ئەمریکا کە هاوکاریی داعشیان کردووە بۆیە داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوایییش کردووە هاووڵاتییانی خۆیان وەربگرنەوە.
ژمارەیێک لە چاودێران دەڵێن ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا شەرعیەتی نیە بۆیە وڵاتانی جیهان هاوکارییان ناکەن و لە ئەنجامدا کوردیش ڕێگای خۆی دەبڕێت و بە شێوەی شەربەخۆ دادگاییی داعشییەکان دەکات.
یەک لەو چاودێرانە بە ناوی کالیە تۆماس توێژەری حەوزەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە لە پەیمانگای نیوئەمریکەن سێکیوریتی. ناوبراو جەختی کردۆتەوە کە کورد ئیمکانیاتی پێویستی بۆ دادگایی کردنی داعش بەدەستەوە نیە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment