بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش ئەوەی کە بەشێوەی فەرمی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لە ئێران ڕاگەیێندرا، عێراق بەشێوەی ڕەسمی ڕایگەیاند هیچ موسافیرێک لە ئێران وەرناگرێت و ڤیزەیش بۆ هاووڵاتییانی ئێرانی دەرناکرێت.
نازم عومەر دەباغ نوێنەری هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەباەری بەردەوام بوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی موسافیر لە دەروازە فەرمییەکانەوە وتی: بەپێی زانیارییەکانی من دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لە دیاری کردنی ئەو ڕێنمایانەن بۆ ئەوەی کە پڕۆسەی بازرگانی بەردەوام بێت لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیێندراوە کە هەموو دەروازەکان داخراوە بەڵام دیسان خەریکی ڕێکاری تازەن بۆ ئەوەی کە بەشێک لەو کەسانەی کە پێویستە هاتوچۆ بکەن، ئەنجامی بدەن و لە هەمان کاتیشدا ئەوانەی کە شکی نەخۆشیەکەیان لێدەکرێت تا ئێستا بڕیاری قەرەنتینە کردنیان دراوە لە کۆتاییدا دەبێت چاوەڕێ بکەین کە دوابڕیار چی دەبێت.
شایانی باسە عێراق شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگری کردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کرۆنا سنوورە زەوینییەکانی لەگەڵ ئێران داخست و ئیدارەی دەروازەی سنوورییەکانی عێراق لەمبارەوە وتی تا سێ ڕۆژ سنوورە زەوینییەکانی وڵاتەکەیان بەڕووی موسافیرە ئێرانییەکاندا داخست.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، هاووڵاتییانی عێراقی کە لە ئێراندان ئەم یاسایە نایانگرێتەوە و هاوردەکردنی بەرهەمە جیاوازەکان لە ئێرانەوە بەردەوام دەبێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment