گۆڕان داوا‌ی‌ پارتی بۆ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌ و یه‌کێتی ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان قسه‌ی‌ كۆتایی له‌باره‌ی‌ په‌یامه‌كه‌ی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌كات سه‌باره‌ت به ‌یه‌كخستنی‌ نێو ماڵی‌ كورد و گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌ یه‌كده‌نگی بۆ به‌غدا و به‌رپرسێكی‌ گۆڕانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "دوای‌ یه‌كلا كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامی كۆتاییی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بڕیاری كۆتایی سه‌باره‌ت به‌ داواكه‌ی‌ پارتی‌ و دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ده‌درێت نه‌ک ئێستا."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نزار مه‌حموود ئه‌ندامی جڤاتی‌ نیشتیمانیی گۆڕان ده‌ڵێت: "تا ئێستا پارتی‌ به ‌ڕه‌سمی داوای‌ یه‌كڕیزی‌ له‌ ئێمه‌ نه‌كردوووه‌ به‌ڵام ناكرێت دوای‌ ئه‌و هه‌موو پێشێلكارییه‌ی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كراوه‌ ئێستا باس له ‌یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگیی‌ كورد له ‌به‌غدا بكرێت."

ناوبراو وتیشی‌: "ناكرێت هه‌ركات پارتی‌ پڕۆژه‌ی هه‌بێت ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌كه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگ بین و پشتیوانی‌ لێبكه‌ین، له ‌كاتێكدا نێو ماڵی‌ كورد له ‌ناوخۆشدا یه‌كخراو نه‌بێت، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانرێت ئێمه‌ش وه‌ک گۆڕان پڕۆژه‌ی تایبه‌ت به ‌خۆمان سه‌باره‌ت به ‌كورد و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا هه‌یه‌."

به ‌وته‌ی‌ به‌رپرسه‌كه‌ی‌ گۆڕان ئه‌وان چاوه‌ڕوانی‌ بڕیاری كۆتایی ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ ده‌رئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردن و شێوازی مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌كان "دوای‌ ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر بڕیاری به‌شداری كردن له ‌پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ له‌ به‌غدا بده‌ین، هه‌ر ئه‌وكاتیش بڕیار ده‌ده‌ین كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتی‌ كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ین یاخود نا."

نزار مه‌حموود ئه‌وه‌شی‌ وت: "دوای‌ ئه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن یه‌كلا كرایه‌وه‌ به ‌تایبه‌ت كه‌ میكانیزمی‌ ئه‌نجامه‌كان چۆن ئه‌ژمار ده‌كرێت ئه‌وكات وه‌ڵامی پڕۆژه‌ی پارتی‌ و هه‌ر لایه‌نێكی‌ دیكه‌ش ده‌ده‌ینه‌وه‌ به‌ڵام له ‌ئێستادا هیچ بڕیارێک ناده‌ین."

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15771

Your Comment

You are replying to: .
captcha