بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان دیمانەیێکی تێروتەسەلی لەگەڵ عوزوان ئەحمەر سەرنووسەری بەشی عەرەبیی ڕۆژنامەی ئیندیپێندینتی بەریتانی ئەنجام داوە کە گرینگترین وتەکانی لە تەوەرە جیاجیاکاندا بەم شێوەیە:
گشتپرسی و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2017ی زایینی و خولیای کورد بۆ سەربەخۆیی دەڵێت: کتێبێک هەیە، وڵیەم ئیگڵتن، دیپلۆماتکاری ئەمریکی بەناونیشانی کۆماری مهاباد نووسیویەتی کە لە راستیدا وا نەبوو، بەڵکوو کۆماری کوردستان بوو، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی سەپاندی بەسەریدا کە ناوەکەی بۆ کۆماری مهاباد بگۆڕێت. سەربەخۆیی هاوشێوەی هەر دەوڵەتێكی دیکە، مافێكی سرووشتییە بۆ نەتەوەی کورد، من هەندێجار بەلامەوە سەیرە کە ئەو مافە بۆ کورد نکۆڵی لێدەکرێت، لەکاتێکدا ئەوە مافێكی سرووشتییە و هەموو کوردێک ئومێدوارە ئەو رۆژە ببینێت".
بارزانی گشتپرسیەکەی هەرێم بە سەرکەوتنێکی زۆر گەورە دادەنێت و دەڵێت "گشتپرسی روویدا و 93%ی گەلی کورد دەنگیان بە بەڵێ دا، ئەوەش سەرکەوتنە گەورەکە بوو. ئەوە راستییە و بۆ من جێی سەرسووڕمان بوو. من چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد لەسەر گشتپرسییەکە رێژەیێکی هێندە گەورەی کورد دەنگ بە بەڵێ بدات. بەردی بناخەی دانرا و هەلومەرج قۆناخی داهاتوو دیاری دەکەن، یان ئەم نەوەیە یان نەوەکانی داهاتوو، بەڵام گشتپرسی دووبارە ناکەینەوە".
پرسیارم لێکرد، ئەی سەبارەت بە سەربەخۆیی چی؟ گوتی: "ئامانج لە گشتپرسییەکە راستەوخۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی نەبوو، بەڵکوو ئامانج ئەوە بوو دەرفەتێک بدرێتە گەلی کوردستان تەنانەت بۆ یەکجاریش بێت لە مێژوودا، گوزارشت لە بیروبۆچوونی خۆی بکات، چوونکە نییەتی ژمارەیێکی زۆری گەلی کورد و هەڵوێستی زۆرینەی زۆری دەخستەژێر پرسیارەوە. بێگومان گشتپرسی هەنگاوی بنچینەیی و بەردی بناغەیە بۆ سەربەخۆیی".
لە گفتوگۆکەیدا، بارزانی بەشێوەیێکی روون ئەوەشی خستەڕوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەتەوەی کوردی بەشێوەیێکی باوەڕپێنەکراو بێهیوا کرد، ئەو کاتەی کە پێش گشتپرسییەکە گوتی هەڵوێستی بێلایەن هەڵدەبژێرم، بەڵام دواتر کاتێک کە گشتپرسی نزیک کەوتەوە و بووە راستی، بەئاشکرایی لایەنگری دەسەڵاتی فیدراڵی لە بەغدا کرد.
بارزانی وردتر لەسەر ئەو پرسە قسەی کرد و گوتی: "بەو پەڕی ئەمانەت و راستگۆییەوە وەڵام دەدەمەوە، ئەمریکییەکان هەرگیز بەڵێنیان پێنەداوین پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان بکەن، سەرەتاش کە بابەتی گشتپرسییەکەمان خستەڕوو لە دژی نەوەستان و گوتیان ئێمە هەڵوێستی بێلایەن دەگرینەبەر. بەڵام کاتێک کە گشتپرسییەکە روویدا و ئەوان بە کردار لایەنگری دەوڵەتیان کرد لە بەغدا و بە پێچەوانەی پێشبینییەکانمان، هەڵوێستی ئەوان بێلایەن نەبوو. هەرگیز چاوەڕێی ئەو هەڵوێستەمان لە ئەمریکا نەدەکرد. بەڵێنەکەیان نەبردەسەر لەوەی کە بێلایەن بن، ئەوە سەرباری ئەوەی کە ئێمە گشتپرسییەکەمان بۆیان شرۆڤەکرد و پێمان گوتن، گشتپرسی بریتی نییە لە دەستبەجێ راگەیاندنی سەربەخۆیی، بەڵکوو ئێمە لەڕێگەیەوە دەچینە نێو دانوستاندنەکان لەگەڵ بەغدا بە چاودێری ئێوە و نەتەوەیەکگرتووەکانیش، کاتی پێویستی پێدەدەین، بەڵام لەڕاستیدا بەغدا و ئەوانی دیکە دەرفەتەکەیان قۆستەوە و ویستیان بانگەوازی هەڵسانەوەی گشتی رابگەیەنن، بەڵام سوپاس بۆ خودا شکستیان هێنا".
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو لە ئاست گشتپرسییەکە بارزانی دەڵێت: "من لە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەب بە گشتی و وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سوپاسگوزارم، هەڵوێستی ئەوان زۆر لە هەڵوێستی ئەو وڵاتانەی کە پیشبینیمان دەکرد ئەرێنی و بێلایەن بن، شەریفانەتربوو. هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو، مرۆیی، لۆژیک و باڵانس بوو".
پێشنیازمان بۆ بەغدا
پرسیاری هۆکاری بوونی تەناهی و ئاسایشم لە هەرێمی کوردستان لە بارزانی کرد و گوتی: "ئێمە پێشنیازمان بۆ بەغدا کرد نموونەی هەرێم لە بەردەستیدا دابنێین تاوەکو لە شوێنەکانی دیکەی عێراق سوودی لێببینێت. گرنگترین بابەت کە لەو بارەیەوە کردمان و هۆکاری یاریدەدەری دەستەبەرکردنی ئەو هەموو دەستکەوتانە بوو، ئاشتبوونەوەی نێوخۆیی لەنێو کوردستان بوو. ئەگەر ئەوە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق جێبەجێ بکرابایە، هەموو عێراق وەک کوردستانی لێدەهات، بەڵام بەغدا رەتی کردەوە گوێمان بۆ بگرێت. تەحەدای گەورە کە رووبەڕووی هەرێم بووەتەوە، پێش گشتپرسی و دوای گشتپرسی و تاوەکو ئەمڕۆش، تیرۆرە. تەحەدای دیکەش هەن وەک پشێویی ناوچەی عەرەب و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناهاوسەنگیی هێزەکان و دەستتێوەردانە بەردەوامەکان و رەوشی ئابووری. هەموو ئەوانە تەحەدای گەورەن، بەڵام رێگەمان لێناگرن".
لە ئەزموونی هەرێمەکەیەوە کە دەیەوێت بەغدا سوودی لێوەربگرێت، لەبارەی تیرۆرەوە پرسیارم لێکرد، بەڵام بارزانی بە متمانە و هێورییەوە قسەی دەکرد و گوتی، "سوپاس بۆ خودا گەلی کوردستان بەشێوەکی فراوان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە هاریکاریی کردووە و تیرۆر تەنانەت لە دامەزراندنی یەک بنکە یان شانەیێکی تیرۆریستی لە هەرێمی کوردستاندا شکستی هێنا. هەموو هەوڵەکان لەو بارەیەوە بریتی بوون لە دزەکردن و لە ساڵی 2014ەوە و لەدوای هاتنەناوەوەی داعش بۆ نێو عێراق، شەڕێکی ئاشکرا و راگەیێنراو بوو لە بەرەیەکی شەڕدا کە درێژییەکەی هەزار و 50 کیلۆمەتر بوو".
جارێکی دیکە پرسیارم لێ کرد، بۆچی داعش لە دزەکردن بۆ نێو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کورد شکستیان هێنا؟ بارزانی گوتی، "بەرخۆدانی قارەمانانە کە هێزەکانی پێشمەرگە پیشانیاندا، رێگرییان لە داعش کرد لە روودانی ئەو بابەتە. ئێمە بۆشمان سەلمێنرا کە ئەگەر تۆ خاوەن هێز نەبیت، هیچ کەس بەرگریت لێناکات، بەڵکو دەبێت خۆت بەرگری لە خۆت بکەیت. ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە، ئێستا رەوشەکە جۆرێکی دیکە بوو".
هەرێم و شەڕی دژ بە داعش و مەتەڵی هێرشەکە
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە یەکێک لە مەتەڵەکان دەمێنێتەوە کە لێتێگەیشتنیان ئەستەمە. هێرشکردنی بۆ سەر هەندێک ناوچە و نەکردنی بۆ سەر هەندێک ناوچەی دیکە هەستێکی گشتی و خێرات پێدەبەخشێت کە وڵاتانێک هەن دەیجووڵێننەوە و سوودی لێدەبینن.
لەبەر ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان سەدان کەس لە ئەندامانی ئەو رێکخراوەیان بە دیل گرت و کوشت. لەسەر ئەو بنەمایە من پرسیارم لە بارزانی کرد، ئایا ئەوان لەو مەتەڵەی داعش تێگەیشتوون؟ ئەو گوتی، "لە هەندێک ناوچە تەرمەکان بەجێدەهێڵران و بە رووخساری ئەو مردووانەدا دیار بوو کە ئەوان لە چەند شوێنێکی جیاوازی جیهاندا هاتبن، لەوپەڕی رۆژهەڵاتەوە تاوەکو ئەوپەڕی رۆژئاوا و لەوپەڕی باکوورەوە تاوەکو ئەوپەڕی باشوور. ئەوە نهێنییەکە کە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین، بێگومان وڵاتانێک هەن هاوکاریی داعشیان کردووە، بەڵام بەڵگەی پشتڕاستکراومان لەسەر ناسنامەی ئەو وڵاتانە نییە، بەڵام زیاتر لە وڵاتێک ئاسانکاری و هاوکاریی داعش دەکات و کۆنترۆڵیشی دەکات و ئاراستەکردنی بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان بە هەڕەمەکی نەبوو، بەڵکوو بەرنامە بۆداڕێژراو بوو، بە فەرمان و ئاراستەکردنیش بوو".
بەر لەوەی گفتوگۆکەی لەبارەی شەڕی دژ بە داعشەوە تەواو بکات، کەمێک قسەکانمان بۆ جیاوازیی نێوان هەولێر و سلێمانی گواستەوە. بارزانی ئەو جیاوازییە بە رەوشێکی تەندروست و حاڵەتێکی دیموکراسی دەبینێت و دانیش بەوەدا دەنێت کە جیاوازی هەیە، بەڵام یەک روانین لەبارەی بابەتە ستراتیجییەکانەوە هەیە، یەک پەرلەمان و یەک حکوومەتیش هەیە. بارزانی درێژەی بە قسەکانی دەدات، "دابەشبوون هەیە، بەڵام نەک لەسەر بابەتە ستراتیژییەکان. لەوانەیە لەسەر هەژموون و رکابەریی حیزبی و هەندێک بابەتی دیکەی سرووشتی بێت".
من پرسیارم لێکرد، ئایا ئەوە کاریگەریی لەسەر قەڵاچۆکردنی گەندەڵی دەبێت؟ مەسعوود بارزانی، دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە گەندەڵی لە هەرێمدا هاوشێوەی وڵاتانی دیکە بڵاوبووەتەوە، بەڵام بەم دواییانە یاسای چاکسازیی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا دەرکرا، ئەوەش نەخشەرێگەیەکە بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی لە کوردستان. حکومەت دەستی بە جێبەجێ کردن کردووە و تەنانەت بەر لە دەرکردنی یاساکەش هەنگاوی جیددی لەو بوارەدا نابوو. ئێمە لەبارەی ئەو بابەتەوە زۆر گەشبینین".
ئافرەتی کورد لە بەرەکانی جەنگدا
لەبارەی رۆڵی ئافرەت و هێزەکەیەوە مەسعوود بارزانی بەو شێوەیە وەسفی ئافرەت دەکات و دەڵێت: "رۆڵی راستەقینەی ئافرەت لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورددا رۆڵێکی شەرەفمەندانە بووە، نەک تەنیا ئێستا، بەڵکوو بە درێژایی مێژوو و بە دیاریکراویش لە شۆڕشی ئەیلوولدا کە گەورەترین و درێژترین شۆڕش بوو بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی کە چەخماخەی شۆڕشەکە لە 11ی ئەیلوولی 1961دا سەری هەڵدا و سەرتاسەری هەرێمی گرتەوە. لەو شۆڕشەدا سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بەشداربوون. ئافرەتی کوردیش لەو کاتەدا رۆڵی دایک و باوک و مامۆستای بۆ منداڵەکانی دەبینی. تەنانەت کاری جووتیارییشی دەکرد. منداڵەکانی پەروەردە دەکرد و فێری دەکردن و سەرپەرشتیشی دەکردن، هەم وەکو دایکێک و هەم وەکو باوکێک. لە هەمان کاتیشدا بەشێک لە پێداویستییە خۆراکییەکانی بۆ بەرەکانی شەڕ ئامادەدەکرد. ئەگەر رۆڵی ئافرەت نەبووایە، زۆرێک لە پیاوان نەیاندەتوانی بەردەوامی بە خەباتکاری و جەنگ بدەن. بۆیە ئافرەتی کورد رۆڵێکی شەرەفمەندانەی لە شەڕی دژ بە داعشدا بینی و سەرکەوتن".
کەمێک قسەکانیم پێ بڕی و گوتم، ئافرەت لە کوێ ئەو هێزەی وەرگرتووە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: "ئافرەتی کورد هەستی بەوە کرد کە ئەو پرسە لەبارەی ئێمەوە شەڕی مان و نەمانە، ئەگەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەش بە تایبەتیش پێشمەرگە بەشداریی ئەو بەرگرییە قارەمانانەیان نەکردبووبایە و ئەگەر داعش بیتوانیبا کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات، ئەوا دەکەوتینە بەرامبەر مەترسییەکی جیددی و لەنێوبردنمان".
پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لە ساڵی 2003ەوە
لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ غەسان شربل، سەرنووسەری رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی، بارزانی بە شێوەیەکی راشکاوانە دەڵێت، نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق هاوشێوەی بگرە زیاتریش لە تاوانی ئەنفال کە لەلایەن سەدام حوسێنەوە کرا، بەرامبەر بە منداڵ و ژنانی کوردستان کردی، ئەوەش کاتێک کە بودجە و مووچە و قووتی خەڵکی هەرێمی کورستانی بڕی. بەڵام ئەمجارە بارزانی بەبێ ئەوەی ناوی کەسێک بهێنێت، چەند جارێک سەرسووڕمانی خۆی لەو مامەڵەیەی حکوومەتی بەغدا بەرامبەر بە هەرێم دەربڕی و گوتی: "ئێمە بە شێوەیێکی چالاک رۆڵمان بینی لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێنەوە دروست بووبوو. چووینە بەغدا و بەشداربووین لە نووسینەوەی دەستوور و دووبارە پێکهێنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەڵام بەداخەوە پابەندی دەستوور نەبوون و پەیوەندییەکانیش سست بوون. ئێستا دەتوانم بڵێم لە ماوەی رابردوو زۆر باشترە، بەڵام وەک ئەوە نییە کە ئێمە دەمانەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەمەش تێپەڕێنین".
جارێکی دیکە پرسیاری ئەوەم لێکردەوە کە کێ بەرپرسە لە لەنێوچوونی خەونی دەوڵەتی عێراقی نوێ لەدوای سەدام؟ گوتی، "سەختە کەسێک یان لایەنێکی دیارکراو دەستنیشان بکەیت. هەموو کەسێک بەپێی پێگە و بەرپرسیارێتییەکەی بەرگەی بەرپرسیارێتییەکە دەگرێت، بەڵام بەگشتی تێبینیی ئەوەمان کردووە کە ئاراستەیێک نییە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی. بارودۆخەکە لەبەریەک هەڵوەشاوە و هەمووشیان لێی بەرپرسن".
لە بارەی کەرکووکەوە؟
لەسەر ئەو شارە بارزانی گوتی: " هەمیشە پێمانوابووە کە کەرکووک پێویستە نموونەیەک بێت بۆ پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی. ئێستاش هەمان بۆچوونمان هەیە. بێگومان رێککەوتنێک هەیە لەسەر چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک و تەواوی ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەوەی بە ناوچەی کێشەلەسەر ناودەبرێت. لە نێویاندا کەرکووک، خانەقین، شنگال و ناوچەکانی دیکە. ماددەی 140ـی دەستوور کە ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و راپرسی لەخۆی دەگرێت، دانیشتووانی ئەو ناوچانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن لەبارەی مانەوەیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی یان هەرێم. ئێمەش پابەندی رای دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەبین. ئێستاش ئەمە بە چارەسەری نموونەیی دەبینین. لەبارەی کەرکووکەوە ئێستا شارەکە لەژێر داگیرکاریی سەربازیدایە و حەشدی شەعبی تێیدا حکوم دەکات. کورد لەو شارە سەرکوت دەکرێت. بێگومان ئەمەش ناکرێت بەردەوام بێت و جێگەی قبووڵ کردن نییە و دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت".
هاوکات بارزانی لایەنێکی نێوخۆیی لەنێو کورد بە خیانەتکردن لە رۆڵە و نەتەوەکەی تۆمەتبار دەکات و بە هۆکاریان دەزانێت بۆ هاتنی "حەشدی شەعبی" بۆ نێو کەرکووک و بە "زەلیلی حەشد" وەسفیان دەکات.
لە قسەکانیدا بێزارییێکی زۆر بە مەسعوود بارزانییەوە دیاربوو لەسەر هەڵوێستی ئەمریکا و سەرسووڕمانی خۆیشی لەبەرامبەر بێدەنگیی واشنتن پیشاندا کە ئەو چەک و تانکە ئەبرامزانەی بە سوپای عێراقیان داوە بۆ ئەوەی شەڕی داعشی پێبکەن، یەکێک بوون لەو ئامرازانەی کە هێرشیان پێکرایە سەر کورد لە کەرکووک و گوتی: "بە راشکاوانە، حەشد چەکی ئەمریکی و تانکی ئەبرامزی بەکارهێنا. ئێرانیش رۆڵی هەبوو لە سەرکردایەتی کردنی ئەو هێرشە بۆ سەر کەرکووک".
لە کەرکووکەوە بۆ یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە رێگە بە خۆکاندیدکردنی کەسەکان دەدات لەسەر بنەمای بازنەی شارۆچکەکان، بارزانی وایدەبینێت کە یاسا کۆنەکە زۆر باشترە و بە دووریشی نازانێت بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەن و پێشیوایە ئەمە شتێکە رێی تێدەچێت.
دەچینەوە بەغدا و پرسیار لەبارەی رووداوەکانی ئێستا لە مەسعوود بارزانی دەکەم، چارەسەری ئەو دۆخەی ئێستا هەیە چۆن دەبینێت؟ لە وەڵامدا گوتی، "کاری هەرە لە پێشینەی هەر حکوومەتێک ئەوەیە ئاسایش و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییەکانی دەستەبەر بکات. ئەو ناوچانەی عێراق کە ئێستا خەڵکەکەی راپەڕیون، ماوەیەکی دوور و درێژە ئەو مەرجانەی بۆ دەستبەر نەکراوە. هەر هاووڵاتییەک لە ماڵەکەی دەربچێت، رەنگە نەگەڕێتەوە. دەڕفێنرێت و دەکوژرێت و کەسیش نازانێت تەرمەکەی لەکوێ فڕێدەدرێت. بێگومان ئەو حاڵەتەش نابێت بەردەوام بێت. خۆپێشاندان مافێکە بۆ داواکردنی مافەکانیان، بۆ نان و خزمەتگوزاری. ئێمە پشتیوانی لە داواکانیان دەکەین لەگەڵ ئەوەشدا تێبینییەکمان هەیە، ئەویش ناکرێت رێگە بدرێت کەسانی هەلپەرست و ئەوانەی بەرپرسن لە گەندەڵی سواری شەپۆڵەکە ببن".
پرسیارم لێکرد، پێتانوایە کەسانێک هەبن لە هەلپەرستەکان سواری شەپۆلەکە بووبن؟ لە وەڵامدا گوتی، "پێموایە خەڵکی راپەڕیو زۆر هۆشیارن و رێگە بەمە نادەن، بەڵام هەندێکیش هەن سواری شەپۆلەکە بوونە".
هەلی سەرکەوتنی محەممەد تۆفیق عەلاوی
بارزانی بەتێبینیەوە دەڵێت، محەممەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کەسێکی بەڕێزە و لە خانەوادەیەکی بەڕێز و ناسراوی بەغدان. بەڵام ئەرکەکەی زۆر بەسەخت لەسەری ناو دەبات و دەڵێت، نە ئەو نە کەسێکی دیکە دەتوانێت لە ژێرباری بوونی گرووپە چەکدارەکان و دەرچوو لە یاسا و رێکنەخراو و ئەوانەی لەژێر فەرمانی دەوڵەتدا نین سەرکەوتووبن. پاشان لێمپرسی، ئایا ئێوە لەگەڵیدان یان لە دژین؟ گوتی، "پرسەکە لەسەر رۆڵ و ئەدا و تێگەیشتنی ئەو لەبەرامبەر رەوشی هەرێم دەوەستێت. ناتوانین ئێستا ئەوە بزانین. ئێمە رێزی دەگرین، هەروەها شاندێکیشمان لە بەغدایە و لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ گفتوگۆی لەگەڵ دەکەن، ئەوە لەسەر هەڵوێستی ئەو دەوەستێت".
لەدوای ئەو گوتەیە، لەبارەی دەنگدانی ئەم دواییەی تایبەت بە دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق لەدوای تیرۆری قاسم سولەیمانی پرسیارم لێکرد، بارزانی گوتی: "ئەمریکا وڵاتێکی گەورە و مەزنە و بەبێ ئەو هەندێک بابەت هەن کە ناکرێن، چ هەندێک کەس رازی بێت یاخود نا. لە ساڵی 2011دا من دژ بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بووم لە عێراق و پێشبینییەکانم بەوەی کە تیرۆر کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری وڵات دەکات، بوونە راستی. ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بمانایە، داعش نەیدەتوانی ئەو هەموو سەرکەوتنانە بەسەر سوپای عێراقدا تۆماربکات و هەڕەشە لە ناوجەرگەی هەرێمی کوردستانیش بکات. ئێستاش لەدوای ئەو ململانێیەی نێوان ئەمریکا و ئێران کە داوای چوونە دەرەوەی هێزە ئەمریکییەکان دەکات، ئەو داواکارییانە لەسەر بنەمای سۆز و موزایەدە دەکرێن. بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان و بە فەرماندەیی ئەمریکا پێویستە بۆ ئاسایشی عێراق و ئایندەی.
ئێستاش هەروەها ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بچنە دەرەوە، هەموو هێزەکانی هاوپەیمانان دەچنە دەرەوە و هیچ وڵاتێکیش نامێنێت و لەدوای شەش مانگ داعش بەشێوەیەکی بەهێزتر لە جاران دەگەڕێتەوە. بۆیە نابێت بەبێ بەرپرسیارانە بڕوانینە چارەنووسی گەل و وڵات بە مەبەستی موزایەدەکردن. بۆیە ئێمە دژ بە دەنگدانەکە وەستاین. دەنگمان نەدا. بوونی هێزە ئەمریکییەکان لەم کاتەدا پێویستە".
وێڕای باوەڕی بارزانی بە پێویستیی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بە راشکاوانە سەرسووڕمانی خۆی نەشاردەوە لە هەڵسوکەوتی دژبەیەکی واشنتن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و گوتی: "هیوادارام لەوە تێبگەم ئەمریکا لە سووریا چی لە کورد دەوێت. ئەگەر پابەندبوونێک بە بەرگری کردن لێیان هەبێت، ئەوە باشە، بەڵام ئەوەی کە بینیمان شتێکی هەڵگەڕاوە بوو و گومانیش لەبارەیەوە هەبوو. تاڕادەیەکی زۆریش متمانەی کوردی سووریای بە ئەمریکای لەناو برد. ئێستا ئەوان سەرلەنوێ هەوڵی بنیاتنانەوەی متمانە دەدەن و ئەوەش کاتی دەوێت".
پێوەندیی عێراق و ئێران
بارزانی دەڵێت لەدوای رووخانی رژێمی سەدام لە 2003، دەرفەتێکی زیڕین بۆ عێراق هەبوو کە تێیدا عێراقییەکان دەوڵەتی دامەزراوەیی بنیاتبنێن لەسەر بنەمای یەکگرتنی ئازادانە و فیدراڵییەت و هەموومان بۆ ئەو مەبەستە کارمان کرد. بەڵام هەڵە گەورەکە لەوەدا بوو ئەمریکییەکان رۆڵی خۆیان لە رزگارکەرەوە بۆ داگیرکار گۆڕی، ئەوەش پێچەوانەی ئەوە بوو کە لە کۆنگرەی لەندەن لە مانگی کانوونی یەکەمی 2002دا لەسەری رێککەوتبووین".
لەدوای چوونەدەرەوەی ئەمریکییەکان لە 2011، بۆشاییەکی گەورەیان جێهێشت کە ئێران پڕی کردەوە و بە حوکمی مەزهەب و پێکەوەگرێدانی مێژوویی، ئێران هەژموونێکی گەورەی لە عێراق دروست کرد. دەکرێت عێراق پەیوەندیی سرووشتیی لەگەڵ ئێران و دراوسێکانی دیکەشی هەبێت، بەڵام دەبێت عێراقییەکان باڵادەستیی هەر دەوڵەتێک رەت بکەنەوە".
بارزانی دەیشڵێت لەدوای هاتنە ناوەوەی داعش بەو هێزە و هەڕەشەکردنی لە نزیکەی هەموو عێراق و لە ئەنجامی فەتوای مەرجەعییەتەوە، ژمارەیەک لە گەنجانی شیعە و ئەوانەی دیکە، ناوی خۆیان بە خۆبەخشانە لەنێو حەشدی شەعبی تۆمارکرد و بەشێکی زۆریان کوژران و بەرخۆدانیان کرد و قارەمانێتییان لە بەرخۆدان پیشاندا.
لەدوای شکستی داعش و لاوازبوونی هێزێکی یەکگرتوو، رێکخراو و گرێدراو بە فەرماندارێتییەکی دیاریکراو نەبوو. هەندێک ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە و کۆمەڵانی چەکداریان دروست کرد. هەندێک لە هێزەکان لەنێو حەشددا هەن کە رێزیان لێدەگرین چونکە لە شەڕیاندا دژ بە داعش قوربانییان داوە و شەهیدیان پێشکەش کردووە.
کاڵبوونەوەی هێزە سووننەکان لەنێوان هێزە عێراقییەکاندا
پرسیارم لە مەسعوود بارزانی کرد لەسەر دەنگۆی ئەوەی کە سووننەکان خۆیان ئامادەدەکەن بۆ داواکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ لەنێویشیاندا لە ئەنبار، وەڵامیدایەوە و گوتی: "سووننەکان هەڵەی گەورەیان کرد. خۆیان لە پرۆسەی سیاسیی دوای رژێم کشاندەوە و ئەمەش هەڵەیەکی گەورە بوو. سێ جار بانگهێشتم کردن بۆ هەولێر و هەوڵمدا بۆیان شیبکەمەوە کە بارودۆخەکە گۆڕاوە و جیهان و ناوچەکە و عێراقیش گۆڕاون و دەبێت دووبارە بیربکەنەوە، بەڵام هێشتا لەژێر کاریگەریی کلتوری کۆندا بوون. دوای دانانی دەستوور، هەموو لایەنێک بە فیدراڵیەت رازیبوون لەسەر بنەمای دابەشکردنی یەکسانیی داهات و دەسەڵات، تەنانەت شیعەکانیش لە سەرەتادا رازیبوون، بەڵام ئەوە سوننەکان بوون کە رەتیانکردەوە، لەدوای ئەوەش هاوکێشەکە گۆڕا. سوننەکان دوو هەڵەیان کرد، یەکەمیان دوورکەوتنەوە لە پرۆسەی سیاسیی دوای کەوتنی رژێمی سەدام و هەڵەی لەوەش گەورەتر، رەتکردنەوەی فیدراڵی بوو لە دوای نووسینی دەستور".
لێم پرسی، پێتوایە ئێستا کات درەنگ بووە بۆ داواکردنی هەرێمی سەربەخۆ لەلایەن ئەوانەوە؟ لە وەڵامدا گوتی، "بێگومان ئەم بابەتە ئاستەنگی هەیە".
داعش و تورکیا
پرسیارم کرد، ئایا مهسعوود بارزانی پهیوهندیی داعش و تورکیای بینیووه، له کاتێکدا سهرکردایهتیی شهڕی دژ بهرێکخراوی تیرۆریستیان دهکرد؟ ئهو گوتی، "له چهند مانگی یهکهمی شهڕکردن له دژی داعش، تێبینیی ئهوهمان دهکرد که کوژراوهکانیان خاوهن رهگهزنامهی جیاوازن. بێگومان زۆربهیان لهڕێگهی سنووری تورکیاوە بهرهو سووریا و دواتر عێراق دههاتن، یاخود لهڕێگهی دهریاوه له وڵاتانی دیکهوه دزهیان دهکرده سووریا. له راستیدا نازانم تا چ رادهیهک تورکیا توانیوویهتی سنوورهکانی خۆی بهشێوهیێکی تهواو تۆکمه بکات و رێگری له دزهکردنی ئهمانه بکات، یان دهکرێ گرووپێک ههبووبن بهبێ ئاگاداریی حکومهت ئاسانکاریی پهڕینهوهیان کردبێت، بهڵام ئهوان لهڕێگهی تورکیاوه دههاتن".
بارزانی له درێژهی وهڵامهکهیدا گوتی "ئهمڕۆ له باکووری سووریا چهکداری حیسابکراو لهسهر تورکیا ههن. سوێند دهخۆم زۆربهیان سوورین، ئهوان به پشتیوانیی سوپای تورکیا کۆمهڵکوژی دژ به کوردهکان دهکهن، ئهمهش روونه، بهتایبهتیش له عهفرین".
پرسیارم کرد، لهمبارهیهوه چیتان کردووه؟ ئهویش گوتی، "رهخنهمان گرت و بههۆی مامهڵهی ئهم گرووپه چهکدارانهوە ههڵوێستمان به تورکیا گهیاند".
بارزانی و سهددام حوسێن
مهسعوود بارزانی دەڵێت یهکهم چاوپێکهوتنم لهگهڵ سەدام، رۆژی 12ی کانوونی دووهمی ساڵی 1970 بوو کاتێک سهرۆکایهتیی شاندی فهرمیی حکوومهتی دهکرد و بۆ بینینی باوکم سهردانی بارهگای شۆڕشی کوردیی کرد. ئهوکات کهسێکی ئاسایی و ههڵچوو و بهخرۆش بوو، بهڵام کاتێک له ساڵی 1991 بینیم، بهشێوهیهکی سهیر بهتهواوهتی گۆڕابوو، ئهو کات پێی گوتم پێزانینم ههیه به هاتنت بۆ بهغدا لهم دۆخهدا و لهیادی ناکهم و پێویسته رێکبکهوین. منیش گوتم رۆڵی تۆم لهبیره له رێککهوتننامهی 11ی ئادار، تۆش دهزانی دواتر چی روویدا و چی بهسهر کهسوکار و هۆز و نهتهوهکهم هات، بهههزارانیان کوژران، هاتمه بهغدا له رێگهی دهریاییهک خوێنەوە. له چاوپێکهوتنی دووهمدا کهسایهتییهکهی خۆبهزلزان و لووتبهرز بوو پێچهوانهی دیداری یهکهم له ساڵی 1970".
پرسیارم لێکرد، "لهبارهی لهسێدارهدانی سهدامەوە راوێژی پێکرا؟" گوتی، "له دژی لهسێدارهدانی نهبووین، بهڵام دیاری کردنی کاتهکه له یهکهم رۆژی جهژنی قورباندا بۆ لهسێدارهدانی راوێژمان پێنهکرا، ههروهها تاوەکوو جێبهجێ کردن و بڵاوکردنهوهی ههواڵهکه له راگهیاندنهکان، ئێمه زانیماریمان نهبوو".
پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل
مەسعوود بارزانی دەڵێت مادام ئێمه به بهشێک ماوینهتهوه له عێراق، ئهگهر ئیسرائیل باڵیۆزخانهی له بهغدا بکاتهوه، کونسوڵگهریش له ههولێر دهکاتهوه و ئێمهش پێشوازیی لێدهکهین، بهڵام به نهبوونی باڵیۆزخانه له بهغدا، ناکرێت پهیوهندی لهگهڵ ئیسرائیل دروست بکهین. پێمانوایه بوونی پهیوهندی لهگهڵیان کارێکی ئاساییه، چونکه بووهته واقیعێک و کهس ناتوانێت ههڵیبداته نێو دهریا.
پێموایه ئێستا زۆربهی وڵاته عهرهبییەکان پهیوهندییان لهگهڵی ههیه و ئهمهش کارێکی ئاساییه و باشتره. لهبارهی رێککهوتنی سهدهوە، بهتێڕوانینی من ههر پرۆژهیێکی ئاشتی له پرۆژهی جهنگ باشتره، جهنگ هیچ کاتێک چارهسهر نییه، سێ جار جهنگ تاقیکرایهوه، له ساڵهکانی 1956 و 1967 و 1973 ئهمه جگه له دهیان جهنگی دیکه روویاندا و هیچ کامیان سوودی نهبوو.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment