کوردپرێس:
ڕۆژی پێنجشەمە 27ی شوباتی 2020 سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق لیستێکی نوێ لە ناوی وەزیرەکانی بۆ پەرلەمان ناردووە و پۆستێکی وەزاریی بۆ کورد کەم کردووەتەوە و دەستکاریی هەندێک وەزارەتی کردووە.
لیستە نوێکە بەمشێوەیە:
ناوی وەزیرەکان و پۆستەکانیان
- حوسێن ئەحمەد چەلەبی، وەزیری نەوت
- نەزیر ئەنساری، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو
- یوسف مەشهەدانی، وەزیری پیشەسازی
- مازن موحسین حەکیم، وەزیری پەروەردە
- موزاحم ئەلخەیات، وەزیری خوێندنی باڵا
- ریاز خەزرەجی، وەزارەتی نیشتەجێکردن
- جاسب عەبدولزەهرا، وەزیری کارەبا
- زەینەب عەبدولساحیب، وەزیری گەیاندن
- مەزهەر محەممەد ساڵح محەممەد ئەمین عەلوانی، وەزیری پلاندانان
- شاکر عەبدولئەمیر، وەزیری کشتوکاڵ
- ئەحمەد وەلید دووری، وەزیری وەرزش و لاوان
- موزەڕ زەکی خەیروڵڵا، وەزیری تەندروستی
- واسق سالم هاشمی، وەزیری رۆشنبیری
- باسم جەمیل ئەنتوان، وەزیری کۆچ و کۆچبەران
- حەسەن سلێمان بەیاتی، وەزیری کار
- ئەحمەد مەکی راجی، وەزیری گواستنەوە
بەپێی لیستە نوێکە بەربژێری وەزیری ناوخۆ و بەرگری یەکلایی نەبوونەتەوە. هەروەها ئەو وەزارەتانەی پشکی کوردن یەکلایی نەبوونەتەوە کە وەزارەتەکانی دارایی، بازرگانی و داد ن.
لە لیستەکەدا وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروبارەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لابراوە کە لە لیستەکەی دوێنێ ئەو پۆستە هەبوو کە بڕیاربوو بدرێتە کورد.
رێبوار هادی، پەرلەمانتاری کورد لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەو لیستەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، لیستە نوێکە گەیشتووەتە پەرلەمانتاران.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، محەممەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت گەیشتە پەرلەمانی عێراق و لەلایەن حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی محەممەد حەلبووسی پێشوازی لێکرد. کە بڕیارە لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دەنگ لەسەر کابینەکەی بدرێت.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان کۆتاییهاتووە، و پێشنیازی کردووە کۆبوونەوەکە دوابخرێت.
د. جوان ئیحسان، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، چاوەڕوانی بڕیاری سەرکردایەتیی حیزبەکانی خۆمانین کە پێمان بڵێن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکەین.
Your Comment