ھەدەپە کۆنگرەی چوارەمی خۆی دەبەستێ/پەروین بوڵدان ڕەخنە لە ئاکەپە دەگرێت

بەشی تورکیا- ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیێک لە سەرکردە و ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە ئەنقەرە کۆنگرەی چوارەمی خۆی دەبەستێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیژنەی باڵای کۆنگرەی ھەدەپە ئاشکرای کرد، ھەر یەک لە پەروین بوڵدان و مەتحەت سانجار کاندین بۆ ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە.

لە وتارێکدا کە بەبۆنەی دەستپێکردنی کۆنگرەی چوارەمی پارتەکەی پێشکەشی کرد پەروین بوڵدان، رەخنەی لە ئاکەپە و حکوومەتی تورکیا گرت و گوتی: "رێز لەو کەسانە دەگرم کە لە زیندانەکانی تورکیا گیان لەدەست دەدەن، دەبوایە لەسەر ئەم خاکە بە ئاشتی بژین، بەڵام بەداخەوە بە ھەموو حکوومەتی تورکیا لە ھەموو لایەکەوە ھێرش دەکاتە سەر خاک و خەڵکی ئێمە. ئەوان گوتیان کورد ناتوانن حکومی خۆیان بکەن، بەڵام کورد تا دێ بەرەو پێشەوە دەچن".

گوتیشی: "ئەگەر گەلانی تورکیا یەکبن، ھیچ کات ئاکەپە و مەھەپە ناگەن بە ئامانجی خۆیان، دەبێ ئەوان باش بن ئێمە لە شوێنی دیکە نەھاتووینەتە سەر ئەو خاکە، بەڵکوو ئێرە خاکی خۆمانە و لێرە ھاتووینەتە دونیا و لێرەش دەمێنینەوە".

پەروین بوڵدان، راشیگەیاند: "تاکە رێگەی کورد ئەوەیە لەبەرامبەر ھەموو زوڵم و ستەم دا یەکگرتووبن و خۆیان بپارێزن، وەک جگەرخوێن گوتیەیەتی :ببن یەک ئەگەر نەبن یەک بڕۆن یەک بەیەک".

بەگوتەی بەرپرسانی ھەدەپە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکە بە بەشداری 30 ھەزار کادیر و ئەندامانی بەڕێوەدەچێت. ھاوکات 5 ھەزار ئەندامیان لە زیندانەکانی تورکیادایە. لەناویاندا ھەردوو ھاوسەرۆکی پێشووتر سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یوکسه‌کداخ ھەن کە لە‌ 4/11/2016، لەگەڵ 11 پەرلەمانتاری ئەوکاتی حزبەکەیان خرانە زیندانەوە.

ھەدەپە لە 11/2/2018 کۆنگرەی سێیەمی بەبێ سەڵاحەدین دەمیرتاش ئەنجام دا، کە لە کۆنگرەکەدا ھەر یەک لە پەروین بوڵدان و سیزایی تەمەلی، لە شوێنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداخ وەک ھاوسەرۆکی ھەدەپە ھەڵبژێردران.

ھەدەپە لە 15 تشرینی یەکەمی 2012 لە ئەنقەرە دامەزراوە، تا ئێستا سێ کۆنگرەی یاسایی حزبەکە بەڕێوەچووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157625

Your Comment

You are replying to: .
captcha