دوا بڕیار له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتیی ئیسلامییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌درێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- له ‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كانی هه‌رێم دوا بڕیار له‌سه‌ر پێكهێنانی هاوپه‌یمانی بۆ به‌شداری كردن له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌ده‌ن و به‌رپرسێكی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیش بژارده‌كانی به‌رده‌م لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت: باشترین بژارده هاوپه‌یمانێتیی نێوان سێ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كه‌یه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌بدوڵڵا وه‌رتی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ڕای‌گه‌یاند: سێ بژارده‌ له‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتی پێكبهێنن بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان؛ بژارده‌ی یه‌كه‌م دروست كردنی هاوپه‌یمانێتیی شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ (گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، هاوپه‌یمانی، بزوتنه‌وه‌و شیوعی)یه‌ و بژارده‌ی دووهه‌‌میش هاوپه‌یمانیی نێوان (بزووتنه‌وه‌، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامی)یه ‌و بژاره‌ی سێیه‌میش دروست كردنی هاوپه‌یمانێتییه‌ له ‌نێوان ئێمه ‌و یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ ژماره‌یێک كه‌سایه‌تی و ڕێكخراوی ئیسلامی.

به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له ‌دوو ڕۆژی داهاتوودا هاوپه‌یمانێتی بۆ هه‌ڵبژاردن یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌شڵێت: "به ‌ده‌ست پێكردنی گفتوگۆكان به‌هێزترین بژارده‌ دیاری ده‌كه‌ین به‌ڵام هاوپه‌یمانێتیی هه‌ر سێ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كه‌ به ‌باشترین بژارده‌ ده‌زانین."

عه‌بدوڵڵا وه‌رتی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش بۆ هاوپه‌یمانێتیی سێ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كه‌ وتی: "گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌ كراوه ‌و نه‌رمییان نواندوووه‌ و بڕیاریشه‌ تاوتوێی بكه‌ن و پێكه‌وه‌ گفتوگۆی زیاتری له‌وباره‌وه‌ بكه‌ین."

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15772

Your Comment

You are replying to: .
captcha