مەسروور بارزانی جەخت لە پەرەپێدان بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لەگەڵ ئوردن دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسروور بارزانی پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ شای ئوردن جەختی لە پەرەپێدان بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لەگەڵ ئوردن کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئێمە پەیوەندییێکی ستراتیژی و قووڵمان هەیە لەگەڵ ئوردن، لە هەموو کات و ساتێکدا هاوکار و پشتیوانی یەکتر بووینە و لە شەڕی دژی داعشیش یارمەتییێکی زۆری پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانیان دا

بارزانی وتیشی هەروەها برەو بە پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە دەدەین لەگەڵ ئوردن، پێمانوایە دەتوانین هاوبەش و شەریکی باش بین بۆ پێشخستنی بازرگانی و کەرتی ئابووریش، لە کوردستانیش ئەوان گرنگی بەو بابەتە دەدەن.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند هەروەها لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیش ئوردن وەکوو وڵاتێکی سەقامگیر، هاوکارێکی زۆری هاوپەیمانان بووە لە شەڕی دژی تیرۆریزم و داعش، لەگەڵ ئێمەش ئەو هاوکارییانەیان بەردەوام بووە.

ناویراو زیادی کرد ئەم سەردانە بۆ سوپاس کردن بووە، هەروەها بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانەیە کە لەنێوانماندا بووە و بەردەوامیش دەبین و پەیوەندییە بازرگانییەکانیشمان بەهێزتر دەکەین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News ID 157735

Your Comment

You are replying to: .
captcha