بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی یەکشەممە ۱ی ئاداری ۲۰۲۰ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە مەسروور بارزانی سەردانی ئوردن دەکات و لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم شای ئۆردن کۆ دەبێتەوە و لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن دەکرێت.
شاندی یاوەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.
شایانی باسە؛ لە چەند ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن هەمیشە لە لووتکەدا بووە. مەسعوود بارزانی لەو کاتەی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی هەبوو و دوای ئەوەی کە لە پۆستەکەشدا نەما لەسەر بانگهێشتی فەرمی شای ئوردن سەردانی ئەو وڵاتەی کرد. هەروەها نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2018 لە داڤۆس لەگەڵ شای ئوردن کۆ بووەوە.
لە ساڵی 2015 کاتێک مەسعوود بارزانی سەردانی ئوردنی کرد، مەسروور بارزانی وەک ڕاوێژکاریی ئەنجومەنی ئاسایش لەگەڵ شاندەکەی بارزانی بوو.
کۆدی هەواڵنێر: 60103
Your Comment