فارس عیسا: شاندی دانووستانکاری هەرێم دوا پەیامی سەرکردایەتیی کورد دەگەیێنێتەوە بەغدا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ شاندی دانوستانكاری کورد دەگەڕێتەوە به‌غدا و له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی کۆ ده‌بێته‌وه‌ و دوایین په‌یامی سه‌ركردایه‌تیی کورد دەگه‌یه‌نێته‌ سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت.

کوردپرێس:

فارس عیسا نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا به‌ خه‌ندانی ڕاگه‌یاند: ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 25ی ئاداری 2020 شاندێکی باڵای دانووستانکاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و دوایین په‌یامی هه‌رێمی كوردستان ده‌داته‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، سه‌رۆک وه‌زیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت.

فارس عیسا لەبارەی دیدارەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا وتی: "شاندە باڵاكه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی و ژماره‌یێک له‌ سه‌ركرده‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراق کۆ دەبێتەوە".

شایانی باسه‌؛ 23ی ئه‌م مانگه‌ شاندێکی دانووستانكاری هه‌رێم دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و ورده‌كاریی گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق له ‌كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و هه‌رێم و سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خسته‌ڕوو و دوای تاوتوێ كردنی گفتوگۆكانیشیان دوا په‌یامیان پێدراوه‌ كه‌ بیگه‌یه‌ننه‌وه‌ به ‌به‌رپرسانی به‌غدا.

لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی دوێنێ سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و نوێنەری لایەنەکان و شاندی دانووستانکاردا باس لەوە کراوە: "كار بۆ پێكهێنانی حكومەتێک دەكەین كە توانای چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستای عێراقی هەبێت، كاری جددی بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات و جێگەی بڕوا و متمانەی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی عێراق بێت".

هه‌روه‌ها سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و لایەنە سیاسەکان دەشڵێن: "ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا لەلایەن عەلاوییەوە نراون بۆ زۆرێک لەلایەن و پێكهاتەكانی گەلی عێراق جێگەی دڵنیایی و متمانە نین، بۆیە داوا دەكەین كە پێویستە پێداچونەوە بە شێوازی كار و بەرنامەكەیدا بكرێتەوە بە جۆرێک كە حكوومەتی ئایندە داخوازیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بهێنێتەدی".

ئەوەش خراوەتەڕوو که‌ داكۆكی و پێداگری لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و دەستەبەركردنی سەرجەم مافە دەستوورییەكانی هەرێم و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەكەنەوە‌ و پێكهاتەكانی كوردستان و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان تەنها لایەنی شەرعیی بڕیاردەرن لە دەستنیشان كردنی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینەی نیشتمانی و هاوسەنگی و سازان.


کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 157648

Your Comment

You are replying to: .
captcha