کوردپرێس:
هەردوو هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار لە تورکیا 4 ڕۆژی دیکە بەڕێوە دەچێت. هەندێک لە ڕاپرسییەکان دەڵێن پارتی دادوگەشە بە هاوپەیمانێتیی مەهەپە ناتوانێت زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێت ئەوەش لە حاڵێکدایە ئەگەر ئەردۆغان لە ئەنجامەکەدا سەربکەوێت پێویستی بە زۆرینەی پەڕلەمان دەبێت بۆ جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانی خۆی لە تورکیا.
سنان ئولجەن توێژەری پەیمانگای کارنگی تیشکی خستۆتە سەر ڕێژەی دە لە سەدی دەنگی کورد لە پارتی دیموکراتیکی گەلان و دەڵێت ئەو ڕێژەیە مانای ئەوە دەبێت کە بە ئەگەری زۆرەوە حزیبی باڵادەستی دادوگەشە بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان ناتوانێت زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێت هەر بۆیەش ئەگەر ئوپۆزسیۆنی تورکیا زۆرینەی پەڕلەمانی ئەو وڵاتە بەدەست بهێنێت دەتوانێت شوێندانەریی هەبێت لە زۆرینەی حوکمەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەردۆغان.
ئەو توێژەرەی کاروباری تورکیا بە ماڵپەڕی هەواڵی نەشناڵ ئیماراتی وتووە تەنانەت ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماریشدا بیباتەوە ئوپۆزسیۆنی تورکیا دەتوانێت شوێندانەریی هەبێت لە زۆرینەی حوکمەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەردۆغان و کارتێکەریش بێت لە سەر کونتڕۆڵ کردنی بودجەی ئەو وڵاتە.
Your Comment